سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

فەرهاد تۆفیق، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كورستان: بە بوونی دەستوور، زۆربەی کێشەکانمان چارە دەبن

دكتۆر فەرهاد تۆفیق، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی سۆسیال دیموكراتی كورستان، لەم دیمانەدا دەڵێت: مەترسی لەسەر هەرێم هەیە، مەترسییەكانیش نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیین. هەرێم ناتوانێت بەبێ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی و پێگەی وڵاتە زلهێزەكان بڕیارێك، یان پرۆژەیەكیان ڕێككەوتنێك بكات بۆ پێشخستن و ئاوەدانکردنەوە. هاوكات ڕاستە قەوارەیەكییاسایی و سیاسیی دانپێدانراوی دەستوورییمان هەیە، بەڵام بەردەوام لەژێر هەڕەشەی وڵاتانی زلهێزی دراوسێمانداین.

* وەك پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان چۆن لە بارودۆخی ئیستەی هەرێم دەڕوانن؟

– ئێمە لامان وایە بارودۆخی هەرێـمی كوردستان زۆر هەستیارە و دەبێت لایەنە كوردییەكان بەتایبەت ئەولایەنانەی، كە دەسەڵاتییان بەدەستەوەیە و ڕۆڵیان لەڕاگرتنی سەقامگیریی و ئارامیی پێگەی هەرێمی كوردستاندا هەیە، دەبیت زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و بڕیار بدەن و هەڵوێست وەربگرن، چونكە بەپێی پێگە و دەسەڵاتی ئاسایش و كارگێڕیی و سیاسیی ئەوان، كاریگەریان لەسەر داهاتووی كوردستان دەبێت”

* هەستی نیشتمانی لای بەشێك لەخەڵكی لاواز بووەیا نەماوە، پێویستە حیزبەكانی كوردستان سەبارەت بەو مەسەلە، چی بكەن ؟

– جێگەی هەڵوێستە، ئەم بابەتە دەبێت حكوومەت و پارتەكانیش لێكۆڵینەوەی جددی لەسەر بكەن، بێگومان بابەتەكە فرەڕەهەندە، بەشێكی بابەتەكە گشتییە و پەیوەندی بەپرۆسەی جیهانگیرییەوە هەیە و سنوورەكان كاڵبوونەتەوە، بەشێكی تری پەیوەستە بەبارودۆخی هەرێمی كوردستان. بۆ چارەسەركردنی ئەمە، لەسەر حكوومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەكانیش پێویستە زۆر بە ئاگاییانە و وردبینییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن، بڕیارێك نەدەن، كە كاربكاتە سەر پرسی نەتەوەیی و بە زەرەر بشكێتەوە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان.

* چۆن دەڕواننە دڕێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان؟

– هەموو دواخستنێكی پرۆسەی هەڵبژاردن خراپە و كاریگەری خراپی هەیە، بەڵام پەیوەست بە هەلومەرجی ناوچەكە و هەرێم و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەكان و بارودۆخی ناو لایەنە سیاسییەكان و ئەو گرژییە توندەی لەنیوانیاندایە، هاوكات پرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و نەبوونی ئامادەكاری تەواو، بڕیارێكی دروستتر بوو، بە بەراورد لەگەڵ دروستبوونی كەلێنی یاسایی و قەیرانی سیاسیی لە هەرێم. ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردندا بووین لەكاتی خۆیدا.

*بۆچی هەرێمی کوردستان تا ئێستە دەستووری خۆی نییە؟

– بە بڕوای ئێمە دەستی ئیقلیمی ئەگەرڕاستەوخۆش لەبابەتەكەدا نەبوو بێت، ئەوا ناڕاستەوخۆ هەبووە و بە دڵی ئەوان بووە، چونكە دەستوور جگە لەوەی دایكی یاساكانە و پاڵپشتییەكی یاسایی بەهێزیش دەبوو بۆ هەرێمی كوردستان. ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین پێش دەستووری عێراق، ئەگەر هەرێمی كوردستان دەستوری خۆی هەبێت و سنووری هەرێم و ماف و دەسەڵاتەكانی خۆی تێدا دیاری بكردایە ئێستە زۆربەی كێشەكانمان چارەسەر دەبوون.

* ئێستە و بەردەوام ئەو مەترسییانە چین کە لەسەر هەرێم هەن؟

– بێگومان مەترسی لەسەر هەرێم هەیە، مەترسییەكانیش نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیین، هەرێم ناتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و پێگەی وڵاتە زلهێزەكان بڕیارێكیان پرۆژەیەك یان ڕێككەوتنێك بكات بۆ پێشخستن و ئاوەدان کردنەوە، هاوكات ڕاستە قەوارەیەكی یاسایی و سیاسی دانپێدانراوی دەستورییمان هەیە، بەڵام بەردەوام لەژێر هەڕەشەی وڵاتانی زلهێزی دراوسێمانداین و بەردەوام تۆپباران و هێرشی مووشەكی نەك تەنها بۆ سەر سنوورەكانمان بەڵکو بۆ ناو شارەكانیشمان دەكەنە سەر. لەڕابردوودا بینیمان چۆن بە بەرچاوی دنیا و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاساییشەوە سنووریان بەزاند و بۆشیان چووە سەر.

لە لایەکی دیکەوە، بەكارهێنانی هێزی نەرم لەلایەن دراوسێكان و حكومەتی ناوەندیشەوە، بابەتی لاوازبوونی هەست و بیری نەتەوەیی لای تاكی كورد، بە كەم سەیركردنی زمانی كوردی و شیرینكردن و بە بەرز زانینی زمانی تر و بەكەم سەیركردنی كەلتور و هێز و گەنجی كورد، مەترسی گەورەن.

* ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن لەماوەی ساڵێکدا تەواو دەبن؟

– بێگومان دەبێت ئومێدەوار بین كە لەماوەی ئەو ساڵەدا ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن و هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەر كۆمسیۆنیش نەیتوانی ئامادەكارییەكان بكات یانئێستا لای وایە پێی ناكرێت یان بڕیار لای ئەوان نییە و لای حزبەكانە، ئەوا پێویستە بۆ پاككردنەوەی ئەستۆی خۆیان بە زووترین كات دەست لەكاربكێشنەوەو كۆمسیۆنێكی تر پێك بهێنرێت و ئەوان ئامادەكارییەكان بكەن. ئەگەر نا، دەكەوینە دۆخێكی پڕ لە شەرمەزارییەوە و ڕەنگە ئەوكاتیش ناچاربین جارێكی تر تەمەنی پەرلەمان و حكوومەت درێژ بكەینەوە.

 * حکوومەتی نوێی عێراق لە ئاست داخوازییەکانی کورددا چۆن دەبێت؟

– بە كورتی ئەگەر كورد خۆی یەكدەنگ نەبێت حكوومەتی عێراق هیچی لێ چاوەڕوان ناكرێت بیكات بۆ كورد. ڕاستە كورد پەیوەندییەكی باشتری لەگەڵ بەغدادا هەیە، هەروەها ناوماڵی شیعەش ئەو یەكگرتووییەی جارانی نەما.