چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بە دروشمی “ئازادی، دیموکراسی و دادپەر وەری” کۆنگرەی ١٤ی پارتی دەستی پێکرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە دروشمی (ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری) لە شاری دھۆک دوێنێ ١٤ـەیەمین کۆنگرەی پارتی بە بەشداری زیاتر لە ھەزار ئەندام دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و وا بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.

پارتی لەڕووی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانییەوە بە گەورەترین حزب لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق دادەنرێت، سەرۆک بارزانی لە وەسفی پارتیدا دەڵێت، پارتی داربەڕووە، نە بە سووتان لەناو دەچێت و، نە بە بڕینەوە.
لەڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان ١٣ کۆنگرەی بەستووە و یەکەمجاریشە کۆنگرەی خۆی لە سنووری دھۆک دەبەستێت، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەی پارتی ھەزار ئەندامە و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەڵدەبژێرن و دەنگیش بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەدەن.

پارتی، ساڵی ١٩٤٦ دامەزرا
پارتی، ساڵی ١٩٤٦ بە دروشمی “یان کوردستان یان نەمان” دامەزراوە و دەستی بە خەبات کردووە. بەدرێژایی تەمەنی زنجیرەیەکی دانەبڕاو لە سەرکەوتنی تۆمار کردووە و دەستکەوتی گەورەی وەکو ‌شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵانی ھەبووە، ھەروەھا ڕۆڵێکی سەرەکیی لە دامەزراندنی بەرەیکوردستانی و ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١دا ھەبووە. پارتی یەکێک بووە لە لایەنە ھەرە سەرەکییەکانی دانانی پەرلەمانی کوردستان و کابینەیەک لە ‌دوا یەکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا داکۆکیکەری سەرەکیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو لە ساڵی ٢٠١٧.

دەستپێکی کۆنگرە
لە دەستپێکی کۆنگرەی ١٤ی پارتیدا،یادی ئەو سەرکردانە کرایەوە کە شەھید بوونەیان کۆچی دواییان کردووە لەوانە، عەلی عەبدوڵڵا، د. ڕۆژ نووری شاوەیس، فەلەکەدین کاکەیی، محەممەد مەلا قادر، نادر ھەورامی، فەرەیدوون جوانڕۆیی، ڕەمزی شەعبان، محەممەد ھەرکی، دواتر تابلۆی ھونەری پێکەوەژیان لەلایەن ژمارەیەک کچ و کوڕی دھۆک پێشکەش کرا.
دوای ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی کۆنگرە سەرۆک بارزانی، وتارێکی پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باس لە کۆنگرە و ڕێنماییەکانی کرد.

ڕۆژییەکەمی کۆنگرە
راپۆرتی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە خوێندرایەوە، دواتر لێژنەیەکی ڕێکخستن و دارایی و ئیداری دروست کرا، پارچە شیعرێک پێشکەش کرا، پاشان کورتەڤیدیۆیەکی شنگال پێشکەش کرا؟ دواتر دەستەی سەرۆکایەتیی کۆنگرە پێک ھێنرا، بۆ ئەوەی کاری ئەم سێڕۆژە لەلایەن ئەو دەستەیە بەرێوە بچێت، دواتر یەکەم ئەرکیان ھەڵبژاردنی سەرۆک بوو، کە دووبارە سەرۆک بارزانی بووە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بوونە جێگیری سەرۆک. ھەر لەڕۆژی یەکەمی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٤ی پارتی داوا لە ئەندامانی کۆنگرە کرا فۆڕمێک پڕ بکەنەوە. دواتر ڕاپۆرتی سیاسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی خوێندرایەوە، ھەروەھا لیژنەکانی پڕۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ، سکاڵا و پێشنیار پێک ھێندرا ھەر لیژنەیەک لە ١٠ ئەندامی کۆنگرە پێک ھێنرا، پاشان فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر کۆنگرەکانی پارتی پیشان درا.

پرۆتۆکۆڵ و سیمای کۆنگرەی پارتی
ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا، زیاتر بووە جێگای سەرنج، پرۆتۆکۆڵ و ئیدارەدانی کۆنگرەکە بوو، کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە ئیدریس ھادی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی بەڕێوە چوون، ھەموو جارێکیش کۆتا ڕاپۆرت دەدرایە سەرۆک بارزانی، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەش بەباشی بەڕێوە چوو.
لە کۆتاییشدا، سوپاسی ھەموو ئەندامانی پارتی کرد کە بەڕۆحێکی پارتیانە کاریان کرد و سیمای دیموکراتیی پارتییان پێشانی خەڵک دا.

گۆڕانکارییەکان
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، ئێستا ناتوانین ھیچ بڕیارێک بدەین ئایا گۆڕانکاری دەکرێت یان ناکرێت، ئەمانە ھەمووی پەیوەستە بەو گفتوگۆیانەی کە ئەندامانی کۆنگرە دەیانبێت کە ئایا ئەوان چی بە پەسند دەزانن بۆ داھاتووی ئەو حزبە.”
لەبارەی گۆڕانکاری لە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی، مەحموود محەممەد ڕایگەیاند، “تائێستا ئەوەی ھەیە ھەر ژمارەکەی پێشووە، ٥١ بە ٩ ئەندامی یەدەگ، بەڵام دیسان ئەمەش قابیلی ئەوەیە لەناو کۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.”

سەرۆک و جێگرانی ھەڵبژێردران
سەرۆک بارزانی، بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردرایەوە، و ھەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەم ھەڵبژێردران.

پێشنیازە نوێیەکەی سەرۆک بارزانی
زاگرۆس فەتاح، ئەندامی کۆنگرەی ١٤ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی گوتاری سەرۆک بارزانی لەیەکەم ڕۆژی کۆنگرەی ١٤ باسی لەوە کرد، سەرۆک بارزانی بەڵێنی دا کە ھیچ ئەندامێکی پارتەکەی لە ھیچ شوێنێک مافی نەخورێت، ھەروەھا ڕوونکردنەوەیەکی زۆر باشی دا لەبارەی دۆخی پارتی و کۆمەڵێک پێشنیازی پێشکەش کرد.
لەبارەی پێشنیازەکانی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە، زاگرۆس فەتاح گوتی: “پێشنیازەکان خۆی لە کۆمەڵێک شت دەبینێتەوە لەوانە، بایەخدان بوو بە گەنجان و ئافرەتان، لەھەمانکاتیشدا ئەو نەوەیەی لەڕابردوودا خزمەتیان کردووە لەگەڵ نەوەی تازەدا پێکەوە کار بکەن بەمەبەستی بەھێزترکردنی پارتی.
زاگرۆس فەتاح، ئاشکرای کرد، سەرۆک بارزانی کەناڵێکی ڕاستەوخۆ تایبەت بەڕەخنە و گلەییەکان دەکاتەوە، لەو کەناڵەدا ھەموو ئەندامێکی پارتی دەتوانێت گلەیی و گازندەی خۆی بگەیەنێتەوە سەرۆک بارزانی.
ئەوەش خرایەڕوو، کە سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاندووە، خۆی سەرپەرشتیی کەناڵەکە دەکات و بەڵێنی داوە ھیچ ئەندامێکی پارتەکەی لە ھیچ شوێنێک مافی نەخورێت.

دوای کۆنگرە بەرنامەیەک دادەنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان
سەرۆک بارزانی لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی، پەنجەی خستە سەر ئەو کەموکوڕییانەی کە ھەیانە، ھەروەھا تیشکی خستەسەر سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، ھەروەھا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، دوای کۆنگرە بەرنامەیەک دادەنرێت بۆگفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.

ڕۆڵی پارتی لە خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد
پارتی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە خەباتی بزاڤیڕزگاریخوازی کورد و بەتایبەتی لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕینی ١٩٩١ ھەبوو، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ٢٠١١ پارتی ١٣ کۆنگرەی بەستووە کە چواریان لە بەغدا و چواریان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ٢ لە ورمێ بووەنە، ھەروەھا ٣ کۆنگرەی دیکەی لە ھەولێر بەستووە، لە دوایڕاپەڕینی ١٩٩١ دروشمی پارتی لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدڕاڵی گۆڕدرا، لە دوای کۆنگرەی ١٣ش پارتی دروشمی سەربەخۆی بۆ کوردستان بەرز کردەوە، پارتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی خاوەن چەندین وێستگەی گرنگە لە خەباتی کوردایەتی و نەتەوایەتیدا.
کۆنگرەی پارتی وێستگەیەکی گرنگە لە ژیانی پارتایەتیدا، بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان، چونکە پارتی پێشڕەوایەتی خەباتی گەلی کوردستان دەکات، بۆیە کۆنگرە ھەم نوێبوونەوەیە، ھەم ھەڵسەنگاندنی ئیش و کارەکانە لەڕابردوودا”.

خشتەی کاری ڕۆژی دووەمی کۆنگرە
خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەکان کە دوێنێ دەسبەکار بوونە، ناوی کاندیدەکانیشی تێدایە ئەوانەی کە دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی، پرۆسەی دەنگدانیش ھەر ئەمڕۆ بەرێوە دەچێت، ھەر ئەمشەو جیاکردنەوەی دەنگەکان دەست پێ دەکات، ئەگەر پەیڕەوی ناوخۆی پارتی گۆڕانکاری بەسەردا نەھێت، ٥١ ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵدەبژێردرێن، دوای کۆنگرە ١٧ ئەندامی مەکتەبی سیاسی دیاری دەکرێن، بەڵام ئەگەر ھەیە ڕێژەکە بەرز بکرێتەوە بۆ ٦١ ئەندامی سەرکردایەتی و ٩ ئەندامی یەدەک، لەگەڵ ئەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بکرێنە ٢١ ئەندام، بۆ ڕۆژی دوای واتە ڕۆژی سێیەم، لە کۆنگرەدا ڕاپۆرتی چارەسەر و پێشنیاز و داھاتووی پارتی دەخرێتە‌روو وەک پەیڕەو و پڕۆگرام، بۆ ئەوەی لەوێش پەسەند بکرێت و بکرێتە بەرنامەی کاری داھاتووی پارتی”.

یەکەم کۆنگرەی پارتی
ساڵی ١٩٤٦، ئەو کاتەی کورد ڕووبەڕووی زوڵمی زۆرداری دەستەڵاتدارانی ناوچەکە دەبوویەوە، بەڕابەرایەتی مستەفا بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا، لە ١٦ی ئابی ھەمان ساڵ پارتی یەکەم کۆنگرەی خۆی ئەنجام دا و تێدا مستەفا بارزانی، وەکو سەرۆک و ڕێبەری ئەو حزبە ھەڵبژێردرا.