سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پڕۆفیسۆر دكتۆر عزەدین مستەفا ڕەسووڵ 

1934-2019ز

من لە سەرەتاوە لە ڕێگەی باوكمەوە د.عزەدینم ناسیوە و بۆ یەكەمین جاریش دیومە سەدەی ڕابردووی ساڵی 1980ز بووە، بەڵام نازانم چ مانگێك بوو.

ڕۆیشتم بۆ ماڵی باوكم ئێوارە بوو، دكتۆر عزەدین و مستەفا نەریمان و حەمەی سابیری لێ بوو…. مامۆستا نەریمان نە ئۆتۆمبێلی هەبوو، نە دەشیزانی لێی خوڕێت، جا هەمیشە لەگەڵ كەسێكی تردا دەبینرا… حەمەی سابیر بازرگانیی قوماشی دەكرد، جێگەی لە بەغدا و خەڵكی كفری بوو… ئەوشەوە بۆ یەكەمین جار بە خزمەتی دكتۆر عزەدین گەیشتم، لە دوورەوە دەمناسی، یەشتا تێكەڵی كۆڕ و كۆمەڵی ئودەبا و ڕۆشنبیران نەبووبووم، بەڵام بە وردی خەریكی خوێندنەوەی هەموویان بووم، نزیكەی بیست ساڵ دەبوو لە دەرەوەی وڵات دەژیام، ئەو كاتە وەك ئێستا پێوەندی ئاسان نەبوو، شتێك نەبوو لە ژووری نووستنەكەتدا بتوانی پێوەندی لەگەڵ سەرتاسەری جیهاندا بكەیت… لەوانە گوزەشتە نامەیەكی ئاسایی لە عێراقدا بۆ دەرەوە دەبوا بە چەند فلتەردا بگوزەرێ، ئەو دەم ئەگەر بگشتایەتە دەستی خاوەنەكەی باش بوو… ئەو هۆكارانە بووبوونە بەربەستێكی گەورەی ترس و تۆقیان و دابڕان و لەنێواندا ئەوەیش دیاردەیەكی ناسراوی حوكمی فاشسمی و دیكتاتۆریەتە..

خوالێخۆشبوو باوكم لە سەردەمی پاشایەتیدا پەیوەندی لەگەڵ چەپەكاندا پتەو بووە، ئەو پتەویەی تا مردن بەردەوام بووە. 

كەسێكی وەك د.عزەدین جگە لە بیوگرافیەكەی پێم وا نییە ناسیاوان لەسەر یەك ڕا هاودەنگ بن، ئەوەیان حاشاهەڵنەگرە و دۆست و دوژمنی ناتوانن لە هیچ لێفە و دەوارێك دایپۆشن… 

قەبارەكەی زۆر لەوە زلزەلامتر و پانوپۆڕترە… زۆریش وەك من ئاگاداری ژیاننامەكەیەتی، هەر بەو ئەندازەیش بێ ئاگان، جا ناچارم لەو ڕووەوە بدوم…

دكتۆر وەك من لە لادێدا نەهاتووەتە دونیاوە، منداڵی شار بووە، شارێكی گەورەی وەك سلێمانی لە ساڵی 1934لە گەڕەكی دەرگەزینی ئەو شارەیەدا هاتووەتە دونیاوە، نە كوڕە بەقاڵ و نە كوڕە عەشایەر، باوك و باپیری مەلا و مەلازادەبوون. ئاخر ئەوسا مەلابوون وەك ئێستا بە ئاسانی تەواو نەدەكرا، ژیان و گوزەران بە سەختی و دژواری زۆردا دەگوزەرا، مەلا مستەفای باوكی بە “سەفەوەت” ناسرابوو… سەفوەتیش مەلازادە بووە، مەلایەكی بەناوبانگی ئەو حەلە بەناوی حاجی مەلاڕەسووڵ جگە لە مەلابوون “حەج”كردن ڕێگەی هات و نەهات بووە، دەوەرە بەو سارای كاكی بەكاكی عەرەبسانەیدا بە وڵاخ لە سلێمانییەوە بگەیتە مەككە و مەدینە، هەر بەدەم ئاسان بووە.. بڕێك لە جاجیان نەدەگەڕانەوە… عزەدین لە ئاوا خێزانێكدا هاتووەتە دونیاوە، چاوی بە ڕەفەی كتاوە بووە و گوێی بە شیعر و وتووێژی ئەدەبییەوە بووە تاگەورەیش بووە… مەلا مستەفای باوكی جگە لە مەلابوون شاعیر و مەجلیس ئارا و دەوروبەری هەمیشە شوعەرا و ئودبای لێ بنیراوە، منداڵێك لە ئاوا دەوروبەرێكدا پەروەردە بووبێت، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت…

