چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ڕێڤینگ ھرووری: بەھۆی ئاڵۆزییەکانی سنوور ١٢٤ گوندی سیدەکان چۆڵ کراون

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و بەدواداچوون بۆ تۆپبارانی ناوچەی سیدەکان ئاشکرای کرد، ھیچ بارەگایەکی حزبەکانی ڕۆژھەڵات لەو سنوورەی ھەرێمی کوردستان نییە و بەئامانجگرتنی خاک و خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھیچ بەھانەیەکی نییە.

ڕێڤینگ ھرووری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەھۆی ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور و تۆپباران و بۆردومانی ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران لە سنووری ناحیەی سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٢٤ گوند چۆڵ کراون و خەڵکی ئەو گوندانە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی سنوور و مەترسی لەسەر ژیانیان ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان و، وەک لیژنەی پەرلەمانی، سەردانی سنوورەکەمان کردووە و ھیچ بارەگایەکی حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەو ناوچەیە نییە.”

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە دەشڵێت: “ئەگەر وڵاتێک بییەوێت خاکی ھەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج ھیچ بەھانەیەک بۆ ئەو تاوانە نییە، چونکە بەوردی بەدواداچوونمان کردووە و بارەگای ھێزەکان لەو سنوورە نین.”

ھرووری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “چڕکردنەوەی بۆردومانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەھۆی خۆپێشاندانەکانی ئێستای ئەو وڵاتەوەیە و پەیوەندیی بە خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە نییە، خەڵکی ئێمەیش بەرپرس نین لە ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناو خاکی ئێران، لەبەر ئەوەیش ناکرێت لەپای بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان لە ئێران تۆڵە لە ھاووڵاتییانی سڤیلی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.”