نەتەوە یەکگرتووەکان ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەتوندی ئیدانە کرد

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند کە ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەتوندی ئیدانە دەکات.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی بەئامانجکردنی ماڵی مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە کە ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەتوندی ئیدانە دەکات و نووسیوویەتی “نابێت رێگە بە تیرۆر، توندوتیژی و کاری نایاسایی بدرێت کاریگەریی لەسەر سەقامگیری دروست بکەن و پرۆسەی دیموکراسیش بە لارێدا ببەن”.

یۆنامی پاڵپشتی خۆی بۆ داواکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دووپات کردووەتەوە کە داوای ھێورکردنەوە و دان بەخۆداگرتنی لە ھەمووان کردووە و نووسیوویەتی “داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین کە ھەوڵەکانیان بە ئامانجکردنی ھێورکردنەوەی رەوشەکە بخەنەگەڕ و بە گفتوگۆیش ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.

تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.

ھەواڵی زیاتر