چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مەزڵوم عەبدی: بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ناچاربووین شەڕی داعش رابگرین

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناچاربوون ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش رابگرن.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، مەزڵوم عەبدی گوتیشی: “ئەردۆغان دەیەوێت لە رێگەی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەزموونی کورد لە سووریای لەناو ببات و هێرشەکانیشی وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حزبەکەی بەکاربهێنێت”.

فەرمەندەی گشتی هەسەدە باسی لەوەشکرد، ئەوان پێشتر و ئێستاش دووپاتیدەکەنەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵەوە نییە، ئەو کەسەی تەقینەوەکەی ئەنجامداوە لە ناوچەی ژێردەستی هێزەکانی نزیک لە تورکیاوە چووەتە ئیستانبوڵ.

دوای ئەوەی دوێنێ 23/11/2022، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کەمپی هۆل-یان لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکرد، بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپەکە رایانکرد، هەسەدە ئۆپەراسیۆنه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی داعش هه‌ڵپه‌سارد.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو کەمپە تایبەتە بە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 30 هەزار خێزانی داعش لەو کەمپە خەڵکی عێراقن،  ئەو کەمپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە قەڵەم دەدرێت چەند جارێکیش پشێوی لێکەوتووەتەوە.