چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عه‌لی حوسێن: پارتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ حزبێكی حیساب بۆكراوه‌

كاره‌كانی رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌ی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتاییهات، سه‌رۆك بارزانی به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكرانی كوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عه‌لی حوسێن ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14 و كاندید بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، پارتی ئه‌و حزبه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی سه‌رۆك بارزانیدا له‌ خه‌بات و تێكۆشاندایه‌، میلله‌تی كوردیش له‌م قۆناغه‌دا پێویستی زۆری به‌ ئه‌زموون، پێگه‌ و رێبه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی هه‌یه‌، چونكه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو كارێزمایه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ش.

هه‌روه‌ها گوتی: “هه‌ڵبژاردنی هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی بۆ جێگرانی سه‌رۆك بارزانی، وێڕای ئه‌وه‌ی په‌یامێكی گرنگ بوو، هێزێكی گه‌وره‌ش به‌ پارتی ده‌به‌خشن”.

ده‌شڵێت: “پارتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌، حزبێكی حیساب بۆكراوه‌”.

له‌باره‌ی كاروچالاكی رۆژی دووه‌می كۆنگره‌ی 14ـی پارتی، عه‌لی حوسێن گوتی: “سبه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركرایه‌تی پارتی دیاریده‌كرێت، به‌شێك له‌ سه‌ركرایه‌تی كۆنگره‌ی 13، هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ش له‌ خوێنی تازه‌ و خاوه‌ن بڕوانامه‌كانیش بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێن”.

په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و حزبه‌كانی دیكه‌ كاری كۆنگره‌ی 14 ده‌بێت، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پارتی به‌رنامه‌ی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌ و به‌غدا ده‌بێت.

عه‌لی حوسێن گوتیشی: “كۆمه‌ڵێك ئۆرگانی تازه‌ دروست ده‌بن، ئۆرگانی سكاڵا دروست ده‌بێت، كه‌ راسته‌وخۆ سكاڵاكان ده‌گه‌نه‌ خودی سه‌رۆك بارزانی”.

له‌باره‌ی به‌شداریكردنی ژنان له‌ ریزه‌كانی پارتی دووپاتیكرده‌وه‌، رێژه‌ی %25 ئافره‌ت له‌ كۆنگره‌ به‌شدارن، پارتی گرنگی به‌و بابه‌ته‌ ده‌دات، له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی و راپۆرته‌ سیاسییه‌كان جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌.