كتێبی ڕێگاكانی وانەوتنەوە

رێگاكانی وانەوتنەوە، میكانیزمیکی هەرە گرنگە لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا و، بە تایبەتیش زۆر زەروورە بۆ كۆمەڵگەی خۆمان. چونكە هەوڵی هەموو مامۆستایەك، لە هەر قۆناغێكی خوێندندا بێت، دواجار بۆ ئەوەیە قوتابیان فێر بكات و بە باشی ئەو بابەتەیان پێ بڵێت كە دەیانڵێتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە، مامۆستا چەند پاشخانی گەورەی ڕۆشنبیری و وانەیی و بابەتیی هەبێت، بەڵام كە سەركەوتوو نەبوو لە گەیاندنی پەیامەكەی، ئەوا زانستەكەی بۆ قوتابیان بەهایەكی نییە. كەم نین ئەو مامۆستایانەی، وێڕای بەرزی ئاستی زانستیان، كەچی زمانی گەیاندن و شڕۆڤەیان تێدا نییە و ناتوانن بەباشی بابەتەكە، بگەیێنە قوتابیان، چونكە ڕێگاكانی وانەوتنەوە، بە ئەزموونی كردارەكی شارەزا نین، بۆیە لە پرۆسەی پەروەردەیی ئێمەدا، كە ئەركی هەرە سەركی لە ئەستۆی مامۆستایە و مامۆستا وەك گوتاربێژێك، هزری قوتابیان دەدوێنێت، ئەوا ڕێگاكانی وانەوتنەوە بایەخی خۆی هەیە و دەبێ مامۆستایان شارەزایی تەواویان لە بارەوە هەبێت. كتێبی (ڕێگاكانی وانەوتنەوە) باسی لە شیوازە و دەیەها ڕێگەی وانەوتنەوە بۆ قوتابیان دەكات. ئەم كتێبە، لە كۆمەڵە وتارێكی گرنگی پەروەردەیی پێك هاتووە، كە هەموویان دەربارەی چۆنیەتیی وانەوتنەوە و گەیاندنی بابەتی وانەكانە، بە سەركەوتووترین ڕێگە. لە دەسپێكی كتێبەكەدا، نووسەر باس لەوە دەكات كە وێرای هەبوونی دەیەها شێواز و ڕێگەی جۆراو جۆری وانەوتنەوە، كەچی هێشتا ناتوانین، سەركەوتووترین و نموونەییترین ڕێگە دەستنیشان بكەین، چونكە بۆ هەر بابەتێك، هەر مامۆستایە و ڕێگەی تایبەتی خۆی پەیڕەودەكات، بۆیە باشترین ڕێگەی كرداری و ئەوموونی ئەو ڕێگەیەیە، كە مامۆستا بە هۆیەوە دەتوانێت بە سەركەوتووترین شێوەو ئاسانترین گەیاندن، وانە بە قوتابیان بڵێتەوە. ئەوە گرنگە قوتابییان چەند دەتوانن سوود لە مەعریفەی كرداری مامۆستا ببینن و وانەكان شارەزا بن، نەك ئەوەی كام ڕێگا سەركەوتووترینیانە. ئەم كتێبە، باس لە وانەوتنەوە و ئەو ڕێگایانە دەكات كە دەشێ بۆ پرۆسەی فێربوون و كرداری فێركردنی قوتابی، بایەخی تایبەتی خۆیان هەبێت. لەو كتێبەدا، نووسەر دەیان ڕێگە و میتۆدی وانەوتنەوەی خستۆتە ڕوو، بۆ هەر یەكێكیشیان، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی خستۆتە ڕوو. بێگومان لە پرۆسەی پەروەردە و فێركدنی ئێمەدا، بازنەكانی خوێندن جیاكراونەتەوە، لەو سۆنگەیەشەوە ڕێگاكانی وانەوتنەوەش جیاواز دەكەونەوە، بەو مانایەی ڕێگەیەك كە بۆ پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بەكار دێت، جیاوازە، لەو ڕێگەیەی بۆ پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی كە بازنەیەكی دیكەی خوێندنە، بەكار دێت. نووسەر باس لەوە دەكات، كە بۆ هەر بابەتێك ڕێگە و شێوازێك دەبێ پەیڕە و بكرێت لە كاتی وانەوتنەوەدا. بۆ نموونە: بۆ قوتابیانی بازنەی یەكەمی بنەڕەتی، دەبێ بە شێوەی چیرۆك و سیناریۆ و ڕۆڵبینین و لاسایكردنەوە بێت، واتا شێوازێكی چیرۆک ئامێزی هەبێت، بۆ بابەتە زانستییەكان، پێویستە ڕێگەی ئاوێتەیی تیۆری و پراكتیكی پەیڕەو بكرێت، بەو مانایەی بۆ ئەو بابەتانەی كە پێویستیان بە تاقیگە هەیە، خوێندنەوەی تیۆری سوودێكی ئەوتۆی بۆ قوتابیان نابێت، ئەگەر بە كردار و میتۆدی پراكتیكیش لە زەمینەی واقیعدا، كردارەكە نەبینن. لە قۆناغی ئامادەییدا، ڕێگەی دیالۆگ و گۆڕینەوە و پرسیار و وەڵام، بە یەكێك لە باشترین ڕێگەكانی وانەوتنەوە دادەنرێت، چونكە لەو قۆناغەدا،قوتابی تا ڕادەیەك، لە ڕووی گەشەی هزری و بیری پێ گەیشتووە و دەتوانێت بە گۆڕینەوەی بیروڕا و پرسیاركردن، بابەتەكان بە پێزتر و هەمە لایەنتر بكات و بەمەش قوتابیان دەتوانن، بە گشتی سوود لە بابەتەكە ببینن. لە باسێكی دیكەدا، نووسەر باس لە شێوازەكانی وانەوتنەوە دەكات و جیای دەكاتەوە لە ڕێگاكانی وانەوتنەوە، چونكە دەشێ هەر مامۆستایەك، لە میانەی وانەوتنەوەدا، شێوازێك پەیڕەو بكات و مەرج نییە هەموویان یەك شێوازی ڕێگەیەكی وانەوتنەوە پەیڕە و بكەن. نووسەر باس لەوە دەكات، كە شێوازەكانی وانەوتنەوە، مەبەست لەو كردارەیە، كە مامۆستا لە پۆڵ لە

