فیلماندنی درامای (سەمەرە) دەستی پێ کرد

ناوەندی بەرهەمهێنانی هونەریی زەنێ لە سلێمانی دەستی کردووە بە وێنەهەڵگرتنی زنجیرەدرامای (سەمەرە) كە لە چل ئەڵقە پێک هاتووە و هەر ئەڵقەیەک و باسی چیرۆكێك دەكات.

بێگەرد حەمەسەلیم دەقی دراماکەی نووسیوە و، سیناریۆکەی بەرهەمی خامەی ئومێد كەمالە و دەرهێنانەکەی کاری جەمیل مەفاخرییە و بڕیارە لە مانگی رەمەزانی ساڵی دابێتەوە پێشكەش بە بینەران بكرێت.
لەم درامایەدا ژمارەیەك ئەكتەری ناسراو و بەناوبانگی كوردستان بەشدارن. مستەفا ئەحمەد، عومەری کەریم ئاغا، ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، زاهیر عەبدوڵا، ئیبراهیم حەكیم، سیروان عوسمان بەیان بۆمبا، بەیان عەلی، فەریدوون حەمەساڵح، عوسمان حاجی و چەند هونەرمەندێكی دیكەشی تێدا بەشدارە.
د.موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی رایگەیاند، باسكردنی بەرهەمی خۆماڵی دەبێت یەكێك بێت لە كاری سەرەكی وەزارەتی رۆشنبیری و گروپە هونەرییەكان، چونكە ناكرێت داگیركەران لەڕێگەی شاشەكانەوە كۆنتڕۆڵی عەقڵ و هەڵسوكەوتی هاوڵاتی كوردستان بكەن، لەكاتێكدا 80%ی كەناڵەكان درامای بیانین.
ناوبراو وتی “ئەگەر ئەوانە لەڕووی تەكنیكیشەوە باش بن، بەڵام هەر زیانمان پێدەگەیەنن، چونكە وڵاتانی نەیارمان دەیانەوێت لەڕێگەی هێزی نەرمەوە كۆنتڕۆڵی عەقڵیەتمان بكەن، بەڵام ئێمە دەتوانین لەڕێگەی بەرهەمی خۆماڵییەوە كاری هونەریی پێش بخەین، ئەوەش واتە پێشخستنی كۆمەڵگە”.
هونەرمەند جەمیل مەفاخیری دەرهێنەری درامای (سەمەرە) بۆ (هەولێر) رایگەیاند، لەم درامایەدا دڵنیایی دەدەن كە لە كارەكانی دیكەیان سەركەوتووتر دەبێت چ لە ڕووی تەكنیك و هونەریشەوە، ئەڵقەكانی ئەم درامایە هەریەكە و چیرۆكێكی تایبەت بە خۆی هەیە، ناوەڕۆكەكەی كارێكی زۆر جوانە، بۆیە بەڵێن دەدەن بتوانن بینەر رابگرن وتی “ئێمە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیمان هەیە، نامانەوێت تەنها شاشە پڕبكەینەوە، بەڵكو ئەو بەرپرسیارێتییەی بەرامبەر بینەر هەمانە، دەیخەینەڕ گەڕ”.
هونەرمەندی بەناوبانگ و ناسراو مستەفا ئەحمەد بە (هەولێر)ی راگەیاند، هەوڵ دەدەن لەم درامایەدا كارێكی جیاواز پێشكەش بكەن و ئاماژەی بەوەشكرد، میللەتان گرنگی زۆریان بە كلتور داوە، بەڵام میللەتی كورد بەو شێوەیە بیری لێنەكردۆتەوە تا رابردوو و مێژوومان لە هونەردا بەرجەستە بكەین و بۆ نەوەی داهاتووی جێبهێڵین.
ناوبراو وتی “ئێستا زۆربەی چیرۆك نووسەكان چیرۆكەكانیان خۆماڵییە، بەڵام دەبێت سیناریۆی بۆ بنووسرێت، ئێمە نووسەری شانۆ و درامامان كەمە، بەداخەوەش بەرهەمە كوردییەكان رەواجیان نییە، بەڵام بەرهەمە عەرەبییەكان لە 24 وڵات و سەدان كەناڵ لێیان دەكڕنەوە”.
هونەرمەندی ناسراو عومەر كەریم ئاغا رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەم هونەرمەندانە لە درامایەكدا یەكتر قبوڵكردن دروست دەكات، چونكە ئەوانیش دابڕانی یەكدییان پێ باش نییە و هیچ نەبێت بە چەند ساڵێكیش بێت كارێك بكەن كە خەڵك چاوەڕوانی بن هەر باشە، بۆیە هیوادارن ئەم بەرهەمە نارەحەڕەتییەكان بسڕێتەوە.
هونەرمەندی ناسراوی شاری هەولێریش، ئیبراهیم حەكیم جەختیكردەوە كە هونەر پێویستی بەوەیە خەڵكی سیاسی فێری تەبایی بكات، هونەر جوانی و زیندكردوونەوەی داستانە و كارە خراپەكان نیشان دەدات و وتی “ئێمە و برایانی سلێمانی دەمانەوێت دەرسێك بدەینە ئەو كەسانەی دەیانەوێت ناكۆكی دروست بكەن، چونكە ئێمە دوژمنمان زۆرە و ئەگەر خۆشمان ببینەوە بە دوژمنی یەكدی، كەواتە هیچمان بە هیچ نەكرد”.
بەیان بۆمبا، هونەرمەندی ناسراو یەكێك لە ئەكتەرانی دراماكە ئاماژەی بەوە كرد كە درامای كوردی چەندیش كەموكووڕیی تێدا بێت، بەڵام لە دراما دۆبلاجكراوەكان باشترە، ئەم درامایەش دڵخۆشكەرە، چونكە كۆمەڵێك هونەرمەندی بەئەزموونی باشی تێدایە ئەوەش لەگەڵ ئەو گەنجانەی تازە دێنە بوارەكەوە كارێكی باشە، پاشان دراماكە كۆمیدییە و كۆمەڵگەش پێویستی بەم درامایانەیە.

ھەواڵی زیاتر