سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

میدیا حسێن بەرهەمێك بۆ سلێمانی بڵاو دەكاتەوە

هونەرمەند میدیا حسێن نوێترین بەرهەمی بۆ شاری سلێمانی ئامادەیە و بۆ یادی ئەو شارە بڵاوی دەكاتەوە.

هونەرمەند میدیا حسێن بە (هەولێر)ی راگەیاند، نوێترین بەرهەمی بەناوی (سلێمانی) بۆ خۆشەویستی و سروشتی شاری سلێمانییە و وتی “ئەو بەرهەمە هۆنراوە و ئاوازی خۆمە 1989 تۆمارم كردووە، موزیكی وەك پێویست نەبووە، بۆیە پێم باش بوو نوێی بكەمەوە، كاتی خۆی ئەو شیعرەم نیشانی مامۆستا حەمەساڵح دیلان داوە و ئەو شیعرەش یادگاری مامۆستا دیلانی تێدایە و تێكستی سەردەمی گەنجییە، بۆیە هاوڕێیانیشم پێیان باش بوو نوێی بكەینەوە”.

ناوبراو روونی كردەوە، ئەو بەرهەمە حەوت تراك بوون پێكەوە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری سلێمانی حەوت ساڵ لەمەوبەر سپۆنسەری كردووە و ئەمساڵ ئەو بەرهەمەم لای موزیسیان نزار زێوەیی تۆمار كردووە، گۆرانییەكەش باسی سروشتی سلێمانی دەكات لە كاتی بەفرباریندا.

هونەرمەند میدیا حسێن چەند ساڵێكە وەك پێشكەشكار لە كەناڵەكان بەرنامەی هونەریی پێشكەش دەكات و دوایین كاریشی ئامادە و پێشكەشكاری بەرنامەی (ئاوازێ مە) بوو لە كەناڵی دیمەن، لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە كرد “سوپاسی كەناڵەكان دەكەم بانگهێشتیان كردووم بۆ پێشكەشكردنی بەرنامە، بەڵام خۆم ئامادەكار و پێشكەشكاریش بووم، قورسی بەرنامەش لە ئامادەكاریدایە كە خۆم سەرچاوەی زانیارییەكان بم و پەیدایان بكەم، ئەگینا هەموو كەس دەتوانێت پێشكەشكار بێت”.