حەمەسەعید حەسەن
مەی زیادە
“ناسرە! هەرگیز تۆم لە بیر ناچێتەوە، هەمیشە بە یادی ئەو وەختە خۆشانەوە دەژیم کە لە ئامێزی هێمنی تۆدا بەســـەرم بردن.” خاتوونی نووســـەر مەی زیادە (1886 – 1941) کە لە فەلەستین، لە شـــاری ناســـرە لەدایک بووە، کە دایکی خەڵکی سووریا و باوکی لوبنانی بووە، لە 17ی ئۆکتۆبەری 1941دا، لە تەمەنی پەنجاوپێنج ساڵیدا، لە قاهیرە کۆچی دوایی کردووە. مەی زیادە گەلێک زمانی زانیوە و لە تافی لاوییەوە دەستی بە نووسین کردووە. هەرچەندە بە دیداری جوبران خەلیل جوبران نەگەیشـــتووە، بەڵام لەڕێی بیســـت ســـاڵ نامەگۆڕینەوەوە، (1911 – 19٣1) پێوەندیی سۆزداریی لەگەڵیـــدا هەبووە. گەلێک لە ناودارانی میســـر عاشـــقی مەی زیادە بووبوون، بە میری شـــاعیران و عەمیدی ئەدەبی عەرەبی و شـــێخی ئەزهەریشـــەوە، بەڵام ئەو دڵی بـــە جوبران خەلیل جوبرانی
ئەمریکانشین بەخشیبوو.
مەی زیادە کە پیانۆژەنێکی بەتوانا بووە، بە شـــیعری شاعیرانی سۆفی بە تایبەتی (ئیبن ئەلفارز) سەرســـام بووە و زۆر لە شـــیعرەکانی (لامارتیـــن)ی لەبەر بووە. لە قاهیـــرە دیوەخانی ئەدەبیی هەبووە، سێشـــەممان گەورەئەدیبانی ئەوێ ســـەردانیان کردووە. تەها حوسەین لەبارەی دیوەخانە ئەدەبییەکەیـــەوە گوتوویەتی: “دیوەخانێکی دیموکرات و کراوەبوو، پەیڤین تێیدا لەبارەی ئەدەب و هونەرەوە بە هەموو زمانێک ئازاد بوو.” ئەحمەد شـــەوقی لەبارەی مەی زیادەوە گوتوویەتی: “نازانم ڕەوشـــتی جوانتر بوو، یان شـــێوازی دەربڕینی؟ ئاخر ئەو دوو جوانییە، وەکوو دوو عاشقی شەیدا، شەڕیان بوو لەســـەری.” گوڵەکانی خراپە ناوی کۆمەڵەشیعرێکی بۆدلێرە، مەی زیادەیش لە بیست و پێنج ســـاڵیدا، یەکەمین کۆمەڵەشیعری بە زمانی فەرەنســـایی بڵاو دەکاتەوە و ناوی لێ دەنێت: گوڵەکانی خەون. لە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنســـی و ئیتالییەوە ڕۆمانی پاچڤەی عەرەبی دەکرد و لە گەلێک لە بڵاوکراوەکانی میســـردا، سەبارەت بە پرسگەلێکی گرنگی وەک: جیاوازی چینایەتی،
سیستەمی کۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتی، دیموکراتی، یەکسانی و کۆیلایەتی، بوێرانە دەینووسی.
مـــەی زیادە لە بواری هونەری نامەنووســـیندا توانایەکی سەرســـووڕهێنی هەبـــووە، لە نامەکانیدا پرســـیاری وجوودییانەی دەورووژاند، سروشتی دەهێنایە گۆ، سکاڵای ناخی دڵی دەردەبڕی، باسی ئازادیی ژنانی دەکرد و کتێبی هەڵدەسەنگاند، هەموو ئەمانە بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش، بە ڕوونی، بە چڕوپڕی و بە زمانێکی ڕەوان و شیرین. مەی زیادە دەیگوت: “کۆششی ئەو پیاوانە بەرز دەنرخێنم کە پشتگیرییان لە مافەکانی ژنان کردووە، بەڵام ئەوی ژن لە ستەم ڕزگار دەکات، ژن خۆیەتی. من داوای ئەوە ناکەم ژن و پیاو یەکســـان بن، ئاخر پیاو با داوێنیشی لە هەور بخشێت، ناتوانێت ببیت بە خاوەنی دڵێکی بەرین و تژی لە ســـۆزی وەک دڵی ژن. پیاو با ژندۆســـتیش بێت، پەی بە دنیای
ژن نابات، ئاخر لە دەرەوەی ژنەوە، سەیری کێشەکانی ژن دەکات.
مامۆستایەکی زانکۆی هامبورگ گوتوویەتی: “لە شێوازی نووسینی مەی زیادەدا، هاوسەنگیی زمانی ئینگلیـــزی، وردبینیی زمانی ئەڵمانـــی، بەژنزراڤیی زمانی فەرەنســـی و زیندوویەتیی هەموو زمانە لاتینییەکانی دیکە هەیە.” گەڕانەوەی شـــەپۆل، مەبەست لە ژیان، لەنێوان داکشان و هەڵکشاندا و
وشە و ئاماژە، هەندێکن لە کتێبەکانی. مەی زیادە دەیگوت: هەرچەندە زۆر لە خۆشەویستی دەترسم بەڵام دڵم بە تۆزێک لە خۆشەویستی ئاو ناخواتەوە. کتێب تاقە شوێنی دنیایە کە دەشێت دوو غەریب تێیدا بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە بە یەک بگەن. لایەنە هەرە ناشیرینەکانی دووڕوویی ئەوەیە، بە زمانێک دەدوێت لە ڕاستگۆیی دەچێت و وەها خۆی
ڕەنگ دەکات دەڵێی ڕووداوێکی ڕاستەقینەیە