دوابه‌دوای چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه به‌نرخه‌كه‌ی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس زانیار سه‌ردار قڕگه‌یی رایگه‌یاند، سه‌رقاڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی (پارتی و بارزانی له ئه‌رشیفی رۆژنامه‌ی ژینی سلێمانی)ین، كه كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی گرنگى زیاتر له 63 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ له‌خۆ ده‌گرێت، تایبه‌ت به پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانی و بارزانییه‌كان له رابردوودا.
گوتیشی: ”ئه‌م به‌رهه‌مه‌مان وه‌ك دیاری به‌سه‌ر ناوه‌نده مه‌عریفییه‌كاندا دابه‌ش كرد، به‌تایبه‌ت كتێبخانه‌كانی زانكۆكانی كوردستان و به‌شه‌كانی كۆلیژه‌كانی زانكۆی سلێمانی و مامۆستایان و به‌شێك له قوتابییان، هه‌روه‌ها دابەشمان كرد به‌سەر كتێبخانه‌ی مه‌ركه‌زی ئه‌وقافی سلێمانی، كتێبخانه‌ی گشتیی سلێمانی بۆ خۆیان و سه‌رجه‌م كتێبخانه‌كانی ده‌وروبه‌رى شاری سلێمانی، كه ژماره‌یان 22 كتێبخانه‌یه، له سه‌رجه‌م قه‌زا و ناحیه‌كانى سنووری پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها بەخشیمان به هەریەك لە كتێبخانه‌ی بنكه‌ی ژین، به ئه‌رشیفی زۆر له حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان، به كتێبخانه‌ی تاكه‌كه‌سی له‌نێو ماڵی هه‌ندێ له نووسه‌ره به‌ئه‌زموونه‌كان، كه پێشتر بۆ ئه‌م كاره هاوكارمان بوون، له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی هەندێكی دیكە لە كتێبەكە به نووسه‌ران و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و رۆژنامه‌نووسان و ئه‌و خانه‌واده كوردپه‌روه‌رانه‌ی له رابردوودا به‌رهه‌میان له رۆژنامه‌ی (ژین) بڵاو كردووەته‌وه و ئێستا جارێكی دیكە له‌م كتێبه‌دا په‌خشمان كردوونەته‌وه، كه به شانازی و خۆشحاڵییه‌وه پێشوازییان له‌م به‌رهه‌مه كرد.“
قڕگەیی سەبارەت بە بەخشینی كتێبەكەی گوتیشی: ”كتێبەكەمان پێشكەش كرد بە زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌كان له سلێمانی و زۆر له كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان و رووناكبیرانى سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و كه‌ركووك و هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، لە هەمان كاتدا له شوێنه گشتییه‌كاندا په‌خشمان كرد.“
ئه‌م به‌رهه‌مه كۆمه‌ڵێك بابه‌تی ناوازه له‌خۆ ده‌گرێت، بابه‌ت و بڵاوكراوه‌كان سه‌باره‌ت به بارزانی و بارزانییه‌كانی تێدا بڵاو كراوەتهوه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین برووسكه و نامه‌ی تایبه‌ت و نووسراو بۆ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، به مه‌به‌ستی پشتگیری و پشتیوانیی بۆ بارزانی، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هۆنراوه و وتار و راپۆتی رۆژنامه‌وانى، سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی بۆ عێراق و سهردانەكەی بۆ سلێمانی، هه‌روه‌ها كرده‌وه تیرۆرستییه‌كه‌ی 1971، له‌گه‌ڵ چه‌ند نامه‌یه‌كی بارزانی بۆ یادی بێكه‌سی شاعیر و قوتابییانی سلێمانی، بۆ لاوانی قه‌ڵادزێ و كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانى كورد له ئه‌ورووپا و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه، به‌شێك له نووسه‌ران و رووناكبیر و شاعیره ناسراوه‌كانیش، كه بابه‌ت و به‌رهه‌میان سه‌باره‌ت به بارزانی و بارزانییه‌كان نووسیوه، بریتیین له ئه‌حمه‌د زرنگ- سه‌رنووسه‌ری (ژین)، نه‌جمه‌دین مه‌لا، گۆرانی شاعیر، كامه‌ران موكری، محه‌مه‌د تۆفیق وردی، ساڵح روشدی، ساڵح پێداوی، هه‌مزه عه‌بدوڵا، كاكه‌ی فه‌لاح، حه‌مه‌ساڵح دیلان، سه‌یدا ساڵح یوسفی، دارا تۆفیق، عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، بورهان قانع، د. كه‌مال فوئاد، د. ئیحسان فوئاد، د. فه‌رهاد ئه‌حمه‌د، محه‌ره‌م محه‌مه‌دئه‌مین، ئه‌حمه‌د غه‌فوور، كه‌ریم زه‌ند، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم، جه‌مال بابان، كه‌ریم شاره‌زا و.. هتد.، له‌گه‌ڵ سازدانی دوو دیداری رۆژنامه‌وانی له‌گەڵ شێخ محه‌مه‌د خالید بارزانی و لوقمان مسته‌فا بارزانی، له شاری سلێمانیدا.
