چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

كۆریای باكوور مووشه‌كێكی كیشوه‌ربڕی تاقیكرده‌وه‌

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سوپای كۆریای باشوور، ئه‌مڕۆ هه‌ینی كۆریای باكوور مووشه‌كێكی بالستی دوورمه‌ودا (كیشوه‌ربڕ)ـی تاقیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ دژی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بیونگ یانگ، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سه‌ركرده‌ی شه‌ش وڵات كۆببنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 18ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022) مووشه‌كێكی بالستی كیشوه‌ربڕی تاقیكرده‌وه‌، واشنتن پێیوایه‌ بیونگ یانگ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی ئاماده‌یه‌.

له‌باره‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆریای باكوور، وا بڕیاره‌ كامالا هاریس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی ئوستراڵیا، ژاپۆن، كۆریای باشوور، نیوزله‌ندا و كه‌نه‌دا كۆببێته‌وه‌.

هاریس له‌ ئێستادا له‌ لووتكه‌ی ئابووری ئاسیا و زه‌ریای هێمن له‌ تایلانده‌، داوای له‌و سه‌ركردانه‌ كرد، له‌ دژی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆریای باكوور كۆببنه‌وه‌.

سوپای كۆریای باشوور دووپاتیكرده‌وه‌، مووشه‌كێكی بالستی كیشوه‌ربڕ له‌لایه‌ن كۆریای باكووری دراوسێی تاقیكراوه‌ته‌وه‌. هۆشداریشیدا له‌باره‌ی كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازی توند له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه‌ له‌ دژی بیونگ یانگ.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ژاپۆن ناڕه‌زایه‌تی خۆی له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی بالستی له‌لایه‌ن كۆریای باكووره‌وه‌ ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، “ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌”.

فۆمیۆ كیشیدا سه‌رۆكوه‌زیرانی ژاپۆن راشیگه‌یاند، كاره‌ هه‌راسانكاره‌كانی كۆریای باكوور به‌رده‌وامن، ترس له‌وه‌ هه‌یه‌ واشنتن كاردانه‌وه‌ی توندی له‌به‌رامبه‌ر كۆریای باكوور هه‌بێت.

كیشیدا هه‌روه‌ها گوتی: “مووشه‌كه‌كانی كۆریای باكوور ده‌گه‌نه‌ كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكا”. داواشیكرد چه‌كی بیونگ یانگ دابماڵدرێت.