سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕەحەتە لوقم.. ڕۆژگارێکی پڕ حەسرەتی کوردە کە لەنێوان ساڵانی (١٩٦٣- ١٩٩١) ڕوویان داوە

کتێبی :- ڕەحەتە لوقم

بابەت :- ڕۆمان

لاپەڕە :- 152

نووسینی :- زایەر عەبدوڵڵا

چاپخانەی :- ناوەندی ڕۆشنبیری ئاشتی

ساڵی :- ٢٠٢٢

ڕەحەتە لوقم، ڕۆمانی( زایەر عەبدوڵڵا)ـیە کە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئاشتی ئەرکی چاپی کێشاوە، ڕۆمانی ( ڕەحەتە لوقم ) جارێکیدی دەمانباتەوە گەڕەکی تەیراوەو ئێش و ئازارو ئاوات و خۆزگە و خەبات وتێکۆشانی پیاوە جوامێرەکان و ژنە سەلارو سەربەرزەکانی شەست و حەفتاو هەشتاکانی سەدەی ڕابردوی تەیراوەییەکانمان پێشان دەداتەوە، عەشقێکی تاک لایەنەی پڕ ئێش و ئازار، نەبوونی و قوڕبەسەری و دەردەسەری ژیانە سەختەکەی ئەوێ ڕۆژێمان بیر دەخاتەوە، بزانن حەلقومە سۆر ( ڕەحەت لوقم ) چ بەزمێک دەگێڕێ

ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی ڕۆژگارێکی پڕ حەسرەت و کێشە و مەینەتی میللەتی کوردە کەلەنێوان ساڵانی (١٩٦٣- ١٩٩١) ڕوویان داوە. 

ڕووداوەکان بەگشتی وەک شوێن لە گەڕەکی (تەیراوە)ـی هەولێر ڕوویان داوە، سەرەتا و دەستپێکی ڕووداو لە ڕۆمانەکە بەوە دەستپێدەکات کاتێک بنکەی پۆلیسی تەیراوە هەموویان بەیەکەوە خۆیان و تفاق و تفەنگەکانیان دەچنە شاخ و دەبنە پێشمەرگە، لەناو ئەو پۆلیسانەش فۆکس خراوەتە سەر ژیانی (عەتەوڵڵا تەیراوەیی) ئەو یەکێک بوو لەپۆلیسەکانی ببووە پێشمەرگە، کاتێک حزبی بەعس هەواڵەکە دەزانێ هەموو ئەو ژنە پۆلیسانە دەگرن و دەیانخەنە زیندانەوە، (بەگم)ی خێزانی عەتەوڵڵا یەکێک دەبێت لەو ژنانەی دەخرێتە زیندان، بەڵام بارودۆخی ئەو جیاوازە لەژنانی تر کەهاوزیندانین و لەگەڵ ئەو گیراون، بەهۆی ئەوەی زگی هەیە، ئەوەیە دوای ماوەیەک لەزیندان دەمێننەوە و شەوێک ژان دەیگرێت و منداڵەکەی دەبێت، دوای ماوەیەک (عەتەوڵڵا)ی مێردی لەڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕژێمی بەعس شەهید دەبێت و حزبی بەعس خێزانی عەتەوڵڵا لەزیندان ئازاد دەکەن، ئیتر (بەگم) خۆیی و کۆرپەلەکەی کە ناوی (غەریب)ـە، بێ چەتری باوکایەتی دەمێننەوە، بەڵام (بەگم) ژنێکی تابڵێی ئازا و چوست و چالاک و بە ورە بوو، لەسەر پێییەکانی خۆی وەستا و بەدیار غەریبی کۆرپەلەی دانیشت و شووی نەکردەوە، بەکارکردن لەحەمام و ماڵان کارەکەری دەکرد و بژێوی خۆیی و منداڵەکەی بەڕێوەدەبرد، ڕۆژگار هات و ڕۆیشت، غەریب گەورە بوو، کوڕێک بێ ئەوەی باوکی ببینێ، لەسۆزی باوکایەتی بێبەش، چونکە سێبەری باوکی لەسەر نەبوو دایکیشی لەبەر کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانە وەک پێویست ئاگاداری نەبوو ئیتر غەریب تووشی بەتووشی هاوڕێی خراپ دەبێ و مێردمنداڵێکی شەڕانگێز و بەجووڵەی لێدەردەچێت و لەگەنجیشدا سەرەڕۆ و عەجوول دەبێت و دەبێتە مەشڕوب خۆرێکی ئاڵودە بەیانەکان و شەڕاب و ڕەحەتە لوقم، ئیتر ڕۆژگارێکی ناخۆش و پڕ مەینەت و بەئێش و ئازار بەڕێ دەکات و هەتا ماوەکیش لەزیندان بەسەر دەبات و دواتر بە کەفالەتی سەرۆک جاشێک ئازاد دەکرێ بەو مەرجەی چەکی جاشایەتی بخاتە شانی و ئەویش قبوڵی دەکات. غەریب بە ژیانێکی ئاڵۆز و پڕ کێشەدا گوزەر دەکات، بێ باوکی و بێ کەسی دەیکاتە کەسێکی خراپ بۆ خۆی، دواتر بەهۆی بێ ئیش و کارییەوە ئەو شوێنەی ماڵی خۆی تێدایە کە حەسارە دەکاتە قومارخانە بۆ پەیداکردنی پارە، بەڵام دواجار هەموو ئەو پارانەش لەقومار کردن دەدۆڕێنێ، ڕووداوەکان زۆرن و ناکرێ لێرەوە هەموو شتێک بخەمە ڕوو، بەڵام لەم گێڕانەوەیەدا پەردە لەڕووی کۆمەڵێک بابەت و لایەن هەڵدراونەتەوە و باسیان لێوەکراوە وەک:(کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئاینی، هاوڕێییەتی، داب و نەریت، شەڕ و ماڵوێرانی) هەروەها ناوی دەیان کەسایەتی و ڕۆشنبیر و هونەرمەندی تەیراوەی تێدایە.

