شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

مه‌سرور بارزانی: هه‌موو پله‌ و پۆستێك به‌لای منه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌

له‌ میانه‌ی كۆنگره‌ی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان،  مه‌سرور بارزانی، وه‌ك جێگری سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵبژێردرا، له‌ گوتارێكدا رایگه‌یاند، جێی شانازییه‌ ئه‌ندامی پارتێك بم كه‌ جه‌نابی بارزانی نه‌مر دامه‌زرێنه‌ری بێت و سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی بێت.

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: “زۆر سوپاسی برای به‌ڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌م بۆ ئه‌و پێشنیاره‌، من خۆم به‌ قه‌رزاری هه‌مووتان ده‌زانم، هه‌روه‌ك جه‌نابی سه‌رۆك فه‌رمووی ئێمه‌ هه‌موومان به‌هۆی پارتییه‌وه‌ گه‌وره‌ین، به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌توانین سه‌ربكه‌وین”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “بۆمن شه‌ره‌ف و شانازییه‌ ئه‌ندامی پارتێك بم كه‌ جه‌نابی بارزانی نه‌مر دامه‌زرێنه‌ری بێت و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی ئه‌م حزبه‌ بێت”.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی گوتی:”سوپاسی متمانه‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، من هه‌میشه‌ فه‌رمووده‌ی جه‌نابی بارزانی نه‌مر كه‌ ده‌فه‌رمووێت  “مرۆڤ ده‌بێت خزمه‌تكاری گه‌لی خۆی بێت” كردوومه‌ته‌ سه‌رمه‌شقی ژیانی خۆم، ئێمه‌ له‌هه‌ر ئه‌رك و پۆستێك دابین، پێویسته‌ خزمه‌تكاری گه‌لی خۆمان بین، هه‌ر پۆست و وه‌زیفه‌یه‌ك به‌لای منه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌”.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، “له‌هه‌ر شوێنێك بم، خۆم به‌ خزمه‌تكاری ئێوه‌ی به‌ڕێز و گه‌له‌كه‌م ده‌زانم، به‌ڵێن ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ برای به‌ڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی له‌ سایه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك له‌ خزمه‌تی ئێوه‌ دابین و به‌ هه‌موو ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی كه‌ پارتی له‌سه‌ری دامه‌زراوه‌، پابه‌ندبین و له‌پێناوی خۆمان به‌خت بكه‌ین”.

مه‌سرور بارزانی گوتیشی: “به‌ڵێن ده‌ده‌م جه‌نابی سه‌رۆك، هه‌روه‌ك چۆن فه‌رمووتانه‌ “ته‌عه‌دا له‌كه‌س مه‌كه‌ن و ته‌عه‌دا له‌كه‌سیش قبووڵ مه‌كه‌ن”، ئێمه‌ ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌ پێشینه‌ی كاری خۆمان و به‌رده‌وام بین له‌سه‌ری، ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت بۆ خزمه‌تی ئه‌و حزب و ئه‌و گه‌له‌ له‌سه‌ری به‌رده‌وامبین و درێغی نه‌كه‌ین، خودا یارمه‌تیمان بدات ئێمه‌ بتوانین ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ پێشمانه‌ زیاتر له‌ خزمه‌تی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست دابین، بتوانین هه‌م پارته‌كه‌مان سه‌ربخه‌ین، هه‌میش ئه‌زموونی وڵاته‌كه‌مان به‌ره‌و قۆناغێكی گه‌شتر و پێشكه‌وتووتر ببه‌ین، جارێكی دیكه‌ زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ متمانه‌ به‌خشینتان”.