بڕیارێکی پەروەردەی کەرکووک ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە

لە كەركووك لە قوتابخانەیەك كە دوو دەوامی خوێندنی كوردی تێدایە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركووك بڕیاریداوە لە ھەمان قوتابخانە دەوامی عەرەبی سێیەم بكاتەوە. ئەمەش نیگەرانی قوتابی و مامۆستایانی قوتابخانەكەی لێكەوتووەتەوە و دەڵێن، خۆی دوو دەوامی تێدایە بكرێتە سێ دەوام كاریگەری خراپی لەسەر خوێندن و پڕۆسەی پەروەردە دەبێت.

گەڕەكی شۆراوی کەرکووک یەکێکە لە گەڕەکە كوردنشینەکان، لەوێ قوتابخانەیەكی خوێندنی كوردی هەیە و دوو دەوامی سەرەتایی و ناوەندی تێدا دەكرێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركووكیش بڕیاریداوە لەهەمان قوتابخانەدا بۆ خوێندنی عەرەبی دەوامی سێیەم بکاتەوە، بڕیارەكە نیگەرانی مامۆستایانی قوتابخانەكەی لێكەوتووەتەوە و دەڵێن: ئەو هەنگاوە كاریگەرییەكانی خراپ دەبێت.

ئاشتی فارس، مامۆستایە لە قوتابخانەی شازەمان لە گەڕەکی شۆراو، کە بڕیارە دەوامی خوێندنی عەرەبی لێبکرێتەوە، ئەو دەڵێت: “ئێرە قوتابخانەی گەڕەکی خۆمانە و بە هیچ شێوەیەک رازی نین خوێندنی عەرەبی لە قوتابخانەکەمان بکرێتەوە، بە بێ وەرگرتنی راوبۆچوونی خەڵکی گەڕەکەکەمان ئەو بڕیارە دراوە”.

بڕیاری كردنەوەی قوتابخانە عەرەبییەكە هێشتا جێبەجێنەكراوە، خوێندنی كوردی لە كەركووك بە پلانی دەزانێت و دەڵێن سەرەتایەكی خراپە.

مامۆستا پەروین فاتح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری سەرەتایی بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “پرسیار ئەوەیە لە گەڕەکێکی کوردنشین خێرە قوتابخانەی عەرەبی دەکرێتەوە؟، کولتوور و زمان و خاک لێمان قبووڵ ناکات دەستبەرداری بین و بەرگری نەکەین، بێگومان ئەو بڕیارە کاریگەری نەرێنی دەبێت”.

گوتیشی: “ئەمساڵ ژمارەی قوتابی لە قوتابخانە کوردییەکان زیادیکردووە و سێ قوتابخانە و سێ باخچەی ساوایانمان کردووەتەوە”.

لە ماوەی پێنج ساڵی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركووك، مۆڵەتیداوە لەناو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک، زیاتر لە 35 قوتابخانەی بنەڕەتی و  دواناوەندی و باخچەی ساوایانی ئەهلی بە زمانی عەرەبی بکرێنەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش هێشتا خوێندنی كوردی پێشەنگە و بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵانە قوتابیانی كورد یەكەمەكانی سەرئاستی عێراقن.

خوێندنی كوردی لەمساڵدا ناوی زیاتر لە 11 هەزار قوتابی لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی تۆماركردووە، كە بەشێك لەو قوتابیانە لە خوێندنی عەرەبی گەڕاونەتەوە، ژمارەی قوتابخانەكانیشی ساڵ بە ساڵ لە زیادبوونن و دەرچووانی پۆلی 12ـەش دوو چانسی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە.

ھەواڵی زیاتر