سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

کەشناسی هەرێم رەوشی کەش و هەوای ئەمڕۆ و سبەی راگەیاند

کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە و سبەی سێشەممەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، بارانبارین تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و پاشان کەشەکە جێگیر دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە کەشی ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ بروسکە و تاوەبارانی جیاجیا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی هەرێم ( پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی)، هەروەها لە ناوچەشاخاوییە سنوورییەکانی باکوری خۆرهەڵات دابارین زیاترە و بەشێوەی لێزمە باران  دەبێ، پاشان کەشەکە لە کاتەکانی ئێوارە جێگیر دەبێتەوە ئاسمان بۆ پەڵەهەور دەگۆرێت.

ڕاشیگەیاند:خێرایى با لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت (10- 20) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دەبێت، لە ناوچەکانی باشووری هەرێم کەمێک چالاکتر دەبێ و ئاراستەی با لە باکوری خۆرهەڵات بۆ  باکوری خۆرئاوا دەگۆرێت.

کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو کە پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلە بە بەراورد بە  تۆمارکراوەکانى ڕۆژى پێشوو. هاوکات مەوداى بینین /  ( 8 – 10) کیلۆمەتر دەبێت و لە کات و شوێنی دابارین لەنێوان ( 5 – 7) کیلۆمەتر دەبێت.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی سێشەممەش کەشناسی ڕایگەیاند: کەشی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و  پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە بە نزیکەی (1-2) پلە لە ناوچە جیاجیاکان بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ دووشەممە.

ڕاشیگەیاند: خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت (5 – 15) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک و ئاراستەی با لە باکوری  ڕۆژئاوا و مەوداى بینین لەنێوان ( 9 – 10 ) کیلۆمەتر دەبێت.

کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی سێشەممەشی بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:-

هەولێر     :  26 پلەى سیلیزى

سلێمانی    : 25 پلەى سیلیزى

دهۆک     :  25 پلەى سیلیزى

کەرکووک  : 29 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە   :  26 پلەى سیلیزى

زاخۆ      :  25 پلەى سیلیزى

سۆران    :  21 پلەى سیلیزى

گەرمیان  :  30 پلەى سیلیزى