بەمنزیکانە مووچەی خانەنشینیی 1048 شەهیدیش دەخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی له وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لە کۆی نزیکەی 5000 خانەنشین، مووچەی دوو هەزار و 424 خانەنشینی پێشمەرگە خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و بەمنزیکانە مووچەی خانەنشینیی 1048 شەهیدیش دەخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان.

 لیوا سەرحەد ناوەرانی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی له وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی پێنجشەممە 11-11-2021 لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “دۆسیەی دوو هەزار و 424 خانەنشین لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواوبوو و مووچەکانیان خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی، ئەوەش دوای یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان و لێکۆڵینەوە لێیان بەپێی یاسای چاکسازی”.

 بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی له وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، “بەردەوام دەبین لەوەی سەرجەم مووچەی خانەنشینان بخرێتە سەر وەزارەتەکان؛ دۆسیەی 1048 شەهیدیش یەکلابووەتەوە و دوای دەرکردنی رێنوێنیی ژمارە 5ی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دۆسییەکانیان دەربڕی و تەنیا ماوە وەزارەتی شەهیدان بێن و دۆسییەکان ببەن و مووچەی ئەوانیش بخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان”. 

لەبارەی خانەنشینیی پێشمەرگە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لیوا سەرحەد ناوەرانی ئەوەی خستەڕوو، “دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی خانەنشینانی پێشمەرگە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەندێکیان ناڕەزایەتییان لە ئەنجامەکان هەبوو؛ ئێستا جارێکی دیکە لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆئەوەی لە دۆسیەکانیان بکۆڵێتەوە و سەیریان بکرێتەوە؛ ژمارەیان کەمە و نزیکەی 100 کەس دەبێت، دوای تەواوکردنیان مووچەکانی ئەوانیش دەخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، بەڵام ئەوەی کە زۆرە خانەنشینی یەکەکانی 70 و 80یە کە دەگاتە 10 هەزار کەس”.

 بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی له وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە یەکەکانی 70 و 80 لە هەفتەی داهاتووەوە ئاگاداردەکرێنەوە دۆسییەی خانەنشینییان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بنێرن و دەشڵێت، “دەست بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەوانیش دەکرێت؛ بەپێی یاسای چاکسازی دەبێت مووچەی خانەنشینیی هەردوو یەکەی 70 و 80 بێتەوە لای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ لێکۆڵینەوە لێیان”. 

لیوا سەرحەد ناوەرانی گوتی، دۆسیەی خانەنشینان لای ئەوان بەپێی هۆکاری نەخۆشی و کۆچکردوو و خانەنشینی سەربازی لە تەواوبووندایە و ئەوەی دەمێنێتەوە خانەنشینیی هەردوو یەکەی 70 و 80یە. بڕیاری گواستنەوەی مووچەی ئەو دوو هەزار و 424 پێشمەرگەیەی مووچەکانیان خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی، بەپێی یاسای چاکسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020 بووە، لەگەڵ فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارە /11595 لە 24-08-2021.

ھەواڵی زیاتر