ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بریار بوو ڕۆژی شەممە پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەمەد شەیاع سوودانی کۆ ببێتەوە، بەڵام وادەكەی بۆ ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دوا خراوە.
جوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەمەد شەیاع سوودانی کۆ ببێتەوە، بەڵام لەپێناو ڕێککەوتنی زیاتری لایەنەکان، كۆبوونەوەكە بۆ ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دوا خراوە.
لەبارەی ماوەی بەردەم کاندیدی ڕاسپێردراو گوتیشی: “بەپێی دەستوور، لەدوای ڕاسپاردنی بەربژێر بۆ سەرۆكی حكوومەت، 30 ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت و هێشتا کاتیشی لەبەردەمدا ماوە.”
لەبارەی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پۆستەکانیش گوتی: “گفتوگۆکان بەردەوامن، ئێمە وەک کورد چوار وەزارەتمان بەر دەکەوێت، لەنێو پارتی گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دەرەوەدا بەردەوامن و ئەگەر هەیە وەزارەتی دەرەوە بۆ پارتی بێت.”