سلێمان تاشان – ههولێر
هەرێمی کوردستان و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێوەندییەکی پتەویان لەگەڵیەکتردا هەیە و هەر دوو لایەن خوازیارن پەرەی زیاتر بەو پێوەندییانە بدەن و بەرپرسێکی ئەو وڵاتە پێی وایە پێوەندییەکان لە سەرووی پێوەندییەکی دۆستانەن وهەر بۆیەش ئەمەریکا ٨٠٠ ملیۆن دۆلار لە بنیاتنانی گەورەترین کونسوڵخانەی لە هەولێر خەرج دەکات.
هەرچەندە پێوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و کورد لە سەدەیڕابردوودا هەندێک هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە و کورد بیرەوەرییەکی تاڵی لەو پێوەندییانە لە ناوەراستی دەیەی هەفتای زایینی هەیە، بەڵام لە لانی کەم لە سێ دەیەیڕابردوودا پێوەندییەکان گۆڕاون و کورد و ئەمەریکا لە زۆر قۆناغداڕۆڵی هاوپەیمانێتییان لەگەڵیەکتردا هەبووە و ئەو هاوپەیمانێتییە تا اێستەش درێژەی هەیە.
جەنگییەکەمی کەنداو، ساڵی ١٩٩٠ کە لەسەر دەستی ئەمەریکا هەڵگیرسا، دەرفەتێکی زۆر زێڕین بوو بۆ کورد کە توانیی لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ بەشێکی گرنگ لە مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات و بۆیەکەم جار هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دابمەزرێنێت. پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمەریکا لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوتە قۆناغێکی نوێ و پتەو و ئەمەریکاڕۆڵی کارای هەبوو لە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکانی لە کورد و هەر لەسەر دەستی ئەمەریکاش لە ساڵی ١٩٩٨ـدا، کۆتایی بە شەڕی براکوژی هات و بە ناوبژیوانیی مادلین ئالبڕایت وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا،ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان مام جەلال و سەرۆک بارزانیدا مۆر کرا.
ساڵی ٢٠٠٣ لە جەنگی دووەمی کەنداودا، پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمەریکا پتەوتر بوون و بەرنامەی کورد بۆ حوکمڕانی داهاتووی عێراق و تێڕوانینی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ پرسیمافی مرۆڤ و ئازادییەکان و ڕۆڵی کارایان لە لاوازکردنیڕژێمی بەعس بووە بناغەیەکی گرینگ بۆڕووخانیڕژێمی بەعس و دامەزراندنی عێراقی نوێی فیدراڵ.
کورد کە ئەزموونێکی زیاتری لەچاو پێکهاتەکانی تری عێراق هەبوو،ڕۆڵییەکلاکەرەوەی هەبوو لە دامەزراندنی سیستمی نوێی سیاسی عێراق و پاشان نووسینەوەی دەستوور و هەموو ئەوانەش ئەرکی هاوپەیمانانیان لە سەرپەرشتیکردنی کاتیی عێراق ئاسانتر کرد.
ئەو پێوەندییانە ساڵ بە ساڵ گەرمتر بوون و سەربازانی ئەمەریکا تەنیا لە هەرێمی کوردستان هەستیان بە ئاسایش و ئارامی دەکرد، کەچی لە ناوچەکانی تری عێراق دەبوونە ئامانجی هێرشەکان.
ساڵی ٢٠١٤ و بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش پێوەندییەکانی کورد و ئەمەریکا هەنگاوێکی تر بەرەو پێش چوون و ئەمەریکا بۆڕووبەڕووبونەوەی داعش هاتە سەر خەت و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردە هاوپەیمانێکی گرنگی جەنگی دژی تیرۆر.
یارمەتییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، هێز و توانای زیاتری بە پێشمەرگە بەخشی و بە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە لەڕێی هێزی ئاسمانییەوەیارمەتی پێشمەرگەی دا لە گۆڕەپانی جەنگ گەورەترین شکست بە داعش بێنێت. ئەمە جگە لەویارمەتییە دارایی و سەربازییانەی کە پێشکەشی هێزی پێشمەرگە کران و پێنج ساڵ دوای شکستی داعش لە عێراق هێشتا بەشێک لەویارمەتییانە بەردەامن و ئەمەریکا مانگانە بودجەیەکی تایبەتیی بۆ پێشمەرگە دابین کردووە.
پێوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان ئەوەندە بەرەو پێش چوون وای کرد ئەمەریکا بڕیار بدات گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە ئاستی هەموو جیهان لە هەولێر دابمەزرێنێت و نزیکەییەک ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بکات.
دوێنێ، هیرۆن هیکس سەرکونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر ئاشکرای کرد بە قەبارەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە بۆ بنیاتنانی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهان کە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە.
ئەو بەو وردی باسی نەکردووە کونسوڵخانەکە کەی بە تەواوی کۆتایی دێت، بەڵام پێداگری کرد لەوەی کە ئەمەریکا پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ دەدات . هەروەها دانی نا بەوەی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە پێوەندییەکی دۆستانە زۆر زیاترە و ئامانجیتان ئەوەیە زیاتریش پەرەی پێ بدەن.
هیکس ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە زۆر بواری وەک ئازادی و ژیان و خۆشگوزەرانی بەهای هاوبەشیان هەیە و هەر دوو لایەن دژی تیرۆریزم و دیکتاتۆری خەباتێکی زۆریان کردووە. سەرکونسوڵی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد هەموو هەوڵێکی خۆیان بەگەڕ دەخەن بۆ ئەوەی لەڕووی ئابووری و بازرگانی پێوەدنییەکان بەهێزتر بکەن و ببنە هۆی دابینکردنی هەلی نوێی کار لە هەرێمی کوردستان.
پێویستە بگوترێ هەرێمی کوردستان پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش داڕشتووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووەی پێکەوە کارکردن و هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ ئەمەریکادا هەیەتی چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا پێوەندییەکان زۆر بەهێزتر بن.