ئا/ جەمال نوری
ئەو لە شوێنێکدایە کە ڕەنگە بۆ هیچ کەس مەسەلەیەک نەبێ شوێنێک جێی بایەخی هیچ کەس نییە. ئەو لەوێدایە و بە بێدەنگیش جێگاکەی دەگۆڕێت و هیچ چاو و گوێچکەیەکیش سەرنجی نادات. ئەو تەماشاکەرە، نا، بەڵکو ئاشقێکی پەنهان و شاعیرێکی هەموو شتەکانە.
ئەو بەهەموو شتێک ئازار دەچێژێت، کەچی بەم ئازارچەشتنە چێژ وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی بە لای ئەوەوە مرۆڤەکان و شتەکان و خەونەکان و ئەندێشەکان یەک شتن؛ ئەو ناتوانێت هیچ شتێک فەرامۆش و وێڵ بکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە لەو شوێنەدا کە شاعیر حزوری هەیە، کەسێک وجودی هەیە کە بۆ شاعیر ئەو جێگایە فیردەوسە و ئەوەی کە خۆشی دەوێ یەکێکە لە و مەلائیکەتانەی سەرزەوی؛ دەزانن ئەو شاعیرە، (ئەحمەد رامی) شاعیری دیاری میسری و بەناوبانگی عەرەبە، کە بۆ یەکەمجار لەساڵ 1923 لە باخچەی ئۆزبەکیەی میسر لەوێ ئامادەیە و (ئوم کەلسوم)، هونەرمەندی بەناوبانگی عەرەبی ئەستێرەی پرشنگداری ڕۆژهەڵات بۆ هونەری گۆرانی ئامادەیە بۆ سازدانی ئاهەنگی گۆرانی موزیک، (ئەحمەد رامی)، شەیدای جوانی و شۆخ و شەنگی (ئوم کەلسوم) و شێوازی لێهاتوویی لە دەنگخۆشی و ئەداکردنی دەبێتە مایەی سەرنج و سەرسامبوونی ئامادەبووانی ئەو ئاهەنگە، بەڵام بۆ (رامی) دەبێتە هۆکاری گۆڕینی لێدانی کارەبای دڵی بە هۆی ئەو خۆشەویستیەوە کە بۆ (ئوم کەلسوم)هەیەتی.
وەلێ لە بەرامبەر ئەم ئەشقە پاک و بێگەردەی ئەحمەد ڕامی بۆ کەلسوم هەیەتی، بە پێچەوانەوە کەلسوم هیچ کاردانەوەیەکی نیە بەرامبەر ئەو هەستە باڵایەی ڕامی، لە کاتێکدا (ئەحمەد ڕامی) لە ڕێگای ئەم ئەشقەیەوە چەندین قەسیدەی عاتیفی ویژدانی و خۆشەویستی ناوازە دەنووسێ کە تەواوی ئەو شیعرانەی ڕەنگدانەوەی حاڵەتە ڕۆحیعاتیفییەکانی خۆی بووە بەرامبەر کەلسوم.
ئەم ئەشقە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لای ئەحمەد رامی گەشە دەکات بەڵام ئەشقێکی یەکلایەنە؛ ئوم کەلسوم، لە جیاتی ئەوەی بە ئاراستەی ئەو هەستە بەرز و پڕ بەهایانەی رامی هەنگاوی ئەرێنی بنایە، بەپێچەوانەوە تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە، کاتێک لە پاریس دەخوێنێ دڵی دەچێ بە لای پیاوێکی فەرەنسیدا؛ ئەحمەد رامی شیعرێکی پێشکەش کردووە بە ناوی ئەترسم ئەو خۆشەویستیەی بۆ تۆ هەمە هەروا بە شاراوەیی بمێنێتەوە و شیفابەخش نەبێ بۆم.
لە یەکێک لەو ئاهەنگانەی کەلسوم تیایدا گۆرانی دەڵێ لە باخچەی ئۆزبەکیە، شێخ (علی ابو محمد)ی ئاوازدانەر کاتێک گوێی لە دەنگی کەلسوم دەبێ، کە شیعرەکەی ئەحمەد ڕامیی کردووە بە گۆرانی لە خۆشیدا رامی بانگ دەکات پێی دەڵێ ئەتەوێ خاوەنی ئەو دەنگە لە نزیکەوە بناسی، ئەحمەد رامی هێندە ئاشقی دەنگ و جوانی و ئەداکردنی دەنگێتی، خۆشحاڵ دەبێ بەڵام کەلسوم کاتێک شێوەی ڕوخساری رامی دەبینێ، هیچ کاردانەوەەکی نابێ بەرامبەر ئەو هەستەی (رامی)؛ ئەحمەد رامی دەچێتە پێشەوە بۆ لای (ئوم کەلسوم) پێی دەڵێ سڵاو، کەلسوم پێی دەڵێ (اهلا یاصاحب الفضیحة استاذ ئەحمەد رامی).
