چیرۆکی ٢٠٢٢ و ئومێدی ٢٠٢٣

هاودەنگ فاروق

ڕەنگە مێژوونووسانی داهاتوو ساڵی ٢٠٢٢ وەکوو سەردەمێکی تایبەت لە مێژوودا سەیر بکەن، کە کۆتایی قۆناغێک و سەرەتای قۆناغێکی دیکە بێت. ‎ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، ساڵی ٢٠٢٢ی کۆمەڵێک ڕووداوی جێی ڕامانی تێدا هاتە ئاراوە وەک: بوردومانی دوژمنکارانەی بەردەوامی ئێران و تورکیا، سیاسەتی شەڕفرۆشانەی پەکەکە، لە هەمووی ناخۆشتر، چەند كردەوەیەكی تیرۆری سیاسی و تەسفیەحسابی ناو حزبێكی كوردی، هەموو لایەكی ڕاچڵەكاند، هەروەك لە دواین ڕۆژەكانی ٢٠٢٢، لوتكەی داڕمانی ئەخلاق بینرا، وەختێك لە سلێمانی، بە ڕەوە زەلامێك هەوڵی شكاندنی شكۆی كچێكی گەنجیان دا. حكوومەتی كوردستان توانی مووچەی فەرمانبەران بداو پڕۆژەی خزمەتگوزاریش پێشكەش بكات .. بەستنی یەکێک لە کۆنگرە نەوعییە هەرە گرنگەکانی مێژووی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و گۆڕانكاریی جەوهەری و خۆڕێكخستنەوەی لە فۆرمێكی نوێی سەردەمیانەداو دانانی بەرنامەیەكی ورد بۆ قۆناغی داهاتوو.
‎لە ئاستی جیهانیشدا شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و تەشەنەسەندنی بۆ ئەورووپا، هەڕەشەی هێرشی ئەتۆمی، جیهانی مرۆڤایەتیی ڕووبەڕووی ئالەنگاریی ترسناک کردەوە. پەتای کۆڕۆنا، بە بەرگێکی نوێ سەری هەڵدایەوە، کەشوهەوا هەر لە بارێکی نائاساییدا مایەوە، قەیرانە مرۆییەكان، کۆچی بەکۆمەڵ و تیرۆری نێودەوڵەتی و ململانێی نێودەوڵەتی، سیمای ترسناک و دژواری ئەم ساڵەیە. ‎بەڵام دوازدە مانگی ڕابردوو کۆمەڵێک مژدەی خۆشیشی لەگەڵ خۆیدا هێنا، لە هەمووی گرنگتر ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لە زۆرێک لە وڵاتان کەمی کرد، یان هەر نەما. مۆندیالێکی لە ئاستی بەرز ڕێکخراو و پڕ لە ئەنجامی سەرنجڕاکێش لە قەتەڕ، کاریگەریی سیاسی، بازرگانی و گەشتیاریی خۆی هەبوو و ڕەنگە لە داهاتوودا کرانەوە و بیرکردنەوە لە فۆرمەکانی حکومڕانی و پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکەدا بێنێتە ئاراوە.
‎بەگشتی ٢٠٢٢ ساڵی هەواڵی ناخۆشی زیاتری هێنا، بەشێک لەو چیرۆکە هەواڵانە کاریگەرییان بە سەر ٢٠٢٣دا دەمێنێ و بەردەوام دەبن. ‎ بەهیواین ساڵی ٢٠٢٣، سەرەتای کۆتایی نەهامەتییەکان بێت، حکوومەتی کوردستان پێگەی بەرزتری ناودەوڵەتی و نێوخۆیی هەبێت، بە کار و خزمەت و ئاوەدانیی زیاتر، ساڵی نوێ دەست پێ بکات، گوزەرانی باشتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، پلان و پڕۆژەی جیددی هەبێت بۆ پەروەردەو بنیاتنانی تاكی كورد و پاراستن و پێشخستنی فەرهەنگ و زمانی كوردی. ‎ حزبە کوردییەکانیش ناکۆکیی ناوخۆیی و هەڕەشە دەرەکییەكان بە عەقڵیەتی نوێ بخوێننەوە و خاڵەهاوبەشە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لەسەر مێزی دیالۆگ كۆیان بكاتەوە.

ھەواڵی زیاتر