هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە کۆچبەران بڵاو دەکاتەوە

دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە دۆخی کۆچبەرانی سنووری بێلاڕووسیا و پۆڵەندا بڵاو دەکاتەوە نیگەرانیی خۆی ڕادەگەیەنێت و داوا لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی بۆ کۆچبەران دابین بکەن.

دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند “به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ ڕه‌وشی مرۆیی كۆچبه‌رانی‌ سنووری نێوان وڵاتانی بێلاڕووسیا و پۆڵه‌ندا ده‌ڕوانین كه‌ زۆربه‌یان كورد و خه‌ڵكی وڵاتی عێراقی فیدراڵن.

ڕاشیگەیاند: هه‌رچه‌نده‌ كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانییه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆرجار ده‌بینین كاره‌ساتی مرۆیی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و‌ خه‌ڵكی سڤیل به‌تایبه‌ت منداڵ و ژن، ده‌بنه‌ قوربانی و ڕووبه‌ڕووی مردن و برسێتی و نه‌هامه‌تی ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ڕۆژه‌ڤی میدیا جیهانییه‌كانه،‌ گیرخواردنی ژماره‌یه‌كی زۆری كۆچبه‌ره‌ له‌‌نێوان سنووری وڵاتانی بێلاڕووسیا و پۆڵه‌ندا به‌بێ هیچ په‌ناگه‌یه‌ک له‌ژێر باران و سه‌رمای ئه‌و ناوچه‌یه‌ رۆژانێكی سه‌خت به‌ڕێ ده‌كه‌ن‌ و له‌گه‌ڵ ساردبوونی كه‌شوهه‌وا مه‌ترسی دروستبوونی كاره‌ساتی گه‌وره‌ لێ ده‌كرێت.

هەروەها ڕایگەیاند: ده‌زگای خێرخوایی بارزانی وه‌كو ئه‌ركێكی مرۆیی، له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدابوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی یاسایی كه‌ بتوانین به‌ پێی توانای خۆمان هاوكاری سه‌ره‌تایی پێشكه‌شی كۆچبه‌ران له‌ سنووری وڵاتانی بێلاڕووسیا و پۆڵه‌ندا بكه‌ین و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ژیانیان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوامان له‌ کونسوڵخانه‌ی بێلاڕووسیا له‌ عێراق، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی پۆڵه‌ندا، نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاتی پۆڵه‌ندا و کونسوڵخانه‌ی عێراق له‌ پۆڵه‌ندا كردووه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا نه‌ک وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو رێگه‌نه‌دراوه‌ هیچ ڕێكخراوێكی مرۆیی هاوكاری به‌و كۆچبه‌رانه‌ بگه‌یه‌نن.

ڕاشیگەیاند: ئێمه‌ له‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی‌ مرۆییمانه‌وه‌ داوا له‌ وڵاتان و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێوده‌وڵەتییه‌كان ده‌كه‌ین هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێكه‌وه‌ هاوكاری مرۆیی بۆ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ دابین بكه‌ین و مه‌ینه‌تییه‌كانیان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها داوا له‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین جه‌خت له‌ پاراستی گیانی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ بكرێت و ڕێگه‌نه‌درێت مامه‌ڵه‌ی دوور له‌ یاسا و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌ زووترین كات رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و به‌پێی یاسا په‌ناگه‌یه‌كیان هه‌بێت تا پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان پێ بگه‌یه‌نرێت.