رامی پێی دەڵێ فەزیحەی چی؟! کەلسومیش پێ دەڵێ تۆ خاوەنی قەسیدەی (حب تحت عیون نسیت).
ئەحمەد ڕامی 173 قەسیدەی بە هیبە دەبەخشێ.
لە ماوەی ئەو ئەشقە پاکەی بۆ کەلسوم هەیەتی، توانی 173 قەسیدەی بەرزی پڕ بە ئیحساس و خۆشەویستی بۆ کەلسوم بنووسێ و پێشکەشی بکات، لەپێناو ئەوەی لە ڕێگای ئەم قەسیدانەوە کاریگەری لەسەر کەلسوم جێ بهێڵێ، لەکاتێکدا ئوم کەلسوم، بەهۆی بەرزی شیعر و ئەداکردنەوە ناو و ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد، ئەوە جگە لەو سەروەت و سامانە زۆر زەوەندەی، کە لە ڕێگای شیعرەکانی رامیەوە بۆ خۆی بەدەست هێنا، بەبێ ئەوەی یەک سەنت چیە بدرێ بە ئەحمەد ڕامی شاعیر وەک مافی خاوەن دەق، واتە رامی هەموو ئەو شیعرانەی بە خۆڕایی دەنووسی، چونکە هەم شاعیر بوو هەم ئاشق. . واتە شاعیربوونی بریتی بوو لەو کەسەی کە تێیدا هەموو توخمەکانی زەمەنی پێکەوە گرێ دەدرێتەوە، بەجورێک تەنها لەودا زەمەنی ئێستا ئامادەیە کە بە ڕابردووەوە گرێ دراوە و، نەمر دەمێنێتەوە.
ئەحمەد رامی وێڕای خۆشەویستی بۆ ئوم کەلسوم ئەداکردنی گۆرانی و جوانیی چڕینی، هێندەی خۆشەویستیەکەی سەرسامی کردبوو، واتە دەنگخۆشی ئوم کەلسوم لەلای ئەحمەد رامی گەیشتنی بوو بە ڕاستیەكان و لەوێشەوە بە ماناكانی بوونی ئازادی و ڕزگاری، دەنگخۆشیەکەی ئوم کەلسوم گرنگەیەكەی لەوەدایە كە دەتوانێت (دۆزەخی) پێ بگۆڕیت بە (بەهەشت)؛ دەنگ، وەرگێڕی ئەو وێنە ناشیرین و شێوا و پڕ لەو زڵمانەیە كە دەبێت بگۆڕدرێن بۆ وێنەی جوانی ئێستاتیکا،، کە مرۆڤ وا لێ دەکات بگەڕێ بە دوای بەها جوانەکانی سروشتدا؛ دەنگ لە هونەری گۆرانیدا ئەگەر لە توانستیدا نەبوو تەواوی هەستە باڵاکانی مرۆڤ داگیر بکات، ئەوا دەنگ نیە.
ئەم سەرسامیەی رامی بۆ ئوم کەلسوم، ڕەنگدانەوەیەکی گەورە بەجێ دەهێڵێ لەناو خەڵکی و کۆمەڵگای میسری دا، لەو دەمەدا ڕۆژنامەنوسانی میسر؛ رامی و ئوم کەلسوم دەدوێنن بەرامبەر یەکتری، لە ئوم کەلسوم دەپرسن:
ئایا دەزانی شاعیری گەورەی عەرەب ئەحمەد ڕامی سەرسامە بە دەنگ و خاوەن ئەشقێکی بێوێنەیە بەرامبەر بە تۆ؟
لە جیاتی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسەکە بداتەوە، بە پێچەوانەوە لە پرسیارەکە خۆی دەدزێتەوە؛ بەڵام ڕۆژنامەنوسەکە دەچێتە لای ئەحمەد رامی و پێی دەڵێن ئوم کەلسوم هیچ هەستێکی نیە بەرامبەر بە تۆ؛ تۆ چی دەڵێی لەسەر ئەو؟
ئەحمەد رامی دەڵێ: ئوم کەلسوم وەک ئەهرامەکان وایە نە دەتوانم دەستی لێ بدەم، نە دەتوانم بەسەریدا سەر بکەوم.
