ئافرەتی بەرمەمکانەوەبەر و پارێزگاری لە مەمكی

ئافرەت دوای زەیسانی، بە هۆی شیر و کاریگەری هۆرمۆنەکانەوە قەبارە و قورسایی مەمكی زیاد دەکات، لەو کاتانەدا بەستنی مەمکدان (ستیان) زۆر گرینگە؛ وا باشترە کە لۆکە بێت و سایزەکەی ئاوەگان بێت واتە گەورە و تەواو یاخود موریح بێت.

گرفتەکانی مەمک و چۆنێتی خۆپاراستن دوای زەیسانی گرنگە؛ دکتۆرە سەوسەن فەیزوڵا کەریم پسپۆڕی دیاریکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی مەمک چەند ڕێنماییەكی هەیە بۆ ئافرەتان و جەخت دەكاتەوە كە ئافرەت دەبێت چەند مەمکدانێكی هەبێت بۆ ئەوەی ڕۆژانە بیانگۆڕیت. ‌ئەگەر پارچەی لۆکەش بەکار دێنن بۆ پاراستن لە چۆڕانەوەی شیر، ئەوا دەبێت دوای هەر شیردان یان تەڕبوونێک بیانگۆڕێت. ‌هەروەها ڕۆژانە مەمك و گۆی مەمکی بە ئاوی پەتی بشۆریت، بەبێ سابوون؛ سابوون پێست دەپاسرکێنێت، واتە تووشی وشکداگەڕان و بریندارکەوتن و ئازاری دەکات.

 د. سەوسەن فەیزوڵا ئامۆژگاریی ئافرەتان دەكات كە پێویستە پێش شیردان دەستوپلیان بشۆن؛ بە پێویستی نازانێت دوای شیردان گۆی مەمک بشۆرێ، تەنیا لێی گەڕێن با بە هەوا وشک ببێتەوە.

 ئەو پزیشكە پسپۆڕە ڕوونیش دەكاتەوە كە چەند ڕۆژی دوای زەیسانی، مەمک قورس و بەئازار دەبێ، بەڵام بەرەبەرە چاک دەبێتەوە. هەندێك جار مەمك تووشی هەڵاوسان دێت و باشترین چارەسەر ئەویە کە یان مناڵەکە یان بە خۆت بە دەست بەتاڵی بکەیت یانیش بە پەمپی دۆشینی شیر، هەندێ جار بەکارهێنانی جەوەنە یان ئاوی شلەتێن بەسوودن، گرنگ ئەوەیە کە هەموو کات مەمکەکانت بە تەواوی لە شیر بەتاڵ بکەیت بو ئەوەی دووبارە نەبێتەوە. 

داخرانی جۆگەکانی شیر گرفتێکی دیكهیه كە دایكانی شیردەر تووشی دەبن؛ د. سەوسەن فەیزوڵا بۆ ئەو حاڵەتە ڕوونی دەكاتەوە كە مەمکدانی تەسكوتروسك یان وشكبوونەوەی شیر لەسەر گۆی مەمك ڕوو بدات، دەبێتە هۆی ئێش و ئازار و سووربوونەوە و گرێگرێبوون. ‌ئەگەر ئەم حاڵەتە ڕووی دا ئەوە هەوڵ بدە شیر بدەیتە منداڵەکە لەم مەمکە و بە مەساج شیر بەرەو گۆی مەمك ببەیت، ئەگەر سوودی نەبوو ئەوە سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە تووشی هەوکردن نەهاتووی و یان کەڵەکەبوونی “کێم و زووخ” کە لە هەردوو حاڵەت پێویستیان بە چارەسەرە.

پاسرکیان و ژ‌ان و شەقداگەڕانی و بریندارکەوتنی گۆی مەمك زۆربەی ئافرەتی بەرمەمکانەبەبەر تووشی دەبن؛ چۆن چارەسەری بكەن؟

د. سەوسەن فەیزوڵا: هەست بە ناڕەحەتی لە چەند خولەکی یەکەم و بۆ چەند ڕۆژێك زۆر ئاساییە و خۆی چاك دەبێتەوە. ‌شەقداگەڕانی گۆی مەمك گرفتێکی زۆر باوە، هۆکەی یا ئەوەتا مناڵەکە گۆی مەمك باش ناگرێت یان ئەوەتا بە ووریاییەوە مناڵەکە لەمەمك لانابەیت و دەبێتە هۆی بریندار بوون. ‌لەو حاڵەتە دەتوانی تۆزێ چەوری (baby oil) بخەیتە سەر گۆی مەمك و پێش شیردان بیشۆیت. هەندێ جاریش پێوست بە 72 سەعات پشوودان بە مەمك دەكات، مناڵەکە لەو مەمکە نەخوات بەڵام زۆر پێوستە کە شیری لێ بەتاڵ بکرێت تا تووشی هەڵئاوسان یان هەوكردن نەبێت. ‌لەو کاتانە بێ مەمکدان باشترە تا هەوا لە گۆی مەمك بدات و چاکتر بێت. 

لە كۆتاییدا دكتۆر سەوسەن فەیزوڵا، بە ئافرەتی بەرمەمکانەبەبەر دەڵێت كە پێویستە بزانن هەوکردنی مەمک بە ئاوسانی مەمک و سوورداگەڕان و ژانەوە دەست پێ دەکات؛ هەست بە نیشانەی وەك (سەرمابردەڵەیی، لەرز و تا، رشانەوە، سەرئێشە و، داهێزران) دەكەن و ئەگەر زوو بە دەرمان چارەسەر نەکرێت ئەوە لەوانەیە ببێت بە کێم و زووخ. بەڵام دەتوانێت بەردەوام بێت لە شیردان بە منداڵەكەت چونكە شیرەكە پیس نابێت و هەو ناكات.

ھەواڵی زیاتر