کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا؛تا ئێستا سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە شەش شوێن جێبەجێ کراوە

پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک، وەزارەتی کارەبا بە شێوەی ئەزموونی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سيستەمی پریپەیدی کارەبایە، کە لە بواری ئابوورییەوە بۆ هاووڵاتیان و حکوومەت سوودێکی زۆری دەبێت.

لەو شوێنانەی کە سیستەمی پریپەید جێبەجێ کراوە، هاوبەشانی کارەبا پارەیەکی کەمتر بە کرێی کارەبا دەدەن و لە بری دوو کرێی کارەبا (ئەهلی و حکومی) تەنیا کرێی کارەبای ٢٤ کاتژمێری نیشتمانی دەدەن، بە بێ ئەوەی کە گۆڕان بەسەر نرخی یەکەی کارەبای نیشتمانیدا هاتبێت.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا، لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “تا ئێستا سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە شەش شوێن جێبەجێ کراوە، دوو شوێن لە هەولێر و دوو شوێن لە سلێمانی و دوو شوێن لە دهۆک”.
سیستەمی پریپەید تا ئێستا لە بازاڕی لەنگە و سیتییەکی هەولێر و بازاڕی دهۆک و کۆمەڵگەی ئەڤرۆ سیتی لە دهۆک و چوار سیتی و عەلوەی سلێمانی جێبەجێ کراوە.
لە بازاڕی لەنگەی هەولێر ١٥٠٠ هاوبەشی کارەبا، بە سیستەمی پریپەید کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریان هەیە و نرخەکەشی کەمتر بووەتەوە.
لە بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ سیتی بە گشتی ٩٣٠٠ هاوبەشی کارەبا، بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێریان هەیە و پارەیەکی کەمتریش بە بەراورد لەگەڵ بەر لە دانانی سیستەمەکە بە کرێی کارەبا دەدەن.
سیستەمی پریپەید لە ڕێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە وتەی بریکاری وەزارەتی کارەبا “ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک ٨٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و چالاک کراون’
نرخی کارەبا بە سیستەمی پریپەید بە هەمان نرخی پێشووە، بەڵام کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری دابین دەکرێت. جیاوازییەکەی تەنیا ئەوەیە کە هاوبەشی کارەبا لە سەرەتادا کارتی یەکەی کارەبا دەکڕێت و بەهۆیەوە بە پێی پێداویستیی خۆی کارەبا بەکار دێنیت. ئەم سیستەمە سێ سوودی گرنگی هەیە، یەکەم کرێی کارەبا لەسەر هاوڵاتی کەم دەکاتەوە و دووەم بارگرانیی سەر تۆڕەکانی کارەبا ناهێڵێت و سێیەم کێشەی کۆکردنەوەی داهات یان کرێی کارەبا چارەسەر دەکات، چونکە بەهۆی دەست پێوەگرتنەوە، بە پێی پێویست کارەبا بەکار دەهێنێت و کارەبا بە فیڕۆ نادرێت و کرێی کارەباش لە کاتی خۆیدا دەدرێت و لەسەر هاوڵاتی کەڵەکە نابێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: بە بەراورد، نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە هەموو جیهان کەمترە. لە قوناخی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێکی کارەبای ماڵان دوو سەنتە. لە سیستەمی پریپەیدا، دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە، تەنیا ئەوەیە کە سەری مانگ کرێی کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری دەدات.”
لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، بۆ نموونە کاسبکارێک کە مانگێکی دیاریکراو ١٤٨ هەزار دیناری تەنها داوەتە کرێی کارەبای ئەهلی، جگە لە کرێی کارەبای نیشتمانی، ئێستا ئەم کاسبکارە بەهۆی پریپەیدەوە مانگانە تەنها ٣٢ هەزار دینار دەداتە کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری و بۆ هەموو شتێکیشی دەتوانێت بەکاری بێنێت.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر، بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە:”لە مانگی ئابی ئەمساڵ هەر ئەمپێرێکی کارەبای ئەهلی لە دەوروبەری بازاڕی لەنگە ١٩ هەزار و ٢٥٠ دینار بووە، هەر هاوبەشێکی کارەبا بە سێ ئەمپێری کارەباوە ٥٧ هەزار و ٧٥٠ دیناری تەنها بە کارەبای ئەهلی داوە، لە کاتێکدا ئەم بڕە لەناو بازاری لەنگە بۆ هەر هاوبەشێکی کارەبا سفر بووە و تەنیا کرێی کارەبای ٢٤ کاتژمێری نیشتمانیی داوە. ”
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕيوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: “لە قەیوان سیتی و پاشا سیتی، سیستەمی پێدانی کرێی کارەبای هەزار و ٤٨٣ هاوبەش کراونەتە پریپەید، لە بەرزاییەکانی سلێمانی هەزار و ٤٤ هاوبەش و لە بەرزاییەکانی قەیوان هەزار و ٣٠ هاوبەش و لە بازاڕی عەلوە ٣٥١ هاوبەش بە سیستەمی پریپەید مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت”. تاوەکو ئێستا لە سلێمانی بە گشتی ٣ هەزار و ٩٠٨ هاوبەش بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریان دەبێت.
بە هۆی سیستەمی پریپەیدەوە، کێشەی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەباش لە نێوان وەزارەتی کارەبا و هاوبەشانی کارەبا چارەسەر دەکرێت و وەزارەتی کارەبا بودجەیەکی باشتری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی لەبەر دەستدا دەبێت، یەکێک لەوان پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند:” لە کۆتایی ئەم مانگە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە بازیان بەگەڕ دەخرێت. ”
ژێرخانی کارەبای هەرێم توانایی بەرهەمهێنانی زياتر لە ٧ هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت. بە چارەسەرکردنی شێوازی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لە رێگەی سیستەمی پریپەیدەوە، توانایی ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەباش بەهۆی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا یان دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، بەرز دەبێتەوە. لە ئەنجامی جێبەجێکردنی پرۆسەی پریپەیدەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە شوێنەکانی دیکەش زیاتر دەبێت، تا ئەو کاتەی کە بە جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید، کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێر.

ھەواڵی زیاتر