ڕائیب جادر – هەولێر
نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگەی تا ٣٠ی مانگ وەکو حەفتەی جیهانیی نەھێشتن و لەناوبردنی چەکی بێمۆڵەت دەسنیشان کردووە. هەر بەو بۆنەیەوە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بۆ ماوەی هەفتەیەک هەڵمەتی نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە. بە گوتەی بەرپرسانی پۆلیس، مەفرەزەکانی ئەوان بەردەوام دەگەڕێن؛ هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێ بێت، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.
پێش چەند مانگێک لەسەرڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر هەموو بازاڕی چەکفرۆشاندا گیرا و بە هەزاران پارچەی چەک لەناو بران.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەفتەی جیهانی چەک داماڵین بڵاو کردەوە و داوا لە ھاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنماییەکان بن، ئەگەر چەکیان لایە لە بنکەکان تۆماری بکەن.
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوە کراوە، لەپێناو کەمکردنەوەی دەرفەتی تاوان و ڕێگری لە پەنابردن بۆیە کلاکردنەوەی کێشەکان بە توندوتیژی و چەک، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، بایەخێکی گرنگی بە بابەتی ڕێکخستنی چەکهەڵگرتن و سنووردارکردنی دیاردەی چەکداری داوە. لەو سۆنگەیەوە یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ژمارە ١٨ی ساڵی ٢٠٢١ ق یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون و چەند ڕێنمایییەک بۆ جێبەجێکردنیان لە وەزارەتی ناوخۆ دەرکراون. ئامانجی ئەو یاسا و ڕێنمایانە ئەوەیە کە چەکی بێمۆڵەت نەمێنێت و دیاردەی چەکداری سنووردار بکرێت.
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاندووە، لە هەفتەی جیهانیی چەکداماڵیندا کە ساڵانە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٤ تا ٣٠ ئۆکتۆبەر بۆ سنووردارکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕێکخستنی چەک و دیاردەی چەکداری لەناوخۆی وڵاتان بەڕێوەی دەبات. وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە ھاونیشتمانیان دەکات پێگیری بەڕێنماییەکان بکەن و چەکی قورس و جەنگی، ئەگەر لایانە دەستبەجێ بیدەنەوە حکوومەت؛ چەکی ئاگرین (دەمانچە، کلاشینکۆف و ھاوشێوەکانی) لەو بنکانە تۆمار بکەن کە دەسنیشان کراون دەستبەکار دەبن. وەزارەتی ناوخۆ داواش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات، ھاوکارییان بکەن و ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ چەک و لێکەوتەکانی، کە دەرفەتی تاوان و توندوتیژی زیاد دەکات.
د. ھێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ٢٤ تا ٣٠ ی ئەم مانگە، هەڵمەتێک بەناوی هەفتەی داماڵینی چەک هەیە. هەموو پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادار کراونەتەوە کە لیژنەی تەناهی کۆ ببنەوە و هەموو شوێنە گشتییەکان و دانانی بازگەی زیاتر لە شەقامەکان، کە گومانی بوونی چەکیان لێ دەکرێت، پشکنینیان بۆ دەکرێـت و دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا دەگیرێ، چونکە حکوومەتڕژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێ چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێ و پێدانی مۆڵەتی چەک لەوەی هەیە قورستر بکرێت.
وەکو بەرپرسانی پۆلیس لە شاروشارۆچکەکان دەڵێن: “لە ئێستادا کار لەسەرڕێنمایی ژمارە شەشی ساڵی ٢٠٢٢ دەکەین، کە باس لە دوو بڕگە دەکات، بڕگەی داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین. چەکی ئاگرین بە چەکی سووک دیاری کراوە. چەکی جەنگییش چەکی قورس و مامناوەندە. مەبەست لەو هەڵمەتە لەناوبردنی ئەو مەترسیانەیە کە بەھۆی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت ڕووبەڕووی کۆمەڵگە بوونەتەوە، بۆیە بەردەوام مەفرەزەکان دەگەڕێن بازگە دادەنێن بۆ ئەوەی چەکی بێمۆڵەت نەمێنێت، هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی لێ بگیرێت ڕووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.
بەرپرسانی پۆلیس، کە بۆ هەولێر قسەیان کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پێش ماوەیەک ئەو هەڵمەتە هەبوو، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر هەزاران چەکی بێمۆڵەتدا گیرا. پێویستە هاووڵاتییان ھاوکار بن، چونکە هەر کەسێک بگیرێت و چەکی بێمۆڵەتی پێ بێت ڕووبەرووی یاسا دەبێتەوە، چونکە زۆربەی تاوانەکانی کوشتن و بریندارکردن، لە ئەنجامی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت بوونە، ئەوەش بۆتە کێشەیەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی پۆلیس، ئاشکراشی دەکەن: “بنکەکانی تۆمارکردنی چەک دانراوە، فۆرمێک هەیە، پڕ دەکرێتەوە، پەنجەمۆری لێ وەردەگیرێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن. چوار مەرجیش هەیە، نابێت بەھیچ شێوەیەک چەکەکە بفرۆشێت. هەڵنەگرێت و بەکاری نەھێنێت، هەروەها نەبەخشرێت. دوای تۆمارکردنی دەبێ پابەندی ئەم مەرجانە بێت. ماوەکەشیەک ساڵی بۆ دیاری کراوە. هەر کەسێک لەو ماوەیەدا چەکەکەی تۆمار نەکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و کەسەکەش سزا دەدرێت”.