بەپێی شایستەی ھەڵبژادن، پشکی کورد چوار وەزارەت دەبێت لە کابینەکەی سوودانی

ڕائیب جادر – هەولێر

بڕیارە ئەم ھەفتەیە کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی، لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام بەھۆی ناکۆکییەکانی لایەنە شیعەکان لەو رۆژەدا سەرجەم وەزارەتەکان یەکلایی ناکرێنەوە و بەشێکیان دەمێنەوە بۆ کاتێکی دیکە.

ھەفتەیەک زیاترە محەمەد شیاع سوودانی بە فەرمی راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ھەرچەندە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی رایگەیاند کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژدا کابینەی نوێ پێکدەھێنن، بەڵام بەھۆی شەڕیان لەسەر وەزارەتەکان، چاوەڕوان ناکرێت ئەمە رووبدات.
رۆژی پێنجشەممە ١٣/١٠/٢٠٢٢ بە دەنگی ١٦٢ پەرلەمانتار لە گەڕی دووەمی دەنگدان، لەتیف رەشید، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق لە دوای رووخانی رژێمی سەدام، ھەڵبژێردرا، دوای کۆتایی ھاتنی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، کاندیدی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، راسپێردرا، کاندیدی ڕاسپێدراو دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا حکوومەت پێک بێنێت، خۆ ئەگەر نەیتوانی لەو ماوەیەدا حکوومەت پێک بێنێت، ئەوە کەسێکی دیکە ڕادەسپێردرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت.

لایەنەکان لەسەر وەزارەتەکان پێک نەهاتوون
کابینەکەی سوودانی لە ٢٤ وەزارەت پێکدێت و لایەنی شیعە لە کۆی وەزارەتەکان ١٢ وەزارەت، سوننە ٦ وەزارەت، کورد ٤ وەزارەت و دوو وەزارەتیش بە پێکھاتەکان دەدرێت، دابەشکاریی وەزارەت و دیاریکردنی بەربژێر، بەربەستی سەرەکی بەردەم محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتەکەی، کە کێشەی سەرەکیی نێو ھاوپەیمانیی چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی شیعەکان لە حکوومەتی نوێدا لەسەر وەزارەتی نەوتە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی دراوەتە دەست سوودانی تاوەکو لەگەڵ دوو وەزارەتی دیکە بەربژێری خۆی یەکلایی بکاتەوە، سوننە و کورد کێشەکانیان ھاوبەشە کە ناکۆکییەکانیان لەسەر یەک وەزارەتە لەنێوان بەرە جیاوازەکانیاندا لەو پشکەی بۆیان دیاریکراوە، ھەر ئەوەش وای کرد کە نەتوانێت لە رۆژی شەممە کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی حکوومەتی نوێ بکات، ئەمە لە کاتێکدایە پشکی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی بەگوێرەی کورسییەکانیان دەگاتە ١٢ وەزارەت کە سێیان سیادین، ئەوانیش نەوت و دارایی و ناوخۆن، پێنج وەزارەتیش دراونەتە سوننەکان کە بەر ھاوپەیمانێتیی سەروەری دەکەوێت سێیان بۆ تەقەدووم و دووانەکەی دیکەش بۆ عەزم دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لەم خولەدا ٣١ کورسی ھەیە، ھەر بۆیە پشکی پارتی لە حکوومەتی داھاتوو سێ وەزارەتە و سازشی لەسەر ناکات، وەزارەتەکانیش کە بۆ کورد دانراون بریتین لە دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگەیە، بەڵام کورد دەیەوێت جگە لەو وەزارەتانە ئەمجارە دەیانەوێت لە پۆستە ئەمنی و عەسکەرییەکان کورد پشکی بەرچاوی ھەبێت، ھەروەھا یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی بەشداریکردنی کورد لە حکوومەتەکەی سوودانی، گۆڕینی پارێزگاری ئێستای کەرکووکە بە پارێزگارێکی کورد. سیپان شێروانی، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر، گوتی؛ بەپێی شایستەی ھەڵبژادن، پشکی کورد چوار وەزارەت دەبێت لە کابینەکەی سوودانی، کە سێ وەزارەتیان بۆ پارتی و وەزارەتێکیش بۆ یەکێتی دەبێت.

داواکارییەکانی کورد
ئەو ئەندامەی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکراشی کرد:” بۆ پارتی کارنامەی کابینەکەی سوودانی گرنگترە لەوەی چ پۆستێک وەردەگرێت، لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ھەیە کە پرسە چارەنووسسازەکان و داخوازییەکانی ھەرێمی کوردستانیان تێدا جێگیرکراوە، پێویستە لە کارنامەی کابینەکەی سوودانیشدا رەنگبداتەوە، جێبەجێ کردنی دەستوور، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بابەتی پێشمەرگە، پرسی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەست بە مافە دەستووری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان لەو مەرجانەی کوردن بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراقدا”.

ھەواڵی زیاتر