سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەڵسەنگاندنى دامەزراوە و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بنەمان بۆ پێشکەوتنى زانستى

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە گرنگی بە دۆخی پەروەردەو خوێندنی باڵا دەدات، یەكێك لە گرنگترین كارەكانی لەم دوو سێكتەرەدا دامەزراندنی دەستەی (متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان) و دەركردنی یاسایەكی تایبەت بەو دەستەیە.

دەستەی متمانە بەخشین، دەستەیەكی دڵنیاكەرەوەی زانستی متمانە بەخشینە بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، بۆ پاڵپشتی و هاوكاری هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دامەزراوەكانی پەروەردەیی، بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە كوالێتی پەروەردەو خوێندنی باڵا.

دکتور هونەر عیسا، سکرتێرى دەستەى ئەمینداران لە زانکۆى ئەمریکى ـ کوردستانى لە دهۆک، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ پێگەى فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستان، وردەكاری و چۆنیەتی پێكهاتنی ئەو دەستەیەی خستە ڕوو و گوتى:”سەرەتاى  ساڵی ٢٠٠٠، هەندێك ڕێكخراوی ناحكومی و نێودەوڵەتی هەوڵی زۆریاندا بۆ ڕیفۆرم لە خوێندن و پەروەردە، ئەو هەوڵانەش بە هاوکارى وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى بوونە هۆکار بۆ بڕیاردانی جەنابی سەرۆكی حكومەت بە دامەزراندنی دەستەی متمانە بەخشین بۆ ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا تا بە دانانی پێوەر و بە شێوازێكی سیستەماتیك هەڵسەنگاندن بۆ پەروەردە و پڕۆگرامەکان بکرێت. دواى بڕیارى دامەزراندنی دەستەکە، برایە پەرلەمان تا ببێتە پڕۆژە یاسا و دواى ٦ مانگ پەسەند كرا و ئێستا دەستەکە دەستى بە کارەکانی کردووە”.

ئامانجی سەرەكی ئەم دەستەیە، باشتركردنی كوالێتی خوێندنە لە هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە قۆناغی بنەڕەتى خوێندنەوە تا دەگاتە قۆناغی خوێندنی باڵا و دروستكردنی كلتوری هەڵسەنگاندن بە ستانداردی نێودەوڵەتی و بوونى ستراتیژی و پلانی تایبەت لە ناوەندەکانى خوێندن و پەروەردە و هەڵسەنگاندنى كوالێتی مامۆستایان و باشترکردنیان بۆ ئاستی نێودەوڵەتی.
 دکتور هونەر باسى لەوە کرد کە “هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی پێوەرەكان بەشێوەیەكی سەردەمیانە بگونجێندرێن و لەگەڵ تواناى ماددى حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو وەزارەت و ناوەندەکانى خوێندن بگونجێت.”

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر كامەران یونس محمەمەدئەمین، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەددین، پێیان باش بوو ئەندامانى دەستەی متمانەبەخشین لۆكاڵی و سەربەخۆ بن و سەر بە هیچ دەزگا و وەزارەت و تەنانەت ئەنجومەنی وەزیرانیش نەبن، بەڵام كەسی ئەكادیمی و مامۆستای خانەنشین بن تا هەڵسەنگاندنەکە دروست بێت  و گوتیشی:”متمانەبەخشین بە زانكۆ و ناوەندەکانى خوێندن شتێكی گرنگە، بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبێت پێوەرەكانی هەڵسەنگاندنی پەروەردەیی بگونجێت لەگەڵ وڵاتی خۆمان و پێداویستییەكانمان، هەرچەندە جێگەى سوپاسە کە بە بڕیارى سەرۆکى حکومەت ٧٠%ى داهاتی زانکۆکان دەگەرێتەوە بۆ خودی زانكۆكان، بەمەش کارى گەورە دەکرێت لە ئاستى پەروەردەیی”.

دکتۆر ڕۆژین كەمال محەمەدئەمین، مامۆستا و توێژەر لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، هاوبەڕێوەبەری تۆڕی نەهرەینی بەریتانی لە زانكۆی(UCL)، لەبارەى دەستەی (متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە  و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان)، گوتی: “مەبەستی ئەم بۆردە خزمەتكردن و یەكخستنی سیستەمی پرۆگرامەكان و بەرزكردنەوەی كوالێتی و هاوتاكردنیانە لەگەڵ پڕۆگرامە نێودەوڵەتییەكان. بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى سیستەمى خوێندنیش ئالیەتی هەڵسەنگاندن زۆر گرنگە، وەک چۆن لە زانكۆ بەناوبانگە جیهانییەكان و پرۆگرامە پەروەردەییەكان بەشێوەیەكی خۆبەخشانە ئەم هەڵسەنگاندنە تێكەڵ بە سیستەمی خۆیان دەكەن بۆسەلماندنی ڕوونی پرۆگرامەكانیان، بەمەبستی پابەندبوون بەو ئامانجانەی دەیانەوێت پێشی بخەن بۆ هاوتابوونیان لەگەڵ پڕۆگرامە جیهانییەكان”.

دکتۆر ڕۆژین پێى وابوو کە بوونی بۆردێك بۆ ئەوە مەبەستە زۆر گرنگە لە دروستکردنى گۆڕانكاری ئەرێنى لە هەرێمى کوردستان.

پڕۆفیسۆر كایس شاڕپ، سەرۆكی زانكۆی كوردستانیش لەم بارەوە پێى وایە، یەکەم شت پێویستە لەسەر جیاوازی بنەڕەتیی نێوان کوالێتی دەرفەتەکانی فێربوون لە زانکۆ یان سیستەمی خوێندنی باڵا لەگەڵ ستانداردە ئەکادیمییەکان قسە بکرێت و دەڵێت:” زۆرجار باسی کوالیتی و ستاندارد تێکەڵ دەکرێت، کە لە بنەڕەتدا جیاوازن. ستانداردەکان ئاماژەن بۆ ئاستەکانی دەستکەوت، بەڵام کوالێتی دەرفەتی فێربوونە. پێوانەکردنی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆکانی هەموو وڵاتان بە تەواوی گرنگە. تەنانەت لەو وڵاتانەی کە سیستەمێکی خوێندنی زۆر باڵا و دامەزراوەییشیان هەیە. سیستەمی پەروەردە و سیستەمی خوێندنی باڵا پێویستی بە بەردەوامی هەیە و هەموو وڵاتێکی دنیا لەگەڵ بەردەوامیی خوێندنی باڵادا ململانێ دەکات تا بزانێت هاوسەنگی نێوان زانکۆی تایبەت و گشتی دەبێت چۆن بێت؟ ڕۆڵی پیشەسازی، ڕۆڵی خێرخوازی لە پشتگیریکردنی خوێندنی باڵادا دەبێت چی بێت؟ بەڵام پێموایە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم پێوەرکردنی نێودەوڵەتی دڵنیابوونە لەوەی کە زانکۆکانمان لێرە دەرچووانی ستانداردی نێودەوڵەتی بەرهەم دەهێنن. بە واتایەکی تر ئەو دەرچووانەی کە دەتوانرێت لە هەر شوێنێک دابمەزرێنن بەنرخ بن بۆ خاوەنکارەکان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، ئەمە دەبێت ئامانجی سیستەمی خوێندنی باڵا بێت جا گشتی بێت یان تایبەت، بۆیە پێوەرەکانیش دەبێت لەسەر ئەم ئەساسانە بن”.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