ئوم کەلسوم بەردەوام هەوڵی داوە لەڕێگای کەسانی دەوڵەمەند و خوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە نزیک بێتەوە و شوو بکات، تاوەکو لەو ڕێگایەوە خەونە هونەریەکانی بهێنێتە دی، یەکێک لەو کەسانەی کە کەلسوم شووی پێ دەکات د، حەسەن حەسناویە؛ ئوم کەلسوم بەوپەڕی لەخۆباییبوونەوە، بێشەرمانە داوا لە ئەحمەد ڕامی دەکات کە شیعرێکیان بۆ بنووسی باس لە خۆشەویستی و خۆشی و جوانی ژیان بکات.
رامی لە وەڵامدا داواکەی بەرپەرچ دەداتەوە و پێی دەڵێ من ئێستا ژیان ڕەش دەبینم. ئەم داوایەی ئوم کەلسوم ئەحمەد ڕامی تووڕە دەکات، چون ئەو کەسەی ئوم کەلسوم شووی پێ کردوە هاوڕێی ئەحمەد رامییە و پێی دەڵێن بۆ نازانی ئەحمەد ڕامی ئوم کەلسومی خۆش دەوێ چەندین ساڵە، لە وەڵامدا ئەویش پێی دەڵێ منیش ئوم کەلسومم خۆش دەوێ.
ئەحمەد ڕامی دەزانێ کە ئوم کەلسوم هیچ بەهایەک بۆ ئەو ئیحساسە بەرزەی دانانێ، پێی دەڵێ، هەموو ئەو جوانی و شانازیەی لەڕێگای دەنگتەوە پێی دەنازی هیچی ناگۆڕمەوە بە شکۆی شیعرێکم، تۆ دەبێ شەرم بکەی لە ئاست شکۆی وشەکانم؛ پێم ناڵێی تۆ کێی کە وا دەنازیت؟
ئەحمەد ڕامی و دابڕان و گۆشەگیری
دوای شووکردنی ئوم کەلسوم ئەحمەد ڕامی لە ماڵەوە خۆی گۆشەگیر دەکات و نایەتە دەرەوە؛ چەندین ساڵ لەم حاڵەتە دەرونیەدا ئەحمەد ڕامی شیعرێکی بۆ دەنووسێ و کەلسومیش دەیکات بە گۆرانی، دایکی ئەحمەد ڕامی کاردانەوەیەکی گەورەی دەبێ و پێی دەڵێ تۆ خاوەنی خێزانی، شەرم نیە خێزانت هەیە و لەم تەمەنەدا خەریکی خۆشەویستی بیت؟
ئەحمەد ڕامییش پێی دەڵێ خۆشەویستی بۆ خۆی سوڵتانە.
ئەحمەد ڕامی و مردنی ئوم کەلسوم ساڵی 1975 ئوم کەلسوم کۆچی دوایی دەکات، ئەحمەد ڕامی بە بیستنی هەواڵەکە هێندەی تر دۆخی خراپ دەبێ و زیاتر توشی دابڕان و تەنهایی و گۆشەگیری دەبێ، واتە لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا ژیان بەڕێ دەکات؛ دەنووسێ:
وشەکانم بەتەنها مانەوە و ئێستا خۆشەویستی نیە ئازارەکانم شکا و شیعرەکانم کۆچیان کرد.
لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئوم کەلسومدا ئەنوەر ساداتی سەرکۆماری میسر داوا دەکات لە ئاهەنگی ماتەمینی ساڵڕۆژی کەلسومدا بەشدار بێ، ئەحمەد ڕامییش بەو هەموو خەم و خەفەت و حاڵەتە دەرونیەی کە هەیەتی، بەشداری کۆڕەکە دەکات و شیعرێک پێشکەش دەکات و دەڵێ:
هەرگیز نەهاتە بیرم
دەنگێک ئارەزووم بێت
لە دوای دەنگی
لە خۆشتیرین لە گۆرانیەکانی
کە گوێبیستی ئەبووم
نوێ دەبوومەوە
کە ئێستا یادم دێتەوە و
گوێی لێ دەگرم
ئەمگریێنێ و ئەگریم..
بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لەم سەر چاوەیە وەرگرتوە
•مجلە الاهرام عدد 22904 السنە 1999
•حول قصە الحب من احمد رامی لفنانە الكوكب الشرق ام كلثوم