عزەدین هەر بە منداڵی زیت و زیرەك و هۆشیار بووە و هەر لە مزگەوتەكەی باوكیدا خراوەتە بەر خوێندن، مزگەوتی حاجی مەلاڕەسووڵ دیلێژە لە سلێمانیدا پێگە و جێگەی خۆی هەبووە… منداڵی نێو مزگەوت، بەتایبەت ئەگەر مزگەوتەكە هی باوك و باپیری بووبێت دەوروبەری پڕ بووبێت لە فەقێ و موستەعید و سوختە و مەلا، لەگەڵ منداڵەكانی تردا جیاواز دەبێ “عزەدین”ی منداڵ پای گرتووە و هاتوچووی مزگەوتیان پێ كردووە… لە ساڵی 1939ز وەك گوێگرێك لای لای موستەعید و مەلا لە مزگەوتدا بووە… گەورەتر بووە لە قوتابخانەی “مەلیك غازی”، دەبێتە قوتابییەكی چوست و چالاك… قۆناغەكانی خوێندن تەواو دەكات لە ساڵی 1951 لە خانەی مامۆستایان وەردەگیرێ، لە سەرەتای گەنجیەتیدا وەك گەنجێكی هاوتەمەنی خۆی بیری نەكردووەتەوە و دوورئەندازی فكری بەربڵاوتر و بەرپای ڕۆشنتربووە، كەوتووەتە بیری ژیانی خەڵكە زۆرەكەی میللەتەكەی و میللەتانی دوور و نزیكەوە، لە سنووری مەرزی وڵاتی خۆی پای دوورتر ناوە ” ئومەمیانە” تێفكراوە، ئەو كاتە حزبی شیوعی عێراق پەرچەمدار و پێشقەڕەوڵی تێكۆشانی دژ بە دەستەڵاتی پاشایەتی بووە و حزبە تێكۆشەرەكان هەتاوەكوو ئەوانەی هەڵگری بیروبۆچوونی نەتەوایەتی بوونە، ئەوانیش چاولێكەریی حزبی شیوعییان كردووە و ماركسیەتیان بە بنەما و بنەڕەتی حزبەكەیان داناوە…عزەدینی خوێنگەرمی چەپگەرا لە ڕاپەڕینی 1952دا بەشداری كردووە و برینداریش كراوە، هەر لەبەر ئەو هۆكارە لە كۆلیژ دەركراوە و گەڕاوەتە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتیی مەلاریا وەك كرێكارێك دامەزراوە… دیارە ئەو كارەی بە زەحمەت و ناخۆش زانیوە… 

باوكی مەلا مستەفا پەیوەندی پتەوی لەگەڵ خەڵك و دەستەڵاتدارانی ناو سلێمانیدا هەبووە، توانیویە وەك مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێدا دابمەزرێنێ، بەڵام عزەدین سوور بووە لەسەر بیروڕای لەوێڕا دەبێتە بەرپرسی ڕێكخستنەكانی حزبی شیوعی، دیارە لەویش پێی زانراوە و نەقڵ كراوە بۆ سلێمانی لەوێش هەر بە سیاسەتەوە سەرقاڵ بووە گوێزاوەتەوە بۆ سلێمانی…

كودەتای چواردەی گەلاوێژ ڕوو دەدا و

پاشایەتی لەناو دەبات جمهووریەتی عەبدولكەریم قاسم جێگەی پاشایەتی دەگرێتەوە، چەپگەرایی شیوعیەت و هەرای ڕۆژانە دەبێتە دیاردەیەكی ڕۆژانە وەك هەر شۆڕشێكی لەناكاوی تر، دەوڵەت و دەستەڵاتی “سۆڤیەت” وەك كابەی هیوای میللەتانی ستەمیدەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر جێگەی تر “عەبدولكەریم قاسم” بڕیار دەدا ژمارەیەك قوتابی بنێرێتە ڕووسیا بۆ خوێندن، تا ئەوەی من ئاگادارم “عزەدین و كەمال مەزهەر و نەسرین فەخری” یەكەمین گرووپی كوردبوون ڕەوانەی ڕووسیا كران، سەرەتا دەبوو وەك هەر وڵاتێكی تر دەبوو قوتابی زمان و خولی زمان بگوزەرێنێ ئینجا لە كۆلیژی تایبەتدا دەست بەكار بێت ئەو سێ قوتابییەی دەنێرن بۆ باكو پایتەختی ئازربایجانی سۆڤیەتی، 24/6/ 1963ز پلەی دكتۆرای وەرگرتووە، بەڵام بە وردی زانیارییەكی ئەوتۆم بەدەستەوە نییە بەكالیۆرسی لە چیدا تەواو كردووە، نامەی ماستەرەكەی لەسەر چی بووە، هەروەها نامەی دكتۆراكەیشی…

پاش ئەوەی كاك عزەدین دەبێتە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا هەر لە باكۆوە دەنێردرێ بۆ سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتی ڕادیۆی دەنگی گەلی عێراق…

لە ساڵی 1965ز گەڕاوەتەوە كوردستان و بووەتە پێشمەرگە، ئاخۆ حزبی شیوعی چەندە لە شاخدا ماوەتەوە، ئەو زانیارییەم نییە.

عزەدین لە ساڵی 1979چووەتە مۆسكۆ، لەوێڕا دیسان درێژەی بە خوێندن داوە، پلەی دكتۆرای دیسان بەدەست هێناوە . دیارە لە باكودا كەوادیری ئەحزابی شیوعی وڵاتان كۆلیژێكی تایبەتیان هەبووە…

لە دوای ڕاپەڕین و ساڵی 1992بوو بە ئەندام پەرلەمانی خولی یەكەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەسەر لستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان.

لە بۆنە ئەدەبییەكاندا، لە فیستیڤالەكاندا شەوانە ئودەبا پێكەوە دادەنشتین…دیارە ئەگەر بۆنەكە داوەت بێت ئەوە پسووڵەی خواردن دابەش دەكەنە سەر مێوانەكاندا، بەڵام بێ خواردنەوە، زۆربەی زۆری ئودەبایش ئەهلی خواردنەوەن، وەك عادەت لەو بۆنانەدا لە گۆشەیەك دادەنیشم، ئەوسا یادیان بەخێر محەمەد موكری، سمایل گەیلانی، پێكەوە دادەنیشتین، تكایان دەكرد د.عزەدین بانگ مەكە، هەركە دەهاتە ژوورەوە لەبەری هەڵدەستام و داوەتم دەكردە سەر مێزەكەمان، ئەمە نە جارێ و نە دە… بەڕاستی من ئەو پیاوەم زۆر خۆش دەویست، هەتا خوا حەز بكات نێوانیان لەگەڵ شەهید مەلاجەمیل ڕۆژبەیانی ناخۆش و گرژ بوو، سێوەری یەكتریان بەر گوللـەی دەدا، زۆر كۆشام پێكیان بهێنمەوە سەرنەكەوتم، تكام لێ كردن هەرنەبێ مەسەلەكە خاوكەنەوە و لە ناو ئودەبادا لێك نەخوێنن، هیچ كامیان نەڕۆیشتنە ژێر ئەو بارەی….

لە سلێمانی فیستیڤاڵێك كرا، نازانم بۆچی بوو؟ دكتۆر مارفیش هاتبوو، كە زانی دكتۆر عزەدینی تیادایە، بەشداریی نەكرد، ئێمە چەند كەسێك چووین بۆ لای بۆ بەشداربوونی هەرچی كۆشایین بەشداری بكات نەیكردوو و گەڕایەوە بۆ هەولێر…

بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵەی نێوانمان یەكپارچە شەكر بوو.. دوو ساڵ بەر لە مەرگ یەك لە كەناڵەكانم كردەوە دكتۆر عزەدین قسەی لەبارەی جاف و ئومەرای جاف دەكرد، هەرگیز ئەو قسانەم لە خۆی و نە لە كەسی تر بیستبوو…

دكتۆر عزەدین هەمیشە لە خوێندنەوە و لێكدانەوەدا بێوچان بوو، كەوتمە باوەڕێكەوە كە سەرچاوەی نوێی بەدەست هێناوە، تەلیفۆنم بۆی كرد، دۆستانە وەك هەمیشە دوام و داوای سەرچاوەكەم لێی كرد، لە وەڵامدا وتی: من لە خزمی خۆتم بیستووە!

وتم: باشە ئەو خزمە زیرەكەم كێیە و ئەو زانیارییەی تازەی لە كوێنەوە هێناوە، ئەو بۆ وەك خزمی من بزانێ و من نەیزانم؟

وتی: وەك وتم لە خزمی خۆتم بیستووە!

وتم: دكتۆر من خزمی خۆم باش دەناسم، پێم وانییە كەسی ئەوتۆیان تیادا بێت بە دوای سەرچاوەی تازەدا بگەڕێ، بۆیە وتم: دكتۆر ئەمەی تۆ وتووتە سڕینەوەیە، تۆ كەسێكی ئاسایی نیت، هەرچی بڵێی خەڵكەكە باوەڕت پێ دەكەن، چۆن لەسەر قسەی كۆلكەخوێندەواری خزمی من بەبێ سەرچاوە ئێمە دەسڕیتەوە…

وتی: ئێستا چی دەڵێیت؟

وتم: یا ناوی ئەو خزمی منەم بدەرێ، یان شكایەتت لێ دەكەم…

وتی: چاوت دەرێ!

منیش وەڵامم دایەوە و شكایەتم لێ نەكرد… دوای ساڵێك دڵم بۆی تەنگ بووبوو بە یەكێك لە دۆستانی هەردووكمانم وت… كوڕە دەی ئاشتمان كەرەوە، ئیتر مەرگ مەودای نەدا… 

هەروەها با ئەوەیش بڵێم: دوا وتاری (پرۆفیسۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ) له‌ گۆشه‌ی (ئه‌م كونجه‌یش) لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ بوو: نووسی بووی: 

” یەكەمجار (بەندە) نووسیوومە: كوردستان پێنج پارچەیە. مەبەسیشم ئەوەنەبووە ـ كە ئەم چوار پارچەیە بكەم بە پێنج. بەڵكو ـ بە (عەقڵی كەچی خۆم، پارچەی پێنجەمم دۆزیەوە. ئەویش ئەو بەشە كوردەیە كە لە (كازاخستان)ـە. مێژووی ئەو بەشەشم باسكردبوو. زیانی نییە جارێكیتر باسی بكەمەوە ـ زۆریشم پێ خۆشە كابرای (مەنسوول) بیخوێنێتەوە. ئەگەر (بیخوێنێتەوە). زانای گەورەی كیمیا و (كورد) نادر نادرۆڤ ـ كە پاداشتی نۆبڵی هەیە ـ خەڵكی ئەوێ یە.” 

بەهەرحاڵ، بەندە لێرەدا نامەوێ بەدوای ناونیشانی بەرهەمەكانیدا بگەڕێم و بیاننووسم، خوێندەواران وەك من