رە‌وشت و یاسا

گوهدار ئاكرەیی

کاتێ یاسا لەناو دەچێت، ئەخلاق دەتوانێت شوێنی یاسا بگرێتەوە.
مرۆڤ هەر لە دوای لەدایکبوونەوە کەسێکی کۆمەڵایەتین و بەشێوەیەکی زگماک باشن، بەڵام ئەوەمان لەیاد نەچێت، شتێکی زۆر ئاشکرا و روونە بەبێ هاوکاری و یارمەتیی کەسانی چواردەوری ناژیێت. جا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەو روانگەوە رەنگە ئەو کەسانەی چواردەوری لە کاتی یارمەتی و هاوکاری بۆ پێگەیاندنی تاکەکە، تێگەیشتنیان لە هەمبەر ژیانەوە لە سروشتێکی ناتەواوەوە سەرچاوەی گرتبێت، دوور لە هەموو ئەخلاق و عورف و عادەتێک بێت، یا رێک بە پێچەوانەوە پڕ لە رەوشتی بەرز و بەوێنە لە هەمبەر ژیانەوە بۆیان لەدایک بووە؛ نموونەش بۆ ئەمە ئەگەر چەند کەسێک یەک رووداوی ورووژێنەر ببینن، ئەوە هەریەکەیان بەجۆرێک لێکدانەوە و راڤەی بۆ دەکەن. کەواتە ئەی دەبێ راڤە و لێکدانەوەیان بۆ ئەم جیهانە زەبەلاحە بێکۆتاییە چۆن بێ! بێگومان راڤەی زۆر جیاوازیان لێ بەرهەم هاتووە و ناتوانین بە چەند دێڕ و خاڵێک لێرەدا باسی لێوە بکەین، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونیەکی زیاتر، مەبەستم لەم نموونەیە ئەوەیە هەر مرۆڤێک سەرەتا و کۆتاییی ئەم جیهانەی بەشێوەیەک راڤە و لێکدانەوەی بۆ کردووە و جۆرە تێگەیشتنێکی لە هەمبەر ژیانەوە بۆ دروست بووە، کە رەنگە ئەو تێگەیشتنە لە سەرچاوەی زانستی ئەخلاقەوە زۆر دوور بێت، یان هەر نەبێت. بەمەش نەتوانن فکری
کەسەکەیان یەکسان بکەن لەگەڵ زانستە ئەخلاقیەکان، نەتوانرێت پەیڕەو و پڕۆگرامە ئەخلاقیەکان لە ناو رۆح و ناخی کەسەکە بڕوێنن، لە دەرنجام کەسێکی خاڵی لە زانستی ئەخلاقییەوە لێ لەدایک ببێت. کە ئێمە لێرەوە بتوانین چەند نموونەیەکی نایابی (ئیمتیاز)ی نێوان مرۆڤی بەڕەوشت و بێڕەوشت دیار بکەین و بە بوونی هەریەک لەمانە چ ئەرێنی و نەرێنییەکی لەسەر مرۆڤایەتی کۆمەڵەکە لێ لەدایک دەبێت؛ ئەوەتا مرۆڤی بێڕەوشت بە بەردەوام بەشوێن تێرکردنی غەریزەکانی دەکەوێت، زیاتر هەوڵی کۆکردنەوەی پارە و سامان دەدات بێ ماندووبوون و بێ کار وەک لە ئەخلاق و، هەموو کارە بازرگانی و خۆشیەکانی بێویژدانانە جێبەجێ دەکات؛ لە هەموویان نەهامەتتر داواکاریان زۆر زیاترن لە خۆبەخشییان. چونکە ئەم کەسانە هەروەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردووە بەتاڵن لە زانستی ئەخلاقیەوە، ئەخلاقیش لەبنەرەتدا لە خزمەت نیازەکانی یاسای ژیانی ئەم جیهانەوەیە، کەواتە یاسا بەبێ ئەخلاق ناتوانێ رۆڵی خۆی بنوێنێ؛ بەڵام لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە یاسا نەما، ئەوە ئەخلاق دەتوانێت شوێنی بگرێتەوە. چونکە ئەخلاق لە بنەڕەتدا لەسەر کۆمەڵێ هەستی ویژدانیەوە بنیات نراوە؛ یاسا خۆیشی لە ئەخلاقەوە لەدایک بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کاتێ ئەخلاق و یاسا پێکەوە بن، ئەخلاق و رێز و حورمەت و خۆشەویستی سەروەر دەبن. کەواتە لە کۆتاییدا دەتوانم ئەو مافە بە خۆم بدەم بڵێم ئەوەی بەڕەوشت نیە مرۆڤێکی تەواو نیە.

ھەواڵی زیاتر