هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

دەربارەی جیهانبینی

نوێترین کتێبی نووسەر و وەرگێڕ شێروان ئیبراهیم وانەوتاری “دەربارەی جیهانبینی”ـە، کە لە نووسینی زیگمۆند فرۆید و لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە.

فرۆید لەم وانەوتارەدا لەسەر چەمکی «جیهانبینی» (Weltanschauung) دەوەستێت. مەبەست لە «جیهانبینی»، داڕشتنی گریمانەیەکی سەراپاگیرە بۆ وەڵامدانەوە بە گشت پرسەکانی پەیوەست بە مرۆڤ، هەر لە بنەچە و پەیدابوونی گەردوونەوە تا دەگاتە ئەخلاق و پەیوەندییە نێو مرۆییەکان؛ بەم مانایە، لە چوارچێوەی ئەم وێناکردنە گشتییەدا، هیچ پرسیارێک بێ وەڵام نامێنێتەوە. لەم بەرهەمدا، فرۆید ڕوونی دەکاتەوە، بۆچی ئەوە تەنها مرۆڤە خاوەنی جیهانبینییە لەنێو گشت بوونەوەرانی دیکەدا. دواتریش، هاوشان لەگەڵ پەرەسەندنی هزری مرۆڤدا، بە ڕیزبەندی، لەسەر جیهانبینییە زاڵەکان دەوەستێت، هەر لە جیهانبینی تەوتەمیزمەوە، تا دەگاتە جیهانبینی ئایینی و زانستی و فەلسەفی [بەتایبەت مارکسیزم]، لەگەڵ کارلێک و بەریەککەوتنی هەریەک لەم جیهانبینیانە. دواتریش دێتە سەر وەڵامی ئەو پرسیارەی: ئاخۆ دەروونشیکاری خاوەنی جیهانبینییەکی تایبەت بە خۆیەتی؟
ئەم کتێبە لە زنجیرە کتێبەکانی زیگمۆند فرۆیدە کە ناوەندی ڕەهەند ماوەی سێ ساڵە دەستی بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی کردووە و تا هەنووکە نزیکەی بیست کتێب و وانەوتاری کراوە بە کوردی.