پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئه‌ردۆغان: به‌نیازم نێوه‌ندگیری له‌نێوان پوتن و زێلینسكی بكه‌م

سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، بەنیازە نێوەندگیری لەنێوان هاوتا رووسی و ئۆکرانییەکەیدا بکات.

بە گوێره‌ی راپۆرتە میدیاییه‌كان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا، رایگەیاندووە، بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوودا  بە تەلەفۆن په‌یوەندی بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆکی ئۆکرانیا بکات و هەوڵبدات لەم رێگەیەوە کەناڵێکی دیپلۆماسی لەنێوانیاندا بکاتەوە.

ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کردووە، هەست دەکات هەڵویستی ڤلادیمیر پوتن بە بەراورد لەگەڵ رابردوو، زۆر نەرمتر بووە.

پێشتریش سەرۆکی تورکیا راگەیاندبوو، ئامانجی ئانکارا لەم نێوەندگیرییانەدا ئەوەیە، بە زووترین کات ئاگربەست لە ئۆکرانیا رابگەیەندرێت.

دووپاتیشیکردبووە، بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی خراپ، باشترە لەوەی شەڕ و خوێنڕێژی بەردەوام بێت.

له‌‌ 24ی شوباتی رابردوودا، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد، چه‌ندین گه‌ڕی گفتوگۆ له‌نێوان شانده‌كانی رووسیا و ئۆكرانیا بێ به‌رهه‌م به‌ڕێوه‌چوون و وێڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و جه‌نگه‌ كاریگه‌ری خراپیشی بۆسه‌ر بازاڕی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا دروستكردووه‌.