سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئاسایشی دهۆک: هێرشەکەی ئەمڕۆ تیرۆریستی بوو

ئاسایشی دهۆک له‌باره‌ی رووداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌ی ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی شاری دهۆك روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاندووه‌، هێرشێكی تیرۆریستی بووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (12ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆك رایگه‌یاند، كاتژمێر (12:39)ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، تیرۆریستێك به‌ناوی (ل. هـ. ج.) هه‌وڵیداوه‌ هێرشبكاته‌ سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی شاری دهۆك به‌ڵام كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ به‌رنگاری بوونه‌ته‌وه‌ و تیرۆریسته‌كه‌یان كوشتووه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌و هێرشه‌دا، كارمه‌ندێكی ئاسایش شه‌هیدبووه‌ و كارمه‌ندێكی دیكه‌ش برینداربووه‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كان كردووه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی بۆ رای گشتی ئاشكراده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هاووڵاتییانیشیان دڵنیاكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌ و رێگه‌ به‌هیچ هه‌وڵێك بۆ تێكدانی ئارامی شاری دهۆك ناده‌ن.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئه‌و كه‌سی هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی دهۆك، بە رەگەز عەرەبە و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش کوژراوە، هەروەها کارمەندێکی ئاساییش به‌ناوی (ئازاد ئیبراهیم) بەهۆی رووداوەکەوە شەهید بووە و كارمه‌ندێكی دیکەش به‌ناوی (زیندان محه‌ممه‌د) برینداربووه‌.