یەکەم لێدوانی بایدن لەبارەی کۆچبەرانی سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەمین لێدوانیدا لەبارەی رەوشی کۆچبەران لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا دەڵێت، کێشەکە مایەی “نیگەرانیی گەورە”یە و ئەمریکا دڵگرانیی خۆی لەو بارەوە بە بێلاڕووس و رووسیا گەیاندووە. 
هەزاران کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستانن، ماوەی چەند رۆژێکە لە سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس لە دۆخێکی خراپدان؛ پۆڵەندا رازی نییە رێگەیان پێبدات بە نێو خاکەکەیدا بڕۆن بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا.  کۆچبەران لەو سنوورەدا لە رەوشێکی سەختدا دەژین، تاوەکو ئێستا لانیکەم 8 کۆچبەر لەو سنوورە گیانیان لەدەستداوە.  رۆژی هەینی 12-11-2021، لە کاتی بەڕێکەوتنی بەرەو کەمپ دەیڤد بۆ وەرگرتنی پشوو، بایدن لە کۆشکی سپی گوتی، “ئەوە مایەی نیگەرانیی گەورەیە. ئێمە نیگەرانیی خۆمان بە رووسیا گەیاندووە. نیگەرانیی خۆمان بە بێلاڕووسیش گەیاندووە. پێمان وایە ئەوە کێشەیە”. ئەوە یەکەمین لێدوانی بایدن بوو لەبارەی قەیرانی کۆچبەرانی ئەو سنوورە بۆ میدیاکان.  رووسیا یەکێکە لە هاوپەیمانە گرنگەکانی بێلاڕووس، وڵاتانی رۆژئاوا سەرۆکی بێلاڕووس بە “دوایین دیکتاتۆر”ی ئەوروپا ناو دەبەن. 

ھەواڵی زیاتر