سەرپێچی لەسەر یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی کەرکووك تۆمارکرا

لە یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی کەرکووك کە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتبوو، چەند سەرپێچییەك تۆمارکرا و لەلایەن فڕۆکەخانەی مەدینەی مونەوەرەوە، هۆشداری درایە هێڵی ئاسمانی عێراق.

لە نووسراوێكی فەرمیدا, ئیدارەی فڕۆکەخانەی مەدینەی مونەوەرە هێڵی ئاسمانی عێراقییان لە بوونی چەند سەرپێچییەك ئاگادارکردەوە کە لە یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی کەرکووکدا ئەنجامدرابوو، ئەوانیش:

– نەبەستنەوەی گەشتەکە بە سیستەمی ئۆتۆماتیکی بەجێهێشتن لە فڕۆکەخانە و تۆمارنەکردن و نەگەیشتنی داتاکانی (گەشتیاران، ستافی فڕۆکەکە، پاسپۆرت و سەنتەری ئەمنی گەشتیاران) بە فڕۆکەخانە.

– نەبوونی گەشتەکە لە خشتەی فڕۆکەخانەی مەدینەی مونەوەرە بەهۆی گۆڕانکارییەك لە نێوان شاری بەغدا و کەرکووکدا.

ئاماژەیان بەوەشدا، سەرپێچی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە سزای دارایی بەدوادا دێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار گەشتەکان بە سیستەمی ئۆتۆماتیکی بەجێهێشتنی فڕۆکەخانە ببەستنەوە پێش ئەوەی گەشتێکی دیکە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی شانشینی سعوودیە ئەنجامبدرێت.

حامد هاشم، بەرپرسی وێستگەی جەددە و مەدینەی مونەوەرە لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق کە لەسەر نووسراوەکە واژووی کردووە، تێیدا دەڵێت، “لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی فڕۆکەخانەی مەدینەی مونەوەرە هەوڵ دەدەین کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە سزای دارایی نەدرێت”.

ھەواڵی زیاتر