شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: دوای پێکهێنانی حکومەت بودجە بۆ دوو لیوا هاوبەشەکان دابین دەکرێت

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کان، باس له‌ دروستکردنی لیوا هاوبه‌شه‌کانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ده‌کات. ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو کە دوای پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق، بەڵێنی چاره‌سه‌ری گرفته‌کان دراوه و دەكەونە كار‌.

دوو لیوای هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان دروست کراون، سه‌رجه‌م کاره‌کانی ئه‌و دوو لیوایه‌ ته‌واو بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ دیاریکردنی بودجه‌یه‌ بۆیان، له‌گه‌ڵ بڕینه‌وه‌ی مووچه‌، که‌ تا ئێستا له ‌به‌غداوه‌ ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر نه‌دراوە.

لەم بارەیەوە، لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کان ڕاگەیاند: “بڕیار دراوه‌ دوای پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق، بابه‌تی لیوا هاوبه‌شه‌کان بێته‌ جێبه‌جێکردن و چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین له‌ کابینه‌ی نوێی حكوومەتی عێراقدا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیەیە‌ بدرێت.”

گوتیشی: “تا ئێستا هیچ گرفتمان نییه،‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا بابه‌تی مووچه‌یه‌ که‌ بۆیان ببڕدرێته‌وه‌، ده‌نا سه‌رجه‌م کاره‌کانی ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه‌ ته‌واو بووه.”