سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دهۆك له‌ ئه‌ركێكی قووڕس دا رووبه‌ڕووی نه‌فتی وه‌سه‌ت ده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕی چواره‌می یارییه‌كانی خولی نایابی تۆپی پێی عێراقی، دهۆك له ‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌ت، یارییه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر (5:15)ـی ئێواره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دهۆك چاوی له‌ پارێزگاری ئه‌نجامه‌ باشه‌كانییه‌تی، نه‌فتی وه‌سه‌تیش هه‌وڵی هه‌ڵسانه‌وه‌ ده‌دات.

دهۆك به‌ راهێنه‌رایه‌تی سلێمان ره‌مه‌زانی خاوه‌ن 4 نازناوی خولی نایابی كوردستان، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ده‌ستپكی خولی نایابی عێراقی ئه‌نجامی باشی بۆ دهۆكییه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ كۆی 3 یاریی 7 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا دهۆك خاوه‌نی كۆمه‌ڵێ یاریزانی كورده‌ و راهێنه‌ر و ستافه‌كه‌شی كوردن، هه‌ركاتێكیش یاریی له‌ یاریگه‌ی دهۆك هه‌بێت، په‌یژه‌كانی یاریگه‌ی دهۆك پڕ له‌ هانده‌رده‌بن، دهۆك به‌ روحیه‌تی به‌رزی یاریكردن و یه‌ك ده‌ستی له‌ كارگێڕی یانه‌كه‌ و پێكهاته‌كه‌ی تیپه‌كه‌ی، به‌ نهێنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی تیپه‌كه‌ داده‌نرێت، ئه‌م یارییه‌ش به‌ تاقیكردنه‌ویه‌كی زه‌حمه‌ت بۆ هه‌ڵۆكانی سه‌رچیا هه‌ژمارده‌كرێت، چونكه‌ ئاستی نه‌فتی وه‌سه‌ت به‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كانی خوله‌كه‌ داده‌نرێت.

دهۆك له‌ كۆی 3 یاریی رابردوو خاوه‌نی 2 كلینشیته‌، 7 خاڵی هه‌یه‌، هیچ دۆڕانێكی نییه‌، ده‌یانه‌وێت بێدۆڕان له‌ به‌سره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، 3 گۆڵی كردووه‌ و ته‌نها یه‌ك گۆڵی لێكراوه‌، به‌مشێوه‌یه‌ له‌ خانه‌ی چواره‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.

نه‌فتی وه‌سه‌ت له‌كۆی 3 یاریی رابردووی 3 یه‌كسانی هه‌یه‌، هیچ دۆڕان و بردنه‌وه‌یه‌كی نییه‌، هیچ گۆڵێكی لێنه‌كراوه‌ و هیچ گۆڵێكیشی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر حسابی دهۆك یه‌كه‌م گۆڵی ئه‌م وه‌رزه‌ و یه‌كه‌م بردنه‌وی ئه‌م وه‌رزه‌یان تۆماربكه‌ن.

زاخۆ و نه‌ورۆز له‌ یارییه‌كی ئاگرین رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه‌

رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ یارییه‌كی ئاگرینی خولی نایابی كوردستان، زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی به‌بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ران میوانداری یانه‌ی هاوهه‌رێمی خۆی ده‌كات، كه‌ یانه‌ی نه‌ورۆزه‌، یارییه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر(3) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یانه‌ی زاخۆ به‌هۆی سزادانه‌وه‌ ده‌بێت بی  ئاماده‌بوونی ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجامبدات، زاخۆ له‌كۆی 3 یاریی رابردووی 1 بردنه‌وه‌ و 2 دۆڕانی هه‌یه‌، 3 گۆڵی كردووه‌ و 4 گۆڵی لێكراوه‌، له‌خانه‌ی سێزده‌یه‌می ریزبه‌ندی دێت.

نه‌ورۆز به‌ راهێنه‌رایه‌تی وه‌لی كه‌ریم له‌ كۆی 3 یاریی رابردوو 2 بردنه‌وه‌ و دۆڕانێكی هه‌یه‌، به‌ 6 خاڵ له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندی دێت، 2 گۆڵی كردووه‌ و ته‌نها گۆڵێكی لێكراوه‌ خاوه‌نی 2 كلینشیته‌ له‌ خوله‌كه‌، ئامانجیانه‌ به‌ ئه‌نجامێكی باش له‌ زاخۆوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌ گرفتی سه‌ره‌كی یانه‌ی نه‌ورۆز نه‌بوونی یاریگه‌یه‌ تا له‌ شاری سلێمانی تا یاریی تێدا ئه‌نجامبده‌ن.

هه‌ولێر یه‌كه‌م یاریی له‌ژێر ده‌ستی راهێنه‌ری تازه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ت

هه‌ولێر رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ یاریگه‌ی شه‌هید فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری میوانداری یانه‌ی حدود ده‌كات، هه‌ولێر له‌ 3 یاریی رابردوو به‌شی شكست بووه‌، ئه‌م یارییه‌ ده‌یانه‌وێت بیبه‌نه‌وه‌، تا راده‌یه‌ك دڵی هانده‌رانه‌ تووڕه‌كه‌یان ئاشت بكه‌نه‌وه‌، یارییه‌كه‌ كاتژمێر (7:30) ئێواره‌ ده‌بێت، حدود به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ له‌ خانه‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت. یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 9 خاڵ و به‌ جیاوازی گۆڵ له‌ پێش یانه‌ی قوه‌ی جه‌ویه‌ دێت، كه‌ جه‌وه‌یش 9 خاڵی هه‌یه‌، یانه‌ی دیوانیه‌ش به‌بێ گۆڵ و 3 دۆڕان له‌ كۆتا ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت.