سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوتی برێنت زیاتر دابەزی

نرخی نەوت لە دوایین کاتی داخستنی مامەڵەکانی ناو بازاڕی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار دابەزی، ئەمەش بەهۆی نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەگەری زیاتر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە. لە ئاستی هەفتانەشدا نرخی نەوت بە رێژەی 10٪ دابەزی.

نرخی نەوتی برێنت لە کاتی داخستنی بازاڕی نەوت شەوی رابردوو 2 دۆلار و 82 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2 دۆلار و 63 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا بەو پێیە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دابەزینی گەورەیان تۆمارکرد.

لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 9٪ دابەزی و نرخی نەوتی برێنتیش بە رێژەی 10٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

جان کیلدۆف، دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاری (ئێگەین کاپیتاڵ) رایگەیاند، “رەوشی چین کە رووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی نرخی نەوت.”

کیلدۆف دەڵێت، هەفتەی رابردوو گەشبینی زۆر دروستبووە کە بەرپرسانی چین بازاڕەکانی ئەو وڵاتە زیاتر بکەنەوە، بەڵام ئەوەی کە روویداووە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانە کە دەستی حکومەتی بۆ ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ بەستووە.

شرۆڤەکارانی نەوت پێشبینی دەکەن حکومەتی چین لە چەند مانگی داهاتوودا نەوتی کەمتر لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر هاوردە بکات.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1748 دۆلار دابەزی 

دوای ئەوەی هەندێ ئاماژە دەرکەوتن لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رەنگە لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەوەی کە پێشبینی دەکرا، سوودی بانکی زیاتر بەرزبکاتەوە نرخی زێڕ رووبەڕووی دابەزینی گەورە بووەوە.

شەوی رابردوو لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.7٪ دابەزی و بە 1748 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

سوزان کۆلینز، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا – لقی بۆستن رایگەیاند کە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێویستە بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی.

سوزان کۆڵینز جەختی لەوە کردەوە کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ هێشتا لەسەر مێزی بڕیاردانە لە بانکی ناوەندی.

هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە دوای ئەوەی بازرگانان پێشبینی بەرزکردنەوەی کەمتری رێژەی سوودی بانکییان کرد لە ئەمریکا، بەڵام لێدوانەکانی کۆڵینز ئاراستەی بازاڕی زێڕی پێچەوانە کردەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا فواد رەزاقزادە، شرۆڤەکاری سیتی بانک دەڵێت، دوای بەرزبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو، نرخی زێڕ هەر دەبوایە ئاراستەی خۆ راستبوونەوە بگرێتەبەر و بەوپێیەش بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بە دوور نازانێت.