ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعیدحەسەن

ڕابـــردوو کاتێک پیرۆزە لە خزمەتی داهاتـــوودا بێت، ئەگەرنا زۆرینەی ئەوانەی هانا بۆ قســـەی پێشـــینیان دەبەن، هیچی نوێیان پێ نییە بۆ گوتن بشـــێت. بۆ ئەوە زوو زوو کتێب بڵاو مەکـــەوە، دڵی نەیارەکانت شـــەق ببات، بۆ ئەوە بنووســـە گەشـــە و گوڕ بە کولتووری گەلەکەت بدەیـــت. ئەگەر هیچ لەبارەی فەلســـەفەوە نازانێت، ڕۆمان مەنووســـە، چونکە ڕۆمان کەســـانێک دەتوانن بینووســـن، ئەنسکلۆپیدیایەک بن بۆ خۆیان، بەوانە نانووســـرێت زانیارییەکانیان سنووردار بێت. پێم سەیرە تۆلســـتۆی، دەستۆیفیسکی، بەلزاک، دیکنز و مارکیز بناسیت و بوێریی ئەوە شـــک ببەیت، بڵێیت منیش ڕۆماننووسم. ڕەنگە هەندێک خوێنەرت هەبێت، خوێنەرانێک دەکەونە خانەی عەوامەوە. دەستۆیفســـکی ناچێت لەڕێی یەکێک لە کارەکتەرەکانییەوە، بیروڕای خۆی دەرببڕێت، بۆچوونی خۆی بەسەر هیچ کام لە کارەکتەرەکانیدا ناسەپێنێت، لێ دەگەڕێت هەر کارەکتەرە و ئازادانە قســـەی دڵی خۆی بکات و ئازادانە گەشـــە بکات،
ئەوە بۆیە باختین دەڵێت: ڕۆمانی فرەدەنگی دەستۆیفسکی دایهێناوە.
هەر لە خۆتەوە دەســـت بە نووسینی (شـــیعر) مەکە، ئەگەر تەنیا ئەو زمانە دەزانیت کە ئەم و ئەو قسەی پێ دەکەن، ئاخر شیعر بە زمانێکی دیکە دەنووسرێت، زمانێکی چڕی سەرچڵی یاخی لە زمانی باو، زمانێکی هونەریـــی باڵای فرە مەودا کە هەڵگری چەنـــدان لێکدانەوەی جیاوازە. ئەگەر هەر گوتراو دەڵێیتەوە، لاســـایی ئەدیبانـــی دێرین دەکەیتەوە و هیچ نوێ داناهێنیت، خۆت لە قەرەی نووســـینی شیعر نەدەیت باشترە. هۆڵدەرلین دەڵێت: (دونیا پێویســـتی بە ئاشـــتییە، ئاشـــتی بەرقەرار نابێت، ئەگەر گوێ لە شـــاعیران نەگیرێت.) شـــیعر کە ئەوەندە گرنگ بێت، هی ئەوە نییە، هەمووان خۆیان لە قەرەی بدەن. شیعر زمان نییە،
ڕۆحی زمانە کە دەنگی هەموو مرۆڤایەتییە.
لە ڕۆمان و شـــیعرەوە کە دوو ژانری ئەدەبن، دەچمە ســـەر ئیســـلام کە دوو جۆرە: سیاســـی و ناسیاســـی، بەڵام ئیســـلامی سیاســـی دوو جـــۆر نییـــە، توندڕۆ و میانڕۆ، ئاخر ئیســـلام کە سیاســـی بوو، ئیدی توندڕۆیش دەبێت. ئیخوانی تونس (نەهزە) کە گوایە میانڕۆترین بزاڤی ئیســـلامییە، چنگی بە خوێنی هەردوو تێکۆشـــەری سیکولار: شوکری بەلعید و موحەممەد بەراهمی ســـوورە، کـــە هەردووکیان لەبەر دەرگای ماڵـــی خۆیاندا تیرۆر کران، یەکەمیان بە چـــوار گولـلە و دووەمیان بە چواردە گولـلە، یەکەمیان لە 26ی شوباتی 201٣دا و دووەمیان لە 25ی تەممووزی هەمان ساڵدا. (د. عەبدولهادی عەجمی کە ئوستادی دیرۆکە لە زانکۆی کوەیت، باسێکی زانستی پێشکەش دەکات، تێیدا دەڵێت: بەر لە ســـەرهەڵدانی ئیسلام، بە هیچ زمانێک سەرچاوەیەکی مێژوویی نییە، وشـــەی (قورەیش)ی تێدا هاتبێت، کەچی ئیسلامییەکان لەبری ئەوەی پێچەوانەکەی بســـەلمێنن، دەیکافرێنن. د. إبتهال الخطیب، الطیور طارت
٢٠٢١/١٠/٢٢ القدس العربي.

ھەواڵی زیاتر