هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا كۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2022/11/2 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ئێلێنا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ كرد و جەختیان لە گرنگیی دەستنیشانكردنی كارە لەپێشینەكانی حكوومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی دامەزرانی حكوومەتی نوێی عێراق دەرەفەتێكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەتوانێت كار بۆ ئارامی و سەقامگیریی وڵات بكات كە كاردانەی بەسەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەكەدا هەیە.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندیی هاوسەنگی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە كردەوە و هاوڕا بوون كە حكوومەتی نوێی عێراق دەر‌فەتی هەیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی خۆشكردنی زەمینەیەكی لەبارەوە، هانی وەبەرهێنان بدات و سەرمایە و كەرتی تایبەتی بیانی ڕابكێشێت بۆ ئەوەی بەشداری و هاوبەشی لە پرۆسەی پێشخستنی وڵاتدا بكەن.
پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، تیایدا وێڕای دووپاتكردنەوەی خواستی ئەمەریكا بۆ برەودان بە هاریكاری و پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئەمەریكا تیشكی خستە پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەی پێشمەرگە و پشتگیری و هاریكاریی وڵاتەكەی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە نیشان دا.
كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆ و هەوڵەكانی چارەسەكردنیان، گرنگیی چارەسەر كردنی كێشەی نەوت و غاز لەگەڵ بەغدا، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و گرنگیی خاوكردنەوەی گرژییەكان، گۆڕانی كەشوهەوا، چاكسازیی ئابووری، ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەورێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسی دیسكی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەی بوون.