هەر سەبارەت بە ناوەڕۆكی كتێبەكە، زانیار قڕگەیی ئاماژەی بەوە كرد: ”تۆماركردنی به‌شێك له چالاكییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌گشتی و لقى سلێمانی پارتی، پاشان لقى چواری پارتی له سلێمانی، له‌گه‌ڵ ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگی مێژوویی له‌م كتێبه‌دا سه‌باره‌ت به بارزانییه‌كان بڵاو كراونەتەوە.“
سه‌لام عه‌بدوڵا، سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ی (خه‌بات) پێشه‌كیى بۆ نووسیوه و هه‌ریه‌ك له پرۆفیسۆر د. فوئاد حه‌مه‌خورشید و پرۆفیسۆر د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، پرۆفیسۆر د. نه‌زاكه‌ت حوسین وه‌ك مامۆستا له زانكۆى سلێمانی، له روانگه‌ی پیشه‌یی خۆیانه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆی كردووه و نووسینه‌كه‌یان بڵاو كراوه‌ته‌وه.
زانیار قڕگه‌یی گوتیشی: ”تێكڕای بابەتی ئه‌م به‌رهه‌مه په‌یوه‌سته به بارزانی و بارزانییه‌كان و پارتی دیموكراتی كوردستان و جه‌ماوه‌ری شارى سلێمانی و چالاكییه‌كانی پارتی، هه‌ر له ساتی ناردنی نامه مێژووییه‌كه‌ی بارزانی بۆ قاسم ده‌ست پێده‌كات، تاكو گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانی بۆ عێراق، تاكو داخستنی رۆژنامه‌ی ژین له 1963. دواتر له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی رێككه‌وتننامه‌ى 1970 تاكو 1974، چه‌ند بابه‌ت و به‌رهه‌می دیكه‌ی تێدا بڵاو كراونه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌وانه‌مان وه‌رگرتووه و سه‌رله‌نوێ دامانڕشتوونهتەوه و ئاوێته‌ی نێو ئه‌م كتێبه‌مان كردووه.“
ئه‌م كتێبه به قه‌باره‌یه‌كى باشی ره‌نگاوڕه‌نگ و به تیراژی دوو هه‌زار دانه و (720) لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ی فۆڕ چاپ كراوه.
نووسه‌ر و ئاماده‌كاری كتێبه‌كه ده‌ڵێت: ”سوپاسى هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌م، كه یارمه‌تی و هاوكارییان كردم بۆ چنگكه‌وتنی زۆربه‌ی ژماره‌كانی رۆژنامه‌كه، كه به‌هۆی كۆنی و رزیوی و په‌رش و بڵاوییانهوه زۆر به زه‌حمه‌ت و ماندووبوونێكی زۆر ده‌ستمان كه‌وتن، له ماوه‌ی سێ ساڵ كاركردن تێیاندا، توانیومه كارێك بكەم سوودی بۆ كتێبخانه‌ی كوردی هه‌بێت و تا راده‌یه‌ك له فه‌وتان رزگاریان بكه‌م، به‌تایبه‌ت كتێبخانه‌ی ئه‌وقافی سلێمانی، كتێبخانه‌ی گشتیی سلێمانی، بنكه‌ی ژین، ئه‌رشیفی لایه‌نه سیاسییه‌كانى سلێمانی، كتێبخانه‌ی تاكه‌كه‌سی له‌نێو ماڵی هه‌ندێ له نووسه‌ره به‌ئه‌زموونه‌كان، كه لە بەرهەمهێنانی ئەم كتێبە هاوكارم بوون.“