پەراوێزی وتنەوەی وانەكاندا، پەیڕەوی دەكات، كە ئەمانیش ئەو كردارە هزری و جەستەیانە دەگرێتەوە، كە مامۆستا لە نێو پۆلدا دەیانكات، وەك جووڵانەوە و ئاماژە كردن و سەرنج ڕاكێشان و كۆبیری و گەلێك كردەی تر. نووسەر شێوازەكانی وانەوتنەوەش دەكاتە گەلێك جۆر وەك شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، گرووپ و تاكایەتی. لە شێوازی ڕاستەوخۆدا، مامۆستا دەبێتە گوتاربێژ و ڕۆڵی ئاراستەكراوێك وەردەگرێت، بەڵام لە شێوازی ناڕاستەوخۆدا، فێرخواز بەشداری دەكات و شێوازەكە ئاوێتەیە، شێوازی گرووپیش واتا قوتابییان لە شێوەی گرووپ گرووپ، دابەش دەكرێن و بەشدار دەبن، هەرچی شێوازی تاكایەتیشە، ئەوا وەك لەناوەكەی دیارە، تەنها مامۆستا دەبێتە چەقی بابەت و قوتابی ڕۆڵێكی ئەوتۆی نابێت. بەڵام شێوازی دووبارەكردنەوە، باشترین شێوازی وانەوتنەوەیە. هەر لەمیانەی ڕێگاكانی وانەوتنەوەدا، كە مامۆستا لە هەموویاندا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، نووسەر باس لە كەسیەتی و پێگەی توێژی مامۆستایان دەكات و ڕوونی دەكاتەوە كە دەبێ مامۆستایان نموونەی باڵای ڕەفتاری جوان و مرۆیی بن، چونكە منداڵان بە هەستیارییەوە سەرنجیان دەدەن و دواتریش لاسایان دەكەنەوە، سەرەنجامیش ڕەفتاری مامۆستایان، دەبێتە ڕەفتاری كۆی كۆمەڵگە، بۆیە دەبێت مامۆستایان نموونەی ئاكار بەرزی، هوشیاریی و خۆشەویستی و گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی بن. بەڵام ئایا ئەمە وایە؟ بێگومان خۆم مامۆستام، گەر بەویژدانەوە وەڵام بدەمەوە، ئەوا زۆر بەڕاشكاوی دەڵێم نەخێر. بەشێكی یەكجار زۆری مامۆستایان، بەدەرن لەو جۆرە مامەڵە كردنە. بۆ نموونە: زۆرینەیان لە چایخانەكان سەرقاڵی تاوڵە و دۆمینەن، بە درێژایی ژیانییان كتێبێك و ڕۆژنامەیەك ناخوێنەوە، بەلایانەوە ئاسایە دە دەقیقە لە وانەكە بڕوات نەچنە دەرس، بەڵام یەك خولەك درەنگتر لە پۆل نامێنەوە، بە دەگمەن تیایان دایە قوتابییان فێری گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی بكەن، لە دانیشتنی زۆربەیاندا، باسی هەموو شتێك دەكرێت، خوێندن و فێركردن و پەروەردە نەبێت، بگرە هەندێك بابەت باس دەكەن، مرۆڤ بەلایەوە سەیر دەكەوێتەوە ئەو باسانە هەر باس بكرێن چونكە لە ئاست پێگە و كەسیەتی و ڕۆڵی مامۆستا لە كۆمەڵگە نییە. هەر بۆ نموونە، گومان دەكەم دووسەد مامۆستا، ئەو كتێبە گرنگەیان خوێندبێتەوە، كە ئێستا من ڕانانی بۆ دەكەم، بۆیە دەبێ مامۆستایان، نموونەی ڕەفتار بەرزی و هوشیاری باڵاو تێگەیشتنی بەرزی نەتەوەیی و هزریانە و نیشتمانیانە بن. هەر لە میانەی ڕەفتارەكانی مامۆستادا، نووسەر باس لەوە دەكات،كە دەبێ مامۆستا بەهەموو جۆرێك دووركەوێتەوە لەو ڕەفتارانەی قوتابی دەشكێنەوە و نابێ دەروون و جەستە و رۆحی قوتابیان ئازار بدات، بەڵكو ئەگەر هەڵەیەكیشیان كرد، ئەوا دەبێ بۆیان ڕاست بكرێتەوە، چونكە نەوەی داهاتوون و ئاییندە بەوانەوە بەندە. دواجار دەڵێم، خوێندنەوەی ئەو كتێبە و ئاشنابوون بە ڕێگاكانی وانەوتنەوە، زۆر پێویست و گرنگە بۆ مامۆستایان و دەستخۆشانە لە نووسەر دەكەم. 

* ناوی كتێب: ڕێگاكانی وانەوتنەوە، نووسراوی ڕەمەزان حەمەدەمین قادر، بڵاوكراوەی: كتێبخانەی سۆفیا _كۆیە 2021.

ھەواڵی زیاتر