پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

باڵیۆزی ئەمەریکا کاردانەوەی بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان نیشاندا

ئێلێنا رۆمانۆوسكى، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکانی ئەمدواییە قسەی کرد و گوتی: زۆر بەوردی ئاگاداری دۆخەکەین.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 2ـی تشرینی دووەم)، دووەم رۆژی دیداری مێری بەڕێوەچوو و ئێلێنا رۆمانۆوسكى، باڵیۆزی ئەمەریکا لە پانێلێکدا قسەی کرد.

دیدارەکە لە ژێر ناوی “عێراق بۆ هەمووان” بەڕێوەدەچێت و رەوشی ئێستا و داهاتووی عێراق، قسەی لەبارەیەوە کرا.

لەو پانێلەی کە باڵیۆزی ئەمەریکا تێیدا قسەی دەکرد، یەکێک لە بەشداربووان لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر کۆیە، زەرگوێزی سلێمانی و پردێ و هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئێران و هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەریان، پرسیاری لە ئێلێنا رۆمانۆوسكى کرد.

رۆمانۆوسكى لە وەڵامدا گوتی: ئێمە نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە عێراق و تەواوی ناوچەکەدا هێرشەکانی ئێرانمان سەرکۆنەکردووە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت: ئێمە لەو هەڕەشانە زۆر نیگەرانین و لە رێگەی دیپلۆماسی و سەربازییەوە لێرە [هەرێمی کوردستان] و لە عێراق لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین، ئێمە زۆر بەوردی ئاگاداری دۆخەکەین.

رۆژی یەکی تشرینی دووەم، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕنال لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی سعودی ئاشکرایکرد، ئێران هەڕەشەی هێرشکردنەسەر سعودیا و هەولێری کردووە.

هاوکات وتەبێژێک بە ناوی کۆشکی سپییەوە، لەگەڵ ئاماژەدان بەو هەڕەشانە دووپاتیکردووەتەوە، “بۆ پشتگیری لە هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا و بەبێ دوودڵی، کاردانەوەمان دەبێت”.