چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سیستەمی گازی ماڵان مەترسیدار نییە، بەڵکوو خراپ بەستنی سیستەمەکە مەترسیدارە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەستنی سیستەمی گاز بۆ ماڵان لە دوای ڕووداوەکەی سلێمانی لای بەشێک لە هاووڵاتییان بووەتە جێی مەترسی و هەندێکیش بڕیاریان داوە ئەو سیستەمە لە ماڵەکەیاندا هەڵبوەشێننەوە و هەندێکی تریشی لە بەستنی سیستەمەکە سارد کردووتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە تەقینەوەکەی سلێمانی بەهۆی خراپیی سیستەمەکە نەبووە بەڵکوو بەهۆی خراپیی بەستنی سیستەمەکە و کەمتەرخەمی بووە.

سیستەمی گازی سروشتی بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان و مەبەستی جیاوازی تر لە زۆر وڵاتی جیهان بەکار دێت بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بە گازی سروشتی، ئەگەر مەترسیدار بووبا هەرگیز سوودیان لێ وەرنەدەگرت. بەڵام بەستنی سیستمەکە پێویستی بە شارەزایی و چاودێریی حکوومەت و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و کۆمپانیای تایبەتی هەیە و دەبێت ڕەچاوی تەواوی مەترسییەکان و گەرەنتی بکرێت.
لە وڵاتی ئێران هێڵی گاز بۆ هەموو ماڵەکان لە هەموو شارەکان ڕاکێشراوە و تەنانەت خزمەتگوزارییەکە بۆ گوندەکانیش دابین کراوە و لە زستاندا ماڵەکانیانی پێ گەرم دەکەنەوە. بەڵام ڕەچاوی ستانداردی بەستنی سیستەمەکە کراوە و بۆیەش نەبووەتە خزمەتگوزارییەکی مەترسیدار.
هەرێمی کوردستان کە دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی بەرەو ئەوە دەڕوات لە داهاتوودا هێڵی گاز ”غاز” بۆ ماڵەکان ڕاکێشرێت و هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا و دراوسێ سوود لە سیستمی پێشکەوتووی گاز بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکان لە وەرزی سەرمادا بهێنێت.
خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ماڵەکانیان و تەنانەت بۆ پڕۆژەکانیان ماوەی چەند ساڵێکە دەستیان بە دامەزراندنی سیستمی سووتەمەنی گاز کردووە. بەهۆی ئەوەی کە لە کوردستان ئەو تۆڕە دانەمەزراوە ئەانەی پشت بەو سیستەمە دەبەستن ناچارن هەر لە ماڵەکانیان لە لە نێو پڕۆژەکانیاندا سوود لە تانکیی تایبەتیی سووتەمەنی وەربگرن.
ئەم جۆرە سووتەمەنییە لەبەر دوو هۆ لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لێ کراوە یەکەمیان لەبەر هەرزانیی ئەو جۆرە سووتەمەنییە و دوومیش لەبەر گرانتربوونی جۆرەکانی تری سووتەمەنی. فڕنی و نانەواخانە و سەموونخانەکان بۆ ئەمە هەر زوو دەستیان پێ کرد و خۆیان لە نەوت و گازوایل ڕزگار کرد. ئەو ماڵانەش کە سیستەمەکەیان بەستووە خۆیان لە کڕینی نەوت ڕەخساندووە.
نەوتی سپیی ماڵان نرخەکەی ئەوەندە گران بووە کە لە توانای هەموو کەسێکدا نییە دابینی بکات و ئەم ڕۆژانە هەر بەرمیلێکی بۆ نزیکەی ٣٠٠ هەزار دینار بەرز بۆتەوە و ئەم نرخەش نیوەی مووچەی مانگانەی بەشی زۆری کارمەندانە.
لە وەرزی سەرمادا کە کارەبا ئەوەندە لەبەردەستدا نییە تا ماڵی پێ گەرم بکرێتەوە،بۆیە خەڵک هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی بیر لە جێگرەوەیەک بکاتەوە. بە گشتیی لە ڕووی ئابووریشەوە گازی سروشتی بە هەرزانترین هەژمار دەکرێت.
جگە لەمە لە سیستەمی گواستنەوەشدا کەم نین ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەبەر گرانبوونی نرخی بەنزین ڕوویان لە بەستنی سیستەمی گاز کردووە کە هەم هەرزانترە و هەم کەمتر ژینگە پیس دەکات.
ڕووداوەکەی سلێمانی کە بەداخەوە بەهۆیەوە ١٥ مردن و هەموو کوردستانی تازییەبار کرد، بەهۆی ئەوە ڕووی دا کەمتەرخەمی لە بەستنی سیستەمەکەدا کرابوو و وەک بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانیش بۆ میدیاکان خستیە ڕوو گازەکە دزەی کردبوو و بۆیە ئەو تەقینەوەیە ڕوویدا.
سیستمی شۆفاژی ماڵان بە گاز ”غازی” جۆری ئێڵ پی جی لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێدراوە و ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا لەم بارەیەوە لە کورستان کار دەکەن و مۆڵەتیان هەیە و دەکرێ بەهۆی ئەم ڕووداوە چاودێرییەکان لەسەریان توندتر بکرێت.
لە سیستمی پێشکەوتووی ئەو جۆرە خزمەتگوزارییە ڕەچاوی هەموو شتێک دەکرێ و تەنانەت بە دزەکردنی کەمترین گاز سیستمەکە خۆی دادەخرێت د و ڕێگریی لە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە دەکات.
ڕووداوەکەی سلێمانی تەنیا ئەو بەرپرسیارێتییەی هێناوەتە کایەوە کە حکوومەت چیتر نابێت ڕێگە بدات کەسانی ناشارەزا یان بێمۆڵەت و بێ ئاگاداری و چاودێریی دامەزراوەکانی حکوومەت ئەو سیستەمە بەکاربهێنن و ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە کۆمپانیای زۆر پێشککەوتوو و باوەڕپێکراو بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێنێن کە بە گەرەنتی ئەو خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتییان چ لە خانوو، چ لە پڕۆژەکانیان دابین بکات. جگە لەمە ئەو کەرستانەش کە بۆ سیستەمەکە بەکار دەهێنرێن دەبێت کەرستەی بە کوالێتی و ستاندارد ببن و چاودێریی بازرگان و مەرزەکان بکرێت شتی بێ کوالێتی هاوردەی کوردستان نەکرێت.