تەتەڵەكردنی سروودی “ئەی ڕەقیب”

حە‌یدەر عەبدڵڵا

سێیەم: دینمان ئایینمانە كوردستان لێرەدا دوو ئاڕاستەی تەواو پێچەوانە كەوتوونەتە سەنگەری یەكتر و تیران لە یەكتر دەنگێون. ئاڕاستەی یەكەم بەناوی ئایینی ئیسام ئەمەی پێ ناڕەوا و كوفرە و داوا دەكات هەتا زووە ئەم دێڕە بسڕێتەوە، چونكە ئایینی كورد ئیسامە نەك نیشتمان. ئەگەرچی لیژنەی فەتوایش تۆمەتی كوفربوونی لەسەر ئەم دێڕە ڕەواندەوە، بەڵام وا دیارە ئەم ئاڕاستەیە مل نادات و ڕوونكردنەوە و لێكدانەوەی سروودەكەش بۆیان بێسوودە. دەبوو ئەوان پرسیار لە خۆیان بكەن بۆچی كاتێك ئەم سروودە دەبێتە مارشی كۆماری كوردستان، نە قازی محەمەد و نە ئەو هەموو شێخ و مەلایەی بە دەوری قازییەوە بوون، كەسیان متەقی نەكردووە؟ ئاڕاستەی دووەم لایان وایە مەبەستی دڵدار ئەمە نییە و بەشێك لە موسڵمانان لە كرۆكی ئەم دێڕە نەگەیشتوون. دێن بە چەندان شێوە تەئویل و تەفسیری دەكەن، بە نمووونە پێیان وایە “دینمانە ئایینمان
نیشتمان” ڕەوانبێژی تێدایە، وەك چۆن بڵێی: ئازاد شێرە! ئەمە مانای وانییە ئازاد هەموو خەسڵەتەكانی شێری تێدایە، هەرواش ئەگەر بگوترێت: دینمان نیشتمانە. واتای وا نییە دین نیشتمانە، بەڵكوو دین وەك نیشتمانە، یانی نیشتمان لە گرنگی و بایەخپێدان بەشێكە لە ئایین. كەسێك زۆر پوولدۆست و عیشقەپارە بێت، دەڵێن: دین و ئیمانی بووەتە پارە، ئەمە مانای وا نییە دین و ئیمانی ئەو كەسە پارەیە، بەڵكوو پارە لای ئەو كەسە زۆر خۆشەویستە. هەرواش ئەگەر كەسێك گوتی: دین و ئیمانی بووەتە نیشتمان، واتا نیشتمانی زۆر خۆش دەوێت.
لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەدا هێندێك جار كەسانێك قسە دەكەن، هیچ دڵسۆزییەكیان بۆ ئایین و نیشتمان نییە و هەر دەیانەوێ
باسەكە زیاتر بورووژێنن و ئاگرەكە بە قسەی لابەلا خۆشتر بكەن. ڕاستییەكەی من نامەوێ لاگیری لە بۆچوونی هەر یەك لەم دوو ئاڕاستەیە بكەم، چونكە ئەمە دەبێتە ئاسنی ساردكوتانەوە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا. ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم:
یەكەم: بواری ئەدەب بە گشتی و شیعر بەتایبەتی، تێگەیشتن و لێحاڵبوونی تایبەتی دەوێ، ناكرێ هەروا بە ئاسانی مۆری كوفربوون بدەینە پاڵ چەند وشە و دەربڕینێك، كە لێیان تێناگەین، یان ئەگەر بە گوێرەی بیركردنەوەی ئێمە نەبوون تووڕیان بدەین، ئاخر ئەگەر وابێت هیچ شاعیرێكی كاسیكمان دەربازی نابێت و تەسەووف و عیرفانی قووڵیش فریایان ناكەوێت.
دووەم: سروودی ئەی ڕەقیب، كە زیاتر لە حەفتا ساڵە گوتراوە، دەكرێ گۆڕانكاری بەسەر چەند وشە و دەربڕینێكی دابێت و مانا و تێگەیشتنی بۆ خەڵ ئاسان بكرێت. هیچ وڵاتێكی دونیا نییە تەنها یەك سروودی نیشتمانی بۆ هەموو قۆناغێك گونجابێت. ئێمە دەبینین ساڵانە یاساكان هەموار دەكرێنەوە و لەگەڵ ڕێخت و سروشتی مرۆڤ دەسازێندرێن. ئایەتەكانی قورئان بە گوێرەی سەردەمی نوێ لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت و ڕێسا و ئەحكامی نوێیان لێ هەڵدەهێنجرێت. سروودی نیشتمانی هەر گەلێكیش دەبێت گوزارش لە مێژوو و واقیعی ئەو گەلە بكات. ئەگەر دێڕێك، یان وشەیەك، ئاڵۆزیی دروست كرد، دەشێ لە ڕێگەی پسپۆڕ و شارەزایانەوە بگۆڕدرێت، ئەوەی ئاگایی لە مارشی نەتەوە جۆربەجۆرەكانی دونیا هەبێت، زۆر بە ئاسانی بۆچوونی من قبووڵ دەكات، چونكە لە كۆتاییدا ئەمە سروودی نیشتمانییە و هی هەموو ئایین و ئایینزا و چینوتوێژە جۆربەجۆرەكانە.
سێیەم: بە گوێرەی ئەوانەی بایەخیان بە تێگەیشتن لەم سروودە داوە، سەرەتا ” دینمان ئایینمانە كوردستان” بووە. دواتر لەبەر ڕەقابەی دەستەڵاتی ئەوسا، كراوەتە “نیشتمان”. ئێستا وشەی ” هەر” زیادكراوە و لە جێگەی كوردستانیش ” نیشتمان” داندراوە. ئاشكرایە هەر بە هۆی ڕەقابەوە سەرەتا سروودی ئەی ڕەقیب لە چاپی یەكەمی دیوانی دڵدار چاپ نەكراوە. ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە، كە ئەم سروودە كەموزۆر دواتر بۆ چاپەكانی دیكە دەستكاری كراوە و ڕەقابەی پێ ڕازی كراوە. بە دیدی من باشتر وایە بگەڕێینەوە سەر دەقە ئەسڵیەكە. چوارەم: ئایا ” دینمان ئایینمانە نیشتمان”، بۆچی “دینمان” و “ئایینمانە” بە دوای یەكەوە دووبارە بووەتەوە؟ ئایا بۆ جەختكردنەوەیە لە خۆشەویستیی نیشتمان، یان لە كاتی ئاوازدانان وایان لێ كردووە؟ چونكە زۆر جار شیعری شاعیران دەكرێتە گۆرانی، بۆ گونجاندنی ئاوازەكە، چەندان وشە و دەستەواژەیان لێ دەگۆڕدرێت.

ھەواڵی زیاتر