ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر زاری نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: “قەبارەی هەناردەكردن لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 672 ملیۆن و 767 هەزار دۆلار و قەبارەی هاوردەش 15 ملیار و 403 ملیۆن دۆلار بووە”.
ڕایشیگەیاند: “لە ساڵی 2022 وەزارەتی ناوبراو پێج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردنی شتومەك و 168 مۆڵەتی هەناردەی بۆ كاڵای جۆراوجۆری كشتوكاڵی و پیشەسازی داوە. یەكێك لەو كاڵایانەی هاوردە كراوە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، هێنانی ئۆتۆمبێلە؛ لە ساڵی ڕابردوودا 105 هەزار و 126 ئۆتۆمبێل هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان كراون.”
ئەو كاڵا سەرەكییانەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 هەناردەی كردوون بریتین لە: كانزا، هەنار، دۆشاوی تەماتە، تەحین، سماق، دۆشاوی جۆراوجۆر، جووجەڵە و یەدەگی ئۆتۆمبێلی تێكشكاو.
جگە لە پرسی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، چاودێریكردنی بازرگانیی ناوخۆ یەكێك بووە لە كارەكانی بەڕیوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی.
ماردین ئەبوبەكر حوسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: “لە میانی چاودێرییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ساڵی 2022دا، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك و تەندروستیی هاووڵاتییان، 448 هەزار كیلۆ كاڵای ماوەبەسەرچوو لەناو براون. هەروەها هەزار و 809 سەرپێچیی بازرگانی هەبوونە، ئەوەش 281 داخستن و سزای دارایی 329 ملیۆن و 322 هەزار دیناری لێ كەوتووەتەوە.”
یەكێك لە ستراتیژییە ئابوورییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردنەوەی ڕێژەی هەناردە و بەرزركردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگیپێدانی بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی بەردەوام دەبێت.