لایەنێکی گرنگ ئەوەیە کە لەڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا چۆن خەڵک کەوتە تاڵانكردن و سووتاندنی کەل وپەلی فەرمانگەکان، ڕووداو گەلێکی زۆر هەن و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن و پەلکێشی ناو ڕووداوەکانت دەکات، دەتوانن خوێنەری بن و هەموو ئەو کێشە و ڕووداوانە بخوێننەوە.

ئەم کاسبیەی غەریب و کەر و عارەبانەکەی خرا‌پ نەبوو

پارەی مەشڕوب و ڕەحەتە لوقم و جۆش بۆ کەرەکەی مسۆگەر دەبوو، ئیدی غەریب کردبوویە عادەت بە ڕۆژ حەمباڵی دەکرد و مەغریبان بەر لە تاریکی دەچوو دوو چارێگی عەرەق و جنی دەکڕی و دەگەڕایەوە ماڵێ، عارەبانەکەی لەبەر دەرگای حەسارێ بەجێدەهێشت و کەرەکەشی هەتا بنەبانی و پێش دەرگای ژوورەکەیان دەبرد و لەوێ دەیبەستەوە، هەینێ تەشتێکی جۆ دەهێنا و چارێگه عەرەقەکەی هەموو تێدەکرد و لەبەردەم کەرەکەی دادەنا . بەخۆشی سەری چارێگه جنەکەی دەکردەوە، هەر ئەو کاتیش کەرەکه دەمی لە تەشتە جۆیەکه هەڵنەدەگرت هەتا هەمووی هەڵدەلووشی، ئینجا بەزم خۆش دەبوو، غەریب و کەر هەردووک سەرخۆش، غەریب بە دەنگە نەشازەکەی دەمی دادەپچڕی و گۆرانیی دەگوت، کەرەکەش لەسەر هەوای گۆرانیەکانی غەریب دەستی بە زەڕە زەڕ دەکرد، خەڵکی حەسارێش دەدڕان لە پێکەنینان .