هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە دهۆك 655 پڕۆژە جێبەجێ دەكرێن

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ ساڵەی كابینەی نۆیەم، ژمارەیەك پڕۆژەی جیاوازی لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێکردووە و بەردەوامیشە لە جێبەجێ کردنی پرۆژەی دیکە.

پارێزگای دهۆك وەک پارێزگاکانى دیکەی هەرێمی کوردستان، ئێستا چەندین پڕۆژەی جیاوازى لە سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان تێدا جێبەجێ دەکرێت.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك بە پێگەی فەرمی حكومەتی ڕاگەیاند: لە سێ ساڵى 2020 و 2021 و 2022، بە گشتی 655 پڕۆژەمان لە پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە کە گوژمەى هەموویان 488 ملیار و 991 ملیۆن دینار بووە.

پڕۆژەکانیش بە پێى ساڵەکان بەم شێوەیە دابەش بوون:

ـ لە ساڵی 2020دا پرۆژەکان بریتی بوون لە 144 پڕۆژە کە 136 پڕۆژەیان تەواو بوون و 8 پڕۆژەی گەورەشیان ئێستا كاریان تێدا دەكرێت کە گوژمەی سەرجەمیان 235 ملیار دینار بووە.

ـ لە ساڵی 2021دا ژمارەی پرۆژەکان 133 پڕۆژە بوون کە 98 پڕۆژەیان تەواو بوون و 35 پڕۆژەشیان ماون کە گوژمەی سەرجەمیان 90 ملیار دینار بووە.

ـ پرۆژەکانی ساڵی 2022، بریتییە لە 378 پڕۆژە، کە 191 پڕۆژەیان کەوتوونەتە كار یان کاریان تێدا دەكرێت. هەروەها 187 پڕۆژەشیان لە قۆناغی تەندەرنینگن و گوژمەی ئەم پڕۆژانەش 164 ملیار و 400 ملیۆن دینار بووە.

ئەو پڕۆژانەی کە لە ئەنجامی سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ شاری زاخۆ بڕیاریان لەسەر دراوە بریتى بوون لە 51 پڕۆژە، کە 49 پڕۆژەیان كەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیان و یەكێكیش لەو پڕۆژانە 98%ى تەواو بووە و ئەوەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت، چونکە پڕۆژەیەكی گەورەیە و گوژمەکەی 50 ملیار دینارە.

 لە قەزای ئامێدی 105 پڕۆژە بڕیاریان لەسەر درا کە 104یان كەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیان و تەنیا یەك پڕۆژەیان ماوە کە ئەویش پڕۆژەی نەخۆشخانەی دێرەلووكە و لەبەر ئەوەی پڕۆژەیەكی گەورەیە ئیشكردن تێیدا بەردەوامە و هەندێك كاتی ماوە بۆ تەواوبوون. ئەو پڕۆژانەش لەم قەزایە، بە گوژمەی 90 ملیار و 500 ملیۆن دینارن.

 لەماوەی ئەو چەند ڕۆژەی دواییش ژمارەیەك پڕۆژەی دیکە هاتووە، لەوانە 11 قوتابخانەی 18 پۆلی و 2 یوتێرن لەسەر جادەی بارزان لە بواری جێبەجێکردندان و بە دروستکردنیشیان ئەو ڕێگەیە دەبێتە ڕێگەیەكی خێرا، واتە كاتێك لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیلەوە دێیتە نێو هەرێمی كوردستان، تا دەگەیتە هەولێر تەنیا یەک ترافیكلایت لەسەر ڕێگەکە دەمێنێت کە ئەویش ترافیكلایتی شێخانە، واتە بە دروستكردنی ئەو دوو یوتێرنە کار ئاسانی زۆر بۆ شۆفێران دەکرێت.

جگە لەوانەش پڕۆژەی دیکەی تایبەت هەن کە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر داون و جێبەجێ كراون، هەندێک پڕۆژەی لەناكاویش هەن، وەك ڕووخانی پرد یان دابینكردنی ئاو بۆ شوێنێك، ئەوانەش ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەكرێن. پڕۆژەكانیش دابەش كراون بەسەر سێکتەرەکانى شارەوانی، تەندروستی، پەروەردە، ڕێگاوبان، ئاو و ئاودێری و كارەبا.