كامیان كاریگەریی زیاتریان لەسەر دەنگدەری كورد هەیە؟ ئۆجەلان یان دەمیرتاش

كارزان گلی – هه‌ولێر

عەبدوڵا ئۆجەلان، یان سەلاحەدین دەمیرتاش، كامیان كاریگەری زیاتریان بەسەر دەنگدەری كوردەوە هەیە؟ ئەمە پرسیارێكە بەردەوام لەناو سیاسییەكان و دەزگاكانی راپرسیدا دەكرێت و وەڵامەكەشی مقۆمقۆی زۆری ناوەتەوە.

هەردوو سەركردە، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە زیندانی كراون، ئۆجەلان لە گرتووخانەی ئیمیراڵی و دەمیرتاشیش لە ئێدیرنە، بەڵام دەستگیركردنی ئەو دوو سەركردەیە هیچ نەبووەتە هۆی ئەوەی لە سیاسەت داببڕێن و بكوژێنەوە، نەخێر لە توركیا كاتێك باسی پرسی كورد دەكرێت، ئەو دوو سەركردەیە رۆڵی گرنگیان تێیدا هەیە.
بەڵام نابێت ئەوە بشاردرێتەوە، كە ناكۆكی زۆر لە نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاشدا هەیە، پەكەكەش ئەم ناكۆكییەی تیرتر كردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەرێگەی میدیاوە رەخنەی توندیان لە دەمیرتاش گرت.
دەمیرتاش، سەرەتا كاریگەریی ئایدۆلۆژیای بیری ئۆجەلانی بەسەرەوە بووە، ئەمەشی لە چەند شوێنێکدا باس كردووە، بەڵام كاتێك بووە ناوێكی دیار لەناو سیاسەت و پەكەكە ویستی بیكوژێنێتەوە، ئەو زیرەكانەتر مامەڵەی كرد، بەوەی توانیی لەناو كوردانی باكووردا قورساییەكی گەورە بۆ خۆی پەیدا بكات و خۆیشی كردە سەركردەیەكی نێودەوڵەتی، بۆیە ئێستا ركابەری لەگەڵ ئۆجەلاندا دەكات، بەتایبەت لەلای جیلی تازە و دەنگدەری كورد.
ئۆزار سانجار، بەڕێوەبەری دەزگای راپرسیی (میترۆپول) لە توركیا، راپرسییەكی لەناو دەنگدەری كورد كردووە، لێیانی پرسیوە، دەمیرتاش یان ئۆجەلان، كامیان كاریگەریی زیاتری لەسەرت هەیە؟
بەگوێرەی ئەنجامی ئەو راپرسییە بێت، 75%ی دەنگدەری كورد گوتویانە كاریگەری دەمیرتاشمان بەسەرەوە زیاترە و 22٪یش گوتویانە ئۆجەلان.
سانجار بۆ ئاژانسی (DW) دەڵێت: ”هەر پارتێكی سیاسی لە توركیا، ئەگەر بیانەوێت لە دەنگدەری كورد نزیك ببنەوە و داوای دەنگیان لێ بكەن، ئەو رێگەیەی بۆ دەچن ئیمیڕاڵی نییە، بەڵكوو ئێدیرنایە، چونكە 75%ی دەنگدەری كورد، دەڵێن كاریگەری دەمیرتاشمان لەسەرە.“
ماوەی 23 ساڵ دەبێت، ئۆجەلان لە توركیا دەستگیر كراوە، بەردەوام كاریگەری بەسەر دەنگدەری كوردەوە هەبووە، بۆیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، داوای لە دەنگدەری كورد كرد لە ئیستانبۆڵ، بێلایەن بن و دەنگ بە هیچ بەربژێرێك نەدەن. لە بەرامبەردا، دەمیرتاش داوای لە دەنگدەری كورد كرد، لە ئیستانبۆڵ، دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بدەن، دەنگدەری كورد بەگوێی دەمیرتاشی كرد.
لەوكاتەوە، ئەو پرسیارە هاتە بەرباس، ئایە دەمیرتاش كاریگەری زیاترە یان ئۆجەلان؟ ئەوانەی سەر بە پەكەكەن، پێیان عەیبە وەڵامی پرسیارێكی لەو شێوەیە بدەنەوە، ئەوان دەڵێن، دەمیرتاش لە ئاستی ئۆجەلاندا نییە و زۆرجاریش لە میدیاكانی خۆیانەوە، دەمیرتاش بچووكی دەكەنەوە، بەڵام بەشێكی زۆری باكوورییەكان، كاریگەری دەمیرتاشیان بەسەرەوەیە.
سانجار پێی وایە، لەناو پەكەكەدا بێگومان ئۆجەلان كاریگەریی زیاترە، چونكە سەرۆكی ئەوانە، بەڵام لەناو دەنگدەری كورد لە باكووری كوردستاندا، دەمیرتاش كاریگەرترە، تەنانەت لەناو دەنگدەرە كوردەكانی ناو ئاكەپەش، هەر دەمیرتاش كاریگەری لە ئۆجەلان زیاترە.
بەگوێرەی پێشبینییەكان، ئەم جارەیان، واتە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەرگای ئیمیراڵی نادات تا داوای دەنگی كوردی لێ بكات، بەڵكو لە دەرگای ئێدیرنە دەدات، چونكە دەركەوت لە هەڵبژاردنی 2019، دەنگدەری كورد رووی لە دەمیرتاش كرد، نەك ئۆجەلان.
بینیمان كە چۆن بە فڕۆكەیەكی تایبەت، دەمیرتاش گواسترایەوە بۆ ئامەد و چاوی بە باوكی كەوت، كە جەڵەتەی دڵ لێی دابوو، ئەمە ئەو هەنگاوەیە كە ئەردۆغان لە دەمیرتاش نزیك بووەتەوە، نزیكبوونەوەكەش پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، بەتایبەت كاتێك دەركەوت، لە باكووری كوردستان، ئاكەپە دەنگیكێ زۆری لە دەست داوە.

ھەواڵی زیاتر