هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سویسرا سزا بەسەر کۆمپانیای درۆنی شاهید و سێ بەرپرسی باڵای ئێراندا دەسەپێنێت

حکومەتی سویسرا دەستی بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی یەکێتیی ئەوروپا کرد و سزای بەسەر کۆمپانیایەکی ئێرانی و سێ بەرپرسی باڵای سوپای پاسداراندا سەپاند، ئەمەش بەهۆی پێدانی هاوکاری بە رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا. 

رۆژی چوارشەممە، 02ی تشرینی دووەمی 2022، وەزارەتی ئابووریی سویسرا سزای بەسەر کۆمپانیای شاهیدی ئێرانیدا سەپاند، ئەو کۆمپانیایەی کە درۆنی شاهیدی ئێرانی بەرهەم دەهێنێت، هاوکات سزای بەسەر سێ بەرپرسی باڵای سوپای پاسداراندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی رۆڵی ئێران لە جەنگی ئۆکراینا و دابینکردنی درۆن بۆ سوپای رووسیا. 

وەزارەتی کاروباری ئابووریی سویسرا لە راگەیێندراوەکەیدا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە کۆمپانیای شاهید سەر بە سوپای پاسدارانە و ئەو درۆنانەی ئەو کۆمپانیایانە بەرهەمی دەهێنێت، لەلایەن تارانەوە بۆ رووسیا دابین کراوە و مۆسکۆش لە دژی ئۆکراینییەکان بەکاریهێناون. 

هەروەها بێجگە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایەدا، سویسرا سزای بەسەر سێ بەرپرسی باڵای سوپای پاسداراندا سەپاندووە، لەوانەش؛ محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەید حوجەتوڵڵا قورەیشی، بەرپرسی لۆجیستی لە وەزارەتی بەرگریی ئێران و سەعید ئاغاجانی، فەرماندەی یەکەی درۆن لە سوپای پاسداران.

سزاکانی سەر ئەو سێ بەرپرسە باڵایەی ئێران، بریتییە لەوەی بۆیان نییە بچنە نێو خاکی سویسرا و هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو بەرپرسانە قەدەخەیە و هەر موڵک و سامانێکیشیان لە سویسرا هەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی، لە چەند مانگی رابردوودا، ئێران درۆنی شاهید – 136ی بۆ سوپای رووسیا دابینکردووە کە مۆسکۆش لە زنجیرە هێرشەکانی مانگی رابردوودا بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا و بەتایبەت کیێڤی پایتەخت بەکاریهێناون.

بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە و رووسیاش رایگەیاندووە کە ئامانج لەو تۆمەتانەی رۆژئاوا تەنیا گوشارخستنەسەر ئێرانە و رەتیشیکردووەتەوە دۆرنی ئێرانی لە جەنگی ئۆکراینادا بەکارهێنابێت.