سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مه‌حموود محه‌ممه‌د: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هاوبه‌شین به‌ڵام ناته‌باین

وته‌بێژی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی كۆنگره‌ی چوارده‌ی پارتی، له‌ میانی گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ركابه‌ری یه‌كدین، نه‌ك دوژمن، هاوبه‌شین، به‌ڵام ناته‌باین، گرنگه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌ هه‌بێت تێگه‌یشتنی هاوبه‌شمان هه‌بێت.

مه‌حموود محه‌ممه‌د، له‌ باره‌ی كاره‌كانی سبه‌ی كۆنگره‌ی چوارده‌ی پارتی گوتی: هه‌ریه‌ك له‌ لیژنه‌كانی په‌یڕه‌و، پرۆگرام، راپۆرتی مه‌كته‌بی سیاسی و سكاڵا سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی راپۆرتی خۆیانن و سبه‌ی له‌ كۆنگره‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر راپۆرته‌كانیان ده‌كرێت.

گوتیشی: یه‌كێكی دیكه‌ له‌ به‌رنامه‌كانی سبه‌ی كۆنگره‌، به‌خشینی مێدالیای بارزانی یه‌، له‌ لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ به‌ ژماره‌یه‌ك تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تیی.

له‌ باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن، مه‌حموود محه‌ممه‌د گوتی: ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ ده‌كه‌ن، له‌ سیستمی كاركردنی پارتی تێنه‌گه‌یشتوون، چونكه‌ له‌ كۆنگره‌دا زیاتر له‌ 100 كه‌س خۆیان بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پاڵاوتووه‌ و به‌ ده‌نگدان یه‌كلای ده‌كرێته‌وه‌.

روونیكرده‌وه‌، به‌ گوێره‌ی پێشنیازه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌ 51 ئه‌ندام و 9 یه‌ده‌گ پێكدێت، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ له‌ رێی ده‌نگدانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن.

له‌ باره‌ی ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی جێگرانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆنگره‌ گوتی: به‌ گوێره‌ی په‌یڕه‌و، سه‌رۆك ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریه‌ك له‌ جێگرانی سه‌رۆك ده‌ستنیشان ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری ژنانیش له‌ سه‌ركردایه‌تی، گوتی: رێژه‌یان نابێت له‌ سه‌دا 15 كه‌متر بێت، به‌ڵام ئاساییه‌ له‌و رێژه‌یه‌ زیاتر بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی چوارده‌ی پارتی، مه‌حموود محه‌ممه‌د باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد و گوتی: به‌ گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان باشه‌ و هه‌ندێك لایه‌نیش هه‌یه‌ وه‌كو په‌كه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵیاندا نییه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی خۆسه‌پاندن ده‌ده‌ن.

گوتیشی: له‌گه‌ڵ لایه‌ن و حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كانیشدا، ئێمه خاوه‌نی پرسێكین، هه‌ر لایه‌نێكی عه‌ره‌بی لایه‌نگری به‌دیهێنانی مافه‌ ده‌ستووری و نیشتمانییه‌كانمان بێت، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت.

باسی له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش كرد و گوتی: له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌ندییه‌كانمان پێشوه‌چوونی ئه‌وتۆیان به‌ خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ره‌و ئاڵۆزی هه‌ڵنه‌كشاون.

هه‌روه‌ها وتی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئێمه‌ هاوبه‌شین، به‌ڵام ناته‌باین، ئێمه‌ ركابه‌ری یه‌كدیین، نه‌ك نه‌یاری یه‌كدی، پێویسته‌ ئه‌و دوو چه‌مكه‌ی “ركابه‌ر و نه‌یار” له‌یه‌ك جیابكه‌ینه‌وه‌ و له‌و پرسانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ هاوڕایی و یه‌كده‌نگی هه‌یه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێمی كوردستانن پێویسته‌ هاوڕا و ته‌با و كۆك بین.