چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

د. نیگا شەفیق حەمەڕەشید: باشترە هاوینان یا کەشوهەوایەکی گونجاودا منداڵ ڕاهێنانی پێ بکرێ

د. نیگا شەفیق حەمەڕەشید پسپۆری نەخۆشیەکانی مناڵان و گەشە و خۆراکی مناڵان دەربارەی چۆنیەتیی ڕاهێنانی منداڵ بۆ چوونەئاودەست چەند ڕێنماییەكی بۆ دایك و باوكان هەیە و لە چەند خاڵێكدا چۆنیەتیی ئەو ڕاهێنانە دەخاتە ڕوو.

د. نیگا شەفیق حەمەڕەشید دەڵێت: سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین کە هەموو مناڵان لە تەمەنێكی دیاریکراودا فێری ئاودەست نابن و، بەندە بە گەشەی جەستە و مێشکی مناڵەکەوە، بەڵام زۆرینەی مناڵان لە تەمەنی ١٨-٣٢ مانگاندا ئەگەر فێر بکرێ، لەسەری رادێ. هەربۆیە بۆ دەستکردن بە پرۆسەکەش هەست بەمانە دەکەیت کە مانای وایە مناڵەکە ئامادەیە بۆ فێربوون.
1- تەنگاو دەبێ کاتێ پەڕۆ (دایبی)ـەکەی تەڕ یا پیس بێت و دەیەوێ لە خۆی بکاتەوە.
2- شەوانە وشكە و خۆی تەڕ ناکات.
3- ئاگادارت دەکاتەوە کاتێ تەنگاو دەبێت.
4- کاتی دیاریکراوی ئەبێت بۆ خۆبەتاڵکردن وەک بەیانیان، دوای نانخواردن یان شەوان پێش خەوتن.
5- تێدەگا و دەزانێ ئاودەست (تەوالێت) بۆچی بەکار دێت و، دوای دایک و باوکی دەکەوێت بەرەو ئاودەست.

دایك و باوك لە دوای هەستكردن بەو نیشانانە چی پێویستە بكەن؟
د. نیگا شەفیق حەمەڕەشید لەم کاتەدا ئەوەی لەسەر دایک و باوکانە بیکەن بریتیە لەم هەنگاوانە:

  1. باشترە راهێنانەکە لە هاوینان یا لە کەشوهەوایەکی گونجاودا بێت بۆ ئەوەی مناڵەکە نەترسێت و زوو فێر ببێت.
  2. سەرەتا بە زمانێکی سادە چۆنیەتیی بەکارهێنانی تەوالێتی بۆ روون بکەرەوە و هەوڵ بدە لەبەرکردنی جلی ژێرەوە و پاكوخاوێنیی لا شیرین بکەیت.
  3. دەتوانیت وێنە و ڤیدۆ و کتێبی فێرکاری بەکار بهێنیت بۆ روونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە.
  4. لەگەڵ خۆت لە ئاودەست هەنگاوەکانی چوون بۆ سەرئاوی فێر بكەیت؛ نیشانی بدەیت، یا بووکەڵەیەکی بدەیتێ و بڵێی فێری تەوالێتی بکە؛ بەمە زیاتر رادێت لەگەڵ رەوتەکەدا.
  5. هەردووکتان لەسەر وشەیەک رێک بکەون کە بەکاری بهێنن کاتێ مناڵەکە پێویستی بە خۆخاڵیکردن بوو.
  6. لە سەرەتاوە، هەمیشە بە تەنیشتیەوە بە و قسەی لەگەڵدا بکە بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبێت و زوو هەڵنەسێت.
  7. ئەگەر بە یەکجار پەڕۆ (دایبی)ـەکەت لێ کردەوە و پەڕۆت نەخستەوە، ئەوە زووتر فێر دەبێت، بەڵام خۆپیسکردنیشی زیاتر دەبێ؛ بۆیە دەبێت خۆتی بۆ حازر کەیت.
    لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە ئەوەت لەبەرچاو بێت کە ئەم راهێنانە شتێکی زۆر ئاسان نییە و بە ماوەی شەوورۆژێک ناهێتە دی؛ پێویستی بە کات و رەنج و ئارامگرتن هەیە.