هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بۆچیمەسعوود محەمەد دووبارە نابێتەوە؟

حەیدەر عەبدوڵڵا

یەکتر جاوینەوەی نووسەر و شاعیران بووەتە دیاردەیەکی سەردەم و خەریکە نووسین وەک زرکەتاڵی لێ دێت و چێژی خۆی لە دەست دەدات. زۆرن ئەو نووسەر و ئەدیبانەی لە نووسین و بیرکردنەوەدا کاوێژ بە بەرهەمی ئەوانی دیکەوە دەکەن و ناتوانن تاکبیرانە تێبفکرن.
ئەوان چونکە وەک کۆپیەک وان، بۆیە هیچ جێپەنجەیەکیان لە گۆڕینی واقیعی ئەدەبی و کۆمەڵگەدا نەبووە و نابێت، ڕەنگە گەلێک جار بووبنە بار بەسەر بواری ڕۆشنبیریشەوە: ” التکرار قبیح ولو کان ملیح.”
مەسعوود محەمەد یەکێکە لەو نووسەرانەی نەک نەبوو بە کۆپی هیچ نووسەر و ئەدیبێک، بەڵکوو بەربەستی وەهمی هەموو ئەو نووسەرانەشی تێکشکاند، کە لەنێو قەپێلکی ئەوانی دیکەدا خەریکی خۆ دووبارەکردنەوە بوون. لەم بارەوە دەڵێت: ” نوسخەی بیروباوەڕی هیچ تاکەئینسانێک لە مندا موتربە نەبووە، بە چاوی هیچ کەسێک سەیری جیهانم نەکردووە. مرۆڤ نابێت جڵەوی هۆشی خۆی بداتە دەست هۆش و ئارەزووی غەیری خۆی. “
بۆ وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە، چەندان هۆکاری ڕیشەیی هەن، كە وایان کردووە مەسعوود محەمەد دووبارە نەبێتەوە، لێرەدا بە كورتی سێ دانەیان دەخەینە ڕوو:
یەکەم: مەسعوود محەمەد لە نووسینەكانیدا لە شێوەی تاڤگەیەکی سروشتی و خۆڕسک هەڵڕژاوە، لە هیچ نووسین و بەرهەمێکی ئەودا هەست بە زۆرلەخۆکردن (التصنع) ناكەیت. کتێب هەیە کاتێک دەیخوێنیتەوە هەست دەکەی وشە و ڕستەکانی بەناکامی لە دایک بوون، هێندە ڕەكیك و ئاڵۆزە، هۆش تێیدا خلیسك دەبات. نە داڕشتنی ڕەوانە، نە مانای ڕوونە. مەسعوود محەمەد لە دیدارێکدا باسی هەڵقووڵینی نووسینی هۆشی خۆی دەكات و دەڵێـت: “هێندێک جار حەز دەكەم دوو قەڵەم بەدەستەوە بگرم و بنووسم”. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر سروشتیبوونی شەپۆلی فكری ئەو، كاتێك تەوژمی بۆ قەڵەمەكەی بردووە.
بە دیدی من ئەو نووسەرانە دەتوانن سروشتییانە بنووسن، كە خوێندنەوەی چەندان ساڵە و بیرکردنەوەی بێ دابڕانیان ساڵانێك دەستلەملانی یەکتر بووبن. بیركردنەوە بە هۆشی بەتاڵ، وەک نموونەی ئەو کەسە وایە، کە داوای لە خودا دەکرد منداڵێکی بداتێ، کەچی هێشتا ژنی نەهێنابوو!
دووەم: مەسعوود محەمەد هەرچییەکی نووسی بێت، تێکەڵ بە فکری کردووە، بە پێچەوانەی بڕێک لە نووسەران، کە فکر لە نووسینەکانیاندا نییە، بە گوزارشێكی دیكە، نووسینەکانیان لە چەندان لاوە تێکەڵ بە قسەی ئاساییی خەڵک بووەتەوە، جیاوازییەكە هەر ئەوەیە: عەوام بە زمانی قسەكردن و ئەوان بە زمانی نووسین دەری دەبڕن!
نووسەر نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی لەتکەخوێنەر و فەریکەخوێندەوار، ناکرێ لەبەر خاتری ئەوان ئاستی نووسینی خۆی بەرەو سادەگۆیی و ڕەشۆکڕەوی ببات. نا، دەبێت خوێنەران ئاستی بیرکردنەوەی خۆیان بەرزبكەنەوە و تارماییەكانی سەر هۆشیان ڕاماڵن.
بۆچی نووسینەکانی تەها حسێن و عەقاد و مەسعوود محەمەد و کێ و کێ هەر بە زیندوویی دەمێننەوە، کەچی هی بەشێکی زۆر لە نووسەرانی هاوچەرخیان دەپووکێنەوە و دەمرن؟
مەسعوود محەمەد نەک هەر لە باسی مرۆڤناسی و ئەدەبدا، بەڵکوو لە باسی مێروولەیەکیشدا فکر سەردەستە و پێشەنگ بووە.
سێییەم: نووسینەکانی مەسعوود محەمەد سەرچاوەیان زۆر کەمە، زۆرتر لێکدانەوە و بۆچوونی تایبەت بەخۆیەتی. هیچ نووسەرێکی کوردم نەدیوە وەها بە هەناسەیەکی درێژ بنووسێت. بڕێک لە توێژەران لایان وایە سەرچاوەی زۆر لە هەر نووسینێكدا، باسەکە بەهێزتر دەکەن، کەچی مەسعوود محەمەد پێی وایە ئەو هەموو سەرچاوە دووبارانە، نەك هەر نووسین لە كەڵك دەخەن، بەڵكە هیچ وجوودێک بۆ نووسەر ناهێڵنەوە. ئەو، بۆ پشتگیری و بەهێزکردنی بابەتەکەی ئەگەر سەرچاوەشی هێنابێتەوە، ئەو سەرچاوانە بوون، کە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆی ناكۆك و ناڕێك بوون. لە لێکدانەوەی کتێبی حاجی قادریدا دەڵێت: “خوێنەر بۆخۆی سەرنج دەگرێ لەوە کە زوربەی بیروڕاکانم لە سەرچاوەی دەروونی خۆم و وتووێژی ناوەکی (حوار داخلی)یەوە هاتوون. گۆشەنیگای (زاویة‌ نظر)یەک کە من پەسەندم کردوە بۆ تێرامان لە زۆر باسەکانی ئەم نووسینە، ڕەنگە لەگەڵ سەرپاکی گۆشەنیگای نووسەرانی دیکە جودا بێ. هەربۆیەیە بە دەگمەن نەبێ ناوی سەرچاوەیەکی نووسراوم نەبردووە. زوربە و زۆرینەی نووسراوی لێرە بە پێشەوە لەوانەن کە من لە باوەڕدا لەگەڵیان ڕێک ناکەوم. هێندەی کە نووسینەکەم بیگرێتەوە.”
هەر بۆیە مەبەستمان لە دووبارەنەبوونەوەی مەسعوود محەمەد، شێوازی بیركردنەوە و جۆری نووسینەكانیەتی: قووڵ، خۆڕسك، فكری…