وه‌زیری ته‌ندروستی: بۆچوونی پزیشکی لەبارەی کۆڕۆنا تا ئێستا ڕوون نییە

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان و پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسین، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆچوونی پزیشكی له‌باره‌ی كۆرۆنا تا ئێستا روون نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ته‌واوی رێككاره‌كان و رێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكرێن.

دكتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، گرفتی ژه‌می یه‌كه‌م و دووه‌می وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، له‌ ته‌واوی جیهان و هه‌رێمی كورستان بێ كێشه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ژه‌می سێیه‌میش بۆ ته‌مه‌نێكن كه‌ تایبه‌تن، وه‌كو مرۆڤه‌ به‌ته‌مه‌ن و نه‌خۆشه‌كانه‌، ژه‌می سێیه‌می ڤاكسین بۆ هه‌موو كه‌س نییه‌.

راشیگه‌یاند، وه‌ك یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته‌ هه‌موو هاووڵاتیان ژه‌می یه‌كه‌م و دووه‌می ڤاكسین وه‌ربگرن، كه‌ تا ئێستا  (1.279.782) كه‌س هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینیان له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌.

روونیكرده‌وه‌، ژه‌مه‌ ڤاكسینه‌كان نێوانیان 21 رۆژه‌، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی ئه‌مڕۆش راگه‌ینرا، هه‌ڵمه‌تێكی نیشتیمانییه كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك گروپی گه‌ڕۆك‌ بۆ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم كراوه‌، تاوه‌كو قوتابییه‌كان و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ڤاكسین وه‌ربگرن.

گوتیشی: 46 هه‌زار تووشبووی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كان پێویستیان به‌ مانه‌وه‌ی هه‌بووه‌، له‌ كۆیی 360 هه‌زار كۆی تووشبووی دیكه‌، ته‌نیا 1090 نه‌خۆش له‌ چاودێری چڕی نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان ماینه‌